ئامادەكردنی : رەفعەت محەمەد _ كفری
عەتا ئیبراهیم (تەمەن 49 ساڵ) ئێستا, كەمێك هەست بە ئاسوودەیی دەكات بەوەی لە دوای سی و هەشت ساڵ لە پرۆسەكانی جینۆسایدی ئەنفال بۆ یەكەم جار ڕووبەڕووی جەلادە ناوبانگەكەی نوگرەسەلمان بوویەوە كە بەچاوی خۆی دەیبینی (عەجاج) ڕۆژانە بەو پەڕی لوتكەی سادیزمەوە چێژ لە ئەشكەنجەدان وئازاری گیراوانی كوردی گرتووخانەی نوگرە سەلمان دەدات .
عەتا دەڵێت : ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو (7/5/2026) بەلای من و كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال ڕۆژێكی مێژوویە بەوەی لە دوای 38 ساڵ ئێمەی قوربانی رووبەڕووی ئەو جەلادە بووین كە ڕۆژانە ئەشكەنجەی دەداین , ڕۆژی پێنج شەممە من بەتەنها لەناو ڕێڕەوەكەی (دادگای تاوانەكەی ڕەسافە) مامەوە و خۆم سەرقاڵ دەكرد بەوەی پەیوەندییەكی تەلەفونی دەكەم هەرچەند ئەفسەرێكی پۆلیسی عێراق هات بۆلام و پێی ووتك كە لەو شوێنە نەمێنم و بڕۆمە ناو هۆڵی دانیشتن , بە ئەفسەرەكەم ووت من كارمەندی پاسەوانی سنووری عێراقم مافمی ئەوەم هەیە وەك كارمەندێك لە كوێ بمەوێت تەلەفون بكەم دوای چەند خوولەكێك بینیم دوو پۆلیس عەجاجی تاوانباریان هێنا بۆ ناو دادگا و جلوبەرگێكی پرتەقاڵی لەبەر بوو , تووشی شۆك بوو م خۆمم پێ نەگیرا بەپەلەپەل خۆم كرد ناو هۆڵی دانیشتن و هاوارم كرد عەجاجیان عەجاجیان هێنا , ئەفسەرێك هاواری كرد بەسەرما ووتی بێ دەنگ بە و هێمنی هۆڵەكە بپارێزە , منیش بێ دەنگ بووم هەتا نۆرەم هات و بردمیانە ژووری دادگاییكردنی عەجاج , دوای (38ساڵ) جارێكی دیكە عەجاجم بینی و پێم ووت (ارفع راسك ارفع راسك , باوع علی وجهی ) بە دادوەرم وت : جەنابی دادوەر ئەم تاوانبارە زۆر ئەشكەنجەی ئێمە دەدا , ئێمەی بەبرسی دەكرد . خوشكێكم بە ناوی (ساهیرە ئیبراهیم) لەبەر برسێتی بەدەستی ئەم تاوانبارەوە گیانی لەدەستدا , ئەم تاوانبارە بە (كێبڵ) ئەشكەنجەی هەموو كەسێكی دەدا , بە كێبڵ دای بەسەر هاوڵاتی (ساڵح نەسرەدین _ خەڵكی گوندی سماق) بوو هەر لەو شوێنەی لێی دا , گیانی لەدەستدا , ئەم تاوانبارە تەنانەت مندالان و ژنانیشی بە عاموودی نێو گۆڕپانی گرتووخانەی نوگرە سەلمان دەبەستەوە بۆ چەندین كاتژمێر لەژێر هەتاوی خۆری هاوین ).
عەتا دەڵێت : (لە ڕۆژی دادگاییكردنی عەجاج , هەوڵم دا نەشەڵەژێم تاكو بتوانم ئەوەی لە دڵمدا بەو جەلادە بڵێم , پێم وت عەجاج تۆ لە 24 سەعاتدا تەنها یەك سەموونی ڕەقت دەدا بە ئێمە , لە ڕۆژێكدا دەیان كەس لە برسیا دەمردن , ئاوێكی پیس و ژەنگاوی و پڕ لە پیسی دەهێنا بۆ خواردنەوە تاكو هەموومان نەخۆش بكەوین و زووتر بمرین , دواتر خۆم پێ نەگیرا قیڕاندم بە ڕوویا ئەی بەعسی ئەی بەعسی , دادوەرەكە پێی ووتم : هێور بە با ڕێكاری یاسایی نەگرمە بەر بەرامبەرت)
عەتا بەردەوام دەبێت لەسەر وتەكانی و دەڵێت (من ئەو كات تەمەنم 12 ساڵان بوو كاتێك بەندكرام لە گرتووخانەی نوگرە سەلمان , هەندێ جار ئێمەی منداڵانی تەمەن بچووك لە هۆڵەكانی گرتووخانەكە, دەرئەكراین و یاریمان دەكرد لە نزیك دەرگاكە . زۆر جار عەجاجم دەبینی , زۆر دەسەڵاتی هەبوو لەناو گرتووخانەی نوگرە سەلمان . بە سۆپەرێك دەهاتە نزیك شوینی مانەوەی لە نهۆمی دووەم , ژوورەكەی زۆر نزیك بوو , لە هۆڵی گرتووخانەكەی ئێمە بۆیە ڕووخساری هەرگیز لەبیرم نەچووە , بۆ ماوەی چوار تا پێنج مانگ من ڕۆژانە عەجاجم دەبینی ,چەند جارێكیش كاری پاككردنەوەی ڕێڕەوی نهۆمی دووەم بە منداڵەكان پاك دەكردەوە )
عەتا لەدوا وتەكانیدا دەڵێت (خۆزگە . ڕۆژێكیش وەكو عەجاج , ئاوها جاش و موستەشارەكان دادگایی بكرێن چونكە ئەوانیش تاوانبارن)

