
بە گوێرەی زانیارییەكای رۆژنامەی سپۆرت، یانەی بەرشەلۆنە بۆ بەهێزكردنی پێگەی بەرگری، بیری لە گواستنەوەی دێنزێل دومفریسی هۆڵەندی، یاریزانی یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی كردووەتەوە.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لە نوێترین پێشهاتدا دومفرێس بەڕێوبەری كارەكانی گۆڕیوە، بەڕێوبەری كارەكانی ئێستای بەرگریكارە هۆڵەنەدییەكە خۆرخی مێندێسە، ئەویش پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ بەرشەلۆنە هەیە.
ئاشكراشیكردووە، مێندێس سەبارەت بە گرێبەستی ئەستێرە هۆڵەندییەكە گفتوگۆی لەگەڵ بلاوگرانا ئەنجامداوە، یانە كەتەلۆنییەكەش درك بەوە دەكات كە دەبێت گواستنەوەی دێنزێل خێراتر بكەن بەهۆی بەرزبوونەوەی شكاندنی بڕی گرێبەستەكەی.
باسی لەوەشكردووە، گرێبەستی ئەستێرە 29 ساڵەكە تا هاوینی 2028 درێژ دەبێتەوە، لە ئێستادا نرخی شكاندی تەنیا 25 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام لە دوو هەفتەی یەكەمی مانگی تەمموزدا ئەو بڕە بۆ 30 ملیۆن یۆرۆ زیاد دەكات.
دومفرێس لە پێگەی بەرگری راست یاریی دەكات، وەرزی رابردوو لەگەڵ ئینتەر میلان ئاستێكی نایابی پێشكەشكرد، بە بەشدارییكردن لە 45 یاریی توانی 11 گۆڵ و شەش ئەسیست تۆمار بكات.