لە هاوینی ساڵی رابردوودا یانەی بەرشەلۆنە هەوڵی گواستنەوەی نیكۆ ویلیامزی ئەستێرەی یانەی ئەتلەتیك بلباویدا بەهۆی ئەوەی لە جامی یۆرۆی 2024دا بە ئاستێكی زۆر نایابەوە دەركەوت.

لە نوێترین پێشهاتدا، رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویكردووەتەوە، بەرپرسانی یانە كەتەلۆنییەكە لە ئێستادا بە هیچ شێوەیەك بیرۆكەی ئەوەیان نییە كە جارێكیتر هەوڵی پەلكێش كردنی ئەو یاریزانە بدەن.

موندۆ ئاماژەی بەوەداوە كە كارگێڕی بەرشەلۆنە ترسیان لە دوو دڵی نیكۆ ویلیامز هەیە بەتایبەت كە ساڵی رابردوو رازینەبووە پەیوەندی بە یانەكەیانەوە بكات، بەهۆی ئەوەی ترسیان لەوەیە كە یانەكەیان نەتوانێت ناوی تۆمار بكات لە رابیتەی لا لیگا تا بتوانێت لە خولی ئیسپانیا یاری بكات بە پێچەوانەی دانی ئۆڵمۆ كە قوربانیدا لەپێناو پۆشینی درێسی یانەكەیان.

راشیگەیاندووە، لە ئێستادا بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە كار لەسەر ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ لویس دیاز دەكات ئەگەر یانەی لیڤەرپوڵ ئامادەبێت نرخی فرۆشتنی ئەو یاریزانە كەمبكاتەوە.