
لوكا مۆدریچی كڕواتی و ئەستێرەی ریاڵ مەدرید گرێبەستەكەی لەگەڵ ریاڵ مەدرید كۆتاییدێت و لە دوای جامی جیهانی یانەكان بە فەرمی ریزەكانی ئەو یانەیە جێدەهێڵێت.
لە ماوەی رابردووشدا ناوی ئەو یاریزانە بە چەندین یانەوە بەستراوەتەوە كە گرنگترینیان لە خولەكانی سعودیە و ئەمریكاوە بووە، بەڵام تا ئێستا داهاتووی بە نادیاری ماوەتەوە.
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاشكرایكردووە، یانەی گلاسكۆ رینجەرزی سكۆتلەندی چاودێری بارودۆخی لوكا مۆدریچ دەكەن و دەیانەوێت وەرزی داهاتوو درێسی یانەكەیان بپۆشێت.
موندۆ دەڵێت، ئەگەر داڤید ئەنچیلۆتی كوڕی كارلۆ ئەنچیلۆتی ببێتە راهێنەری فەرمی یانە سكۆتلەندییەكە ئەوا بە دڵنیاییەوە لەگەڵ مۆدریچ لەو یانەیە یەكدەگرنەوە چونكە ئەو راهێنەرە دەیەوێت یەكەم كاری ئەزمونی وەك راهێنەر لە گلاسكۆ رینجەرز دەستپێبكات.
رونیشیكردووەتەوە، چارەنووسی مۆدریچ بە كراوەیی ماوەتەوە بە شێوەیەك ئەگەری گەڕانەوەی بۆ یانەی منداڵی هەیە كە دینامۆ زەگرەبی كرواتیە، جگە لەوەش لەلایەن یانەی ئینتەر میامی ئەمریكیەوە گرنگی بە گواستنەوەی دەدرێت.