یانەی بوتافوگۆی بەڕازیلی لە پێگەی فەرمی خۆیدا رایگەیاند، لەگەل داڤید ئەنچیلۆتی ئیتاڵی كوڕی كارلۆ ئەنچیلۆتی گەیشتوونەتە رێككەوتن و راهێنەرە ئیتاڵییەكە بۆ یەك وەرز و تا هاوینی 2026 ئەركی سەرپەرشتی یانەكەیان وەردەگرێت.

یانەكە دووپاتیشیكردەوە، لەسەر بنەمای گەنجی و توانا و لێهاتوویی و بە پەرۆشی بۆ داهێنان، داڤید ئەنچیلۆتییان كردووە بە راهێنەری یانەكەیان، هەروەها پێیان وایە لەگەڵ پلانەكانی بوتافوگۆ دەگونجێت.

باسیان لەوەشكردووە، داڤید ماوەیەكی زۆر یاریدەدەری كارلۆ ئەنچیلۆتی باوكی بووە و لە چەندین یانەی گەورەی وەك ریاڵ مەدرید و بایرن میونشن كاری كردووە، ئەوەش لایەنێكی دیكەی ئەرێنی ئەو راهێنەرەیە.

داڤید ئەنچیلۆتی تەمەنی 35 ساڵە، بە شێوەیەكی ئەكادیمی بڕوانامەكانی بوون بە راهێنەری پرۆفیشناڵی تەواو كردووە، بەڵام هەرگیز وەك یاریزانی پیشەگەر یاریی نەكردووە.