
رۆژنامەی ماركای ئیسپانی بڵاویكردەوە، دوای یەكەم ئەركی لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید شتەكان زۆر ڕوون بوونەتەوە بۆ چابی ئەلۆنسۆ لە یانەی ڕیال مەدرید، كارگێری یانەكەش ئەنجامی لە راهێنەرەكە دەوێت.
رۆژنامەكە باسی لەوەشكردووە، ڕاهێنەرەكە بەڕوونی ئاگاداركرایەوە كە دەبێت بەبێ دوودڵی بڕیار بدات، تەنانەت بۆ بچوكترین شتیش، تیپەكەش پابەند دەبێت بە بڕیارەكانییەوە.
ماركا دەڵێت؛ لەدوای رۆیشتنی لوكاس ڤاسكێز و لوكا مۆدریچ قۆناغی نوێ لە مێرەنگێ دەستپێدەكات، دەبێت ئەلۆنسۆ لە دیدگای خۆیەوە تیپەكە دابڕێژێت، هیچ بەربەستێكیش لە بەردەمیدا نابێت.
ئەوەشی ئاشكراكردووە، ئەو ئازادكردنەی راهێنەرە ئیسپانییەكە بە بڕیاری فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەكەیە، بەڵام لەگەڵ ئەو بڕیارەی ئەوەشی راگەیاندووە كە ئەو ئەنجامی لە ئەلۆنسۆ دەوێت و دەبێت یانەكەی بخاتە سەر رێگای راست.
ئەلۆنسۆ پێش دەستپێكردنی مۆندیالی یانەكان ئەركی راهێنەرایەتی ریاڵ مەدریدی گرتە دەست و جێگای كارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی گرتەوە، گرێبەستیشی لەگەڵ یانەی شاهانە تا 2028 درێژدەبێتەوە.