
پاش ئەوەی بەفەرمی كریستیانۆ رۆناڵدۆ رایگەیاند سەرەرای ئەوەی چەندین گرێبەستی پێشكەشكراوە، بەڵام بڕیاریداوە لە جامی جیهانی یانەكان یاری بۆ هیچ یانەیەك ئەنجام نەدات.
رۆژنامەی ئاس راپۆرتێكی سەبارەت بە ئامادەنەبوونی ئەستێرە پورتوگالییەكە لەو پاڵەوانێتییەدا بڵاوكردووەتەوە، كە تێیدا نەبوونی ئەو یاریزانە كاریگەری خراپی دروست دەكات و لە گرنگی جامەكە كەم دەكاتەوە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە ئامادەبوونی رۆناڵدۆ لەهەر پاڵەوانێتییەك واتە بەرزبوونەوەی رێژەی بینەر بەپێچەوانەشەوە دەبێتە هۆی لەدەستدانی هاندەرانی ئەو یاریزانە، كە لە ئێستادا یەكێتی تۆپی پێی جیهان كێشەی فرۆشتنی بلیتەكانی یاری دەستپێكی بۆ دروستبووە و بەجۆرێك تەنها سەدا 25ی فرۆشتووە.
لەلایەكیترەوە نەبوونی رۆناڵدۆ كاریگەری لەسەر ڕكابەری بردنەوەی نازناوەكە دروست دەكات، چونكە یاریزانەكە سەڕەڕای هەڵكشانی تەمەنی بەڵام لە ئێستاشدا یەكێكە لە باشترین یاریزانەكانی جیهان.