ڕۆناڵدۆ زیاتر لە 20 ساڵە لە لوتكەی تۆپی پێی جیهاندایە، ئەستێرەیەك كە بە خێرایی بوو بە ناوێكی گەورە دوای جێهێشتنی سپۆرتینگ و پەیوەندیكردن بە مانچستەر یونایتدەوە لە ساڵی 2003، ڕیكۆردی بێشوماری شكاند لە ماوەی یاریكردنی لەگەڵ یونایتد، ڕیاڵ مەدرید، یۆڤانتۆس و ئێستاش لە خولی رۆشەنی سعودیە لەگەڵ یانەی نەسڕ یاریدەكات.

یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی سەركەوتنی درێژخایەنی ڕۆناڵدۆ، دووركەوتنەوە بووە لە پێكانە قورسەكان بە درێژایی ژیانی تۆپی پێی، هەروەها سیستەمێكی تایبەتی پەیڕوەكردووە بۆ خواردنو راهێنانكردنی تا بتوانێت توانای جەستەی خۆی بپارێزێت.

لە لێدوانێكیدا بۆ سكای سپۆرت سەبارەت بە ئاستی یاریزانەكە، كاسترۆی راهێنەری پێشووی نەسڕ، وتی: كاركردن لەگەڵ باشترین یاریزانی جیهان جێگەی خۆشحاڵییە، كریستیانۆ خشتەی ڕۆژانەی ڕێكوپێكی هەیە، كلتورێكی مەشقكردنی چەسپاوی هەیە، گرنگییەكی زۆر بە كاتەكانی راهێنانكردن دەدات ئەوەش وایكردووە ئەركی ئاسانتر بێت.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ڕۆناڵدۆ لە یاریزانانی دیكەی جیهان جیادەكاتەوە، راهێنەرەكەی پێشووی نەسڕ وتی: ئەوەی ڕۆناڵدۆ جیادەكاتەوە ئەوەیە كە پێش ڕاهێنان و دوای ڕاهێنانەكان دەیكات، ئەوەی پێی دەڵێن ڕاهێنانی نەبینراو، ڕەفتارەكانی بە تەواوی لەگەڵ ئاستی وەرزشیدا گونجاوە، گرنگییەكی زۆر بە رێجیمكردن و خەوتنی دەدات، ئەمانەش هۆكاری تەمەندرێژی ئەم ئەستێرەیەن لە تۆپی پێدا.