
دوای وەرزێكی ناوازە لەلایەن عوسمان دێمبلی یاریزانی باڵی فەرەنسی، پاریس سان جێرمان بڕیارێكی چاوەڕواننەكراوی دا بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی لە ریزەكانیدا.
ماڵپەڕی 90 مینت بڵاویكردەوە، ناسر خلێفی سەرۆكی یانەكە یەكێك لە گەورەترین ئۆفەرەكانی خستووەتە بەردەم عوسمان دێمبلی بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی.
باسی لەوەشكردووە، سەرۆكی پاریس سان جێرمان موچەیەكی خەیاڵی بۆ ئەستێرە فەرەنسیەكە دابیندەكات كە بەهاكەی لە مێژووی یانەكەدا سەرسامكەرە، ئەوەش لە پێناو پارێزگاریكردن لەو یاریزانە لە یانە گەورەكانی پریمەر لیگ.
ناسر خلێفی دەیەوێت مووچەی ساڵانەی دێمبلی دوو هێندە زیاد بكات و بیكات بە 30 ملیۆن یۆرۆ، ئەمەش لە هەوڵێكدایە بۆ پووچەڵكردنەوەی ئۆفەرەكانی لیڤەرپوول و چێڵسی كە ئارەزووی گواستنەوەی ئەو یاریزانەیان نیشانداوە.
دێمبلی تەمەن 28 ساڵ تا هاوینی 2028 گرێبەستی لەگەڵ پاریس هەیە، بەڵام یانەكە پێشنیاری درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی بۆ دوو ساڵ تا ساڵی 2030 كردووە.