لە یارییەكانی هەفتەی 14یەمی خولی ئەمریكا، ئینتەر میامی لە یاریگای خۆیدا میوانداری ئۆرلاندۆ سیتی كرد.

لە تایمی یەكەم، میامی زیاتر تۆپی لەلابوو بەڵام هێرشەكانی یانەی میوان مەترسیدارتر بوون و لە خولەكی 43 لە رێگای موریێلەوە گۆڵی یەكەمیان تۆماركرد و ئەو تایمەش بەو ئەنجامە كۆتایی پێهات.

لە تایمی دووەم، دووبارە كوڕانی ئۆرلاندۆ سەرەتایەكی باشتریان هەبوو، لە خولەكی 53ش پاسالیچ گۆڵی دووەمی بۆ تۆماركردن، پاش ئەوەش هەوڵەكانی میامی بۆ یەكسانكردنەوەی ئەنجامەكە بەردەوام بوو بەڵام نەك تەنها سەركەوتوو نەبوون بەڵكو لە خولەكی چواری كاتی زیادكراو گۆڵی سێیەمیشیان لە رێگای تۆرهاڵسۆنەوە لێ تۆماركرا.

سەرەنجامیش یارییەكە بە بردنەوەی ئۆرلاندۆ كۆتایی پێهات و خاڵەكانیان بەرزكردەوە بۆ 24 خاڵ لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی، ئینتەر میامیش 22 خاڵی هەیە لە پلەی شەشەم.