
عومەر خدر كاكیل
لە زۆر بوار و سێكتەرەکاندا (ڕێبەر) ڕۆل و كاریگەرییەکى باشی لە ناساندن و بەرەو پێشبردنی كارەكاندا، بەتایبەتیش لە بواری گەشتوگوزار و كشتكوكاڵ و زۆربەى بوارە ئابوورییەکانى تردا هەیە، بۆیە زۆربەى وڵاتان بایەخ بەو لایەنانە دەدەن و ڕێبەرى تایبەتییان بۆ دروستکردوون، بەتایبەتیش لەبواری گەشتیاریدا، دەیان ڕێبەری ڕازاوەیان بۆ شوێنە گەشتیارییەكانیان ڕازاندۆتەوە و بە زمانی جیاجیا چاپیان كردوە، كە لەلایەك گەشتیاران ئەو ڕێبەرانە وەك چاوساخێك لەگەشتەكانیاندا بەكاردەهێنن و پشتی پێدەبەستن، لەلایەكی تر ئامڕازێكیشە بۆ پڕوپاگەندە و ڕاكێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ ناوچەكانیان.
هەرێمی كوردستانیش وەك ناوچەیەكی گەشتیاری پێویستی بەو جۆرە ڕێبەرانە هەیە، دیارە لەهەموو بوارەكانی گەشت و گوزار، بەشێوەیەكی سەرەتایی هەنگاوی چاپكردن و بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە ڕێبەرانە نراوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی پێویستییەكان پڕ بكاتەوە كەرتی گەشتیاری وەكو پێویست بەدنیا بناسێنێت.
وەرزشی شاخڕەوی، یاخود ڕۆیشتن لەكەژو كێوەكان و وەك هەوڵێك بۆ گەڕانەوە بۆ سروشت و جۆرێك لە جۆرەكانی گەشتیاری، ماوەیەكە لەهەرێمی كوردستان برەوی سەندووەو گرووپ و كۆمەڵەی شاخڕەوی جیاجیاو لەهەموو تەمەن و ڕەگەزەكان دروستبوون و بایەخ بەو وەرزشە لە هەڵكشاندایە، خەمخۆرانی ئەم بوارەش پەیتا پەیتا هەوڵدەدەن ئەو شوێنانەی بۆی دەچن، بە خەڵكانی تر بناسێنن و سەرنجییان بۆ ئەو جۆرە گەشتیارییە ڕابكێشن، لەم بارەیەشەوە، جێپەنجەی هەر یەك لە نووسەر و شارەزای گەشتوگوزار (نادر ڕۆستی) و هەروەها نووسەر و شاخڕەو (محەمەد باوەكر)و (فیدراسیۆنی شاخەوانی) و (محەمەد چاوشین) لە قەڵادزێ بەجوانی دیارە.
منیش وەك هونەرمەندێكی بواری فۆتۆگرافی، كە ماوەیەكی زۆرە خەریكی ئەو وەرزشەم و هەر دیمەنێكی جوان سەرنجی ڕاكێشابم وێنەكەیم چركاندووە، بە باشم زانی بۆ بەرچاوڕونی شاخڕەوان و شارەزابوون بە چیای سەفین، ڕێبەرێكی شاخڕەوی چاپ و بڵاو بكەمەوە، ئەوەبوو دوای چەندین ساڵ گەشت كردن بۆئەو چیایەو شارەزابوون لە زۆربەی ڕێگە و لوتكەكانی و چركاندنی دەیان و بگرە سەدان وێنەی دانسقەو جوان لە هەموو گەلی و لوتكەو دۆڵ و شیوەكان ولە هەموو وەرزەكانی ساڵ، ئەم ڕێبەرە وەك یەكەمین ڕیبەری شاخڕەوی بە دیزاینێكی جوان و بە فۆتۆی ڕەنگاوڕەنگ بە هەردوو زمانی كوردی و ئینگلیزی هاتە بەرهەم.
ڕێبەرەكە لە چەند تەوەرەیەك پێك دێت، سەرەتا بە كورتەیەك باسی هەڵكەوتەی جوگرافی چیاكەم كردوە، ئینجا دیاریكردنی هەموو ئەو گوند و شارەدێیانەی كەوتوونەتە بناری چیاكە و هاوكات ئاماژەبەو گەلی و دۆڵ و شیوانەی لە هەردوو بەری نسار و بەری ڕۆژی چیاكە بەناوەكانی خۆیانەوە كراوە.
بەكورتی باسی ئەو گەلی و ڕێڕەوانەم كردووە، كە شاخڕەوان تا ئێستا بۆ شاخڕەوی بەكاریدەهێنن، هەر لە درێژی ڕێرەوەكان بە كیلۆمەتر و گۆشە و پلەی بەرزی تا دەگاتە لوتكە و ناوی لوتكەكان و بەرزیەكانیان، بۆ ڕێرەوەكانیش هێلكاری مانگی دەستكردی تایبەتی خۆیم بۆ داناوە. هەروەها ناوی زۆربەی زۆری كانیەكانی هەردوو دیوی چیایەكەم نووسیوە، لەپاڵ ئەمەدا وێنە و ناوی بەشی زۆری ئەو گژوگیا بەهاریانەی لە چیاكە هەن و ئەو گوڵ و گوڵزارانەی وەرزەكانی ساڵی سەفین جوانتر دەكەن نوسراوەو وێنەكانیان دانراوە، ناوی زۆربەی ئەو پەلەوەر و بولبول و ئاژەڵە كیویانەشم هێناوە، كە ئێستا لە چیاكە ماون و بەرچاو دەكەون.
شایەنی وتنە بەچاپگەیاندنی ئەم ڕیبەرە لەسەر ئەركی خۆم لە دەزگای فام بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە بە پێوانەی 15 بە 23سم و 103 لاپەڕە، لە دیزایینی (عەبدوڵا رەفیق) بە وەرەقەی ئارتیڕەنگاوڕەنگ چاپ كراوە..