
هیچ وێنەیەكی فەرمی بڵاونەكرایەوە كاتێك لامین یامال گرێبەستە نوێیەكەی لەگەڵ بەرشەلۆنە واژۆ كرد، ئەمەش ڕووداوێكی نائاساییە و ئەو میدیایانەی سەرسام كرد كە ڕاستەوخۆ یان لە دوورەوە رووماڵی چالاكییەكەیان دەكرد، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە گرێبەستەكە یەكێك بووە لە گرنگترین گرێبەستەكان بۆ بەرشەلۆنە بە تایبەتی و تۆپی پێش بە گشتی.
بەپێی بڵاوكراوەیەكی رۆژنامەی سپۆرت، یاریزانەكە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ خێزانەكەی هەیە و دڵنیایی لەسەر ئەوەداوە بە ئامادەبوونی ئەوان وێنەی نوێكردنەوەكە دەگرێت بەڵام لە كاتی واژۆكردنی گرێبەستە نوێیەكەی نەنكی ئامادەنەبووە و ئەمەش وایكردووە یاریزانەكە مەراسیمەكە دوابخات.
لە ئێستاشدا وابڕیارە لە 13ی مانگی تەمموز مەراسیمی نوێكردنەوەی گرێبەستی یاریزانەكە بەڕێوەبچێت، ئەوكات دەتوانێت لەگەڵ تەواوی خێزانەكەی ئامادەبێت، بە تایبەتی نەنكی كە پەیوەندییەكی بەهێزیان هەیە پێكەوە، ئەگەری زۆریشە لەگەڵ رۆیشتنی فاتی بۆ مۆناكۆ درێسی ژمارە 10 بدرێت بە یاماڵ.