
بەگوێرەی ڕۆژنامەی عوكازی سعودی، دواجار كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بڕیاریدا بەردەوام بێت لەگەڵ نەسڕی سعودی، بەمەش كۆتایی بە هەموو ئەو قسە و باسانە هێنا كە لە سەرەتای مانگی ئایارەوە لە دەوری داهاتوویدا بوون.
دۆن بە توندی هەموو ئۆفەرەكانی یانە سعودییەكان و نێودەوڵەتییەكانی ڕەتكردووەتەوە، هەروەها تیمی بازرگانی و كۆمپانیای ماركێتینگەكەی ڕێنمایی كردووە كە هەر دانوستانێك بۆ ئێستا دابخەن.
ڕۆژنامەكە ئاشكراشیكردووە، ڕۆناڵدۆ لە پشووی هاوینەدا ڕۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە بەهێزكردنی توانا تەكنیكییەكانی تیپەكە، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی یانەكەی.
رۆژنامەكە پشتراستیكردووەتەوە، كریستیانۆ لەگەڵ هاونیشتمانیانی پێدرۆ لویس و بەڕێوەبەری وەرزشی ئیسپانی فێرناندۆ هیێرۆ كاردەكات، بۆ پشتگیریكردنی تیپەكە بە گرێبەستكردن لەگەڵ چەندین یاریزانی بیانی.
ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان هێرشبەرە پورتوگالیەكە و ژمارەیەك یاریزانی ئەوروپی هەبووە، كە ئارەزووی خۆیان بۆ نوێنەرایەتیكردنی یانەی نەسر لە وەرزی داهاتوودا دەربڕیوە.