
چمکی ئارامی بگرە
بەچاوەڕوانیدا خۆت هەڵواسە
لەلانکی خاکدا پشوودە
نیشتمان بکە بەتاسه
ئالوودەبوون شانت شلدەکا
هەودابوون دەتباتە ڕچەڕێ
چەند پەرۆشی ئازادی بیت
لەتوێی زامی کەرتە شاخا
ناوت بەنەمریی دەنووسرێ
وەرگەڕێ بەسەر لوتکەی هیوادا
لەشاتووی ئاڵادا
بەدەسرازەی جاویدانی
بەپێڵووی لوتکە خۆت بپێچەوە
کاروان موریدی هەڵوەستەیە
شەو بەدەسماڵی گزنگ داپۆشە
بەرەو گریانی ئاسمان سەرکەوە
سروودێک سوور
ئاوازێک کەسک
گۆرانیەکی تاڵ
لەگەرووی چیاکان وەردە
تەماشاکە ڕێبازەکان
خنکان و مردنی کوردە
لەنەرمە با بپرسە
تەرزە چۆن هەڵدەپەڕێ و
شەختە لەژێر پێدا دەشکێ
باران بۆ سەر دەدا لەچیاکان
بەفر برینی لوتکە ماچ دەکا
بۆ نەخشەی ئەم نیشتمانە
کتوو مت هەر لەخاچ دەکا
تێدەگەیت فرمێسک
چۆن چاوان دەشواتەوە
گڵ هەناسەی چڵ و کێوان دەخواتەوە
سەرێک لەسەری ڕەش بدەو
وەرەوە بۆ گەرمیانەکەت
ئینجا دەزانی ـ کێ دۆستەو
کێ دەستی خستۆتە گەرووی
دارو بەردو
ئاوی خوێناوی خاکەکەت
ستار ئەحمەد