
بە گوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی ستاری توركی، یانەی نەسڕی سعودی بۆ تەواوكردنی پێكهاتەكەی هەوڵی گواستنەوەی یوسف نەسیری مەغریبی دەدات لە هاوینی داهاتوو.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەكردووە، یانە سعودییەكە هێرشبەرە مەغریبیەكەی بە ئامانجی لە پێشینە داناوە و ئامادەیە 40 ملیۆن یۆرۆ تەرخان بكات بۆ بەدەستهێنانی تواناكانی.
دوپاتیشیدەكاتەوە، یانەی فەنارباخچە ئامادەیە بەو ئۆفەرە دەستبەرداری نەسیری ببێت، هەروەها لە ئێستاوە دەستی كردووە بە گەڕان بەدوای یاریزانێكی دیكەی جێگرەوەی.
یوسف نەسیری تەمەنی 29 ساڵە و گرێبەستەكەی تا هاوینی 2029 لەگەڵ یانە توركیەكەی درێژ دەبێتەوە، لەم وەرزەشدا لە كۆی 46 یاریی 26 گۆڵ و شەش ئەسیستی كردووە.