
لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە 31ی مانگی 12ی ئەمساڵ گرێبەستەكەی لەگەڵ ئینتەر میامی تەواو دەبێت و میدیاكانیش بەردەوام بە شێوازی جیاواز باسیان لە ئەگەرەكانی داهاتووی ئەو یاریزانە دەكەن كە یەكێكیان گەڕانەوەیە بۆ بەرشەلۆنە.
لە نوێترین پێشهاتدا، رۆژنامەی ماركای ئیسپانی بڵاویكردەوە كە چەند ئەگەرێك لەبەردەم ئەستێرە ئەرجەنتینیەكەدایە بۆ داهاتووی كە یەكەمیان مانەوەیە لە یانەی ئینتەر میامی تا كاتی وازهێنانی یەكجاری لە یاریكردن و ئەوەش ئەگەرێكی بەهێزە بەهۆی ئەوەی هەست بە دڵخۆشی دەكات بە بوونی سێرجی بوسكێت و لویس سوارێز و جۆردی ئەلبا لەگەڵ ماسكێرانۆی راهێنەر.
ماركا نوسیویەتی، دوو ئەگەری تریش بریتین گەڕانەوە بۆ یانەی بەرشەلۆنە یان نیوڵز ئۆڵد بۆیز بە شێوەیەك هاندەرانی یانە كەتەلۆنییەكە تا ئەم ساتەش خەونی ئەوەیان هەیە جارێكیتر میسی درێسی یانەكەیان بپۆشێتەوە ئەگەر تەنانەت بۆ ماوەی تەنها شەش مانگیش بێت، لە كاتێكدا بەرپرسانی نیوڵز ئۆڵد بۆیزیش دەیانەوێت بیگەڕێننەوە تا لە یانەكەیان ئامادەكاری بۆ بەشداریكردن لە مۆندیالی داهاتوو بكات.
دەشڵێت، بژاردەكانی تری بەردەم میسی ئەوەیە كە بچێتە یەكێك لە یانەكانی خولی سعودیە یان ژاپۆن بەڵام كۆتا بژاردەی ئەو یاریزانە مەترسیدارە ئەویش ئەوەیە كە دوای جامی جیهانی یانەكانی ئەمساڵ بە یەكجاری وازهێنانی خۆی لە تۆپی پێ رابگەیەنێت و بەوەش بەشداری یارییەكانی مۆندیالی 2026 ناكات.