رۆبینیۆ لە زیندان پێڵاو بە قەرز وەردەگرێت تا یاریی پێوەبكات و بۆ دابینكردنی بژێوی و كەمكردنەوەی سزاكەی كاری پاككردنەوە دەكات.

ماوەی ساڵێكە رۆبینیۆی ئەستێرەی پێشووی ئەی سی میلان و ریاڵ مەدرید خراوەتە زیندانەوە بە تۆمەتی دەستدرێژی سێكسی بە كۆمەڵ كە لە ساڵی 2013ـدا ئەنجامیداوە.

ئەو یاریزانە بەڕازیلییە سزای نۆ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە، لە كاتێكدا تا ئێستا تۆمەتەكان رەتدەكاتەوە و پارێزەرەكانی بەردەوام لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بێ تاوانی بسەلمێنن، بەڵام سەركەوتوو نەبوون.

بە گوێرەی زانیارییەكانی تۆڕی سكای سپۆرت، رۆبینیۆ ژیانێكی سەخت لە زیندانەكاندا بەسەر دەبات و لە ژوورێكی هەشت مەتری لەگەڵ زیندانییەكی دیكەی تەمەن 22 ساڵدایە كە ئەویش بە تۆمەتی دەستدرێژی سێكسی دەستگیركراوە.

سكای ئاشكرایكردووە، ئەو یاریزانە لە زیندانەكاندا پێڵاو بە قەرز وەردەگرێت تا یاریی تۆپی پێی پێوەبكات، هەروەها كاری پاككردنەوە دەكات بۆ دابینكردنی بژێوی و كەمكردنەوەی سزاكەی، لەبەر ئەوەی 12 كاتژمێر كاركردن سزاكەی یەك رۆژ كەمدەكاتەوە.