
ڕۆژ هەڵەبجەیی
کە جگەرە لاسایی شەو دەکاتەوە،
لە کۆڵانەکانی ئاسماندا
تاریکی دەچێنێ،
کە تاریکی باڵ دەگرێ و
لاسایی فڕین دەکاتەوە،
تەنها هاوڕێیەکی هەیە،
ئەویش شەمشەمەکوێرە !
کە مانگ لە حەوشەکانی ئاسماندا،نان دەخوا
کەناری ئەندێشەیان لە قەفەس دەکەنەوەو
دەبنە ئەسیری شەو
چۆلەکە دەست هەڵدەگرن،
لە ڕێنووسی هێلانە و
نیگەرانی پاک دەکەنەوە بەشەو
مێروولە بە دەنکە گەنمێک دەڵێ/ لێم ببورە
قەناعەتم بە فەتحی شەو
پەڕەسێلکە دەڵێ/ بەسییەتی کرێچێتی،
کوێستان و گەرمیان
مانگ دەلەوەڕێ،
منیش دەبمە پاسەوانی شەو !
کە شەو دەکەوێتو سەری دەشکێ،
تاریکی پێڵاوەکانی دەدڕێ و
ئەستێرە پێکەنینیان کپ و
مانگیش گۆرەوییەکانی وون !