
لوكاس ڤاسكێزی ئیسپانی و كاپتنی یەكەمی ئێستای ریاڵ مەدرید گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەكەی لە كۆتایی ئەم وەرزەدا تەواو دەبێت و تا ئەم ساتەش هەنگاوەكانی نوێكردنەوەی نەگیراوەتە بەر.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاویكردووەتەوە، بە رێژەیەكی زۆر ڤاسكێز كۆتا مانگەكانی لەگەڵ ریاڵ مەدرید بەسەردەبات و لە كۆتایی ئەم وەرزە ریزەكانی ئەو یانەیە جێدەهێڵێت.
ئاس ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی یانەی شاهانە گرنگی بە گواستنەوەی ئەلیكساندەر ئارنۆڵد دەدەن و دانی كارڤاخاڵیش دەگەڕێتەوە بۆ یاریكردن، ئەگەری مانەوەی ڤاسكێز لە یانە ئیسپانییەكە زۆر كەمە.
رونیشیكردووەتەوە، ئەو یاریزانە دڵنیایە لەوەی ئەگەر لە یانەی شاهانە بمێنێتەوە ئەوا بە دڵنیاییەوە بۆ وەرزی داهاتوو بە هیچ شێوەیەك بەشداری یارییەكانی پێناكرێت لەبەرئەوە دەیەوێت بڕوات و ئەزمونێكی نوێ تاقیبكاتەوە.
ڤاسكێز لە 2015ەوە یاری بۆ ریاڵ مەدرید دەكات و لە 387 یاریدا 38 گۆڵ و 72 ئەسیستی هەیە، 22 نازناوی لەگەڵ یانەی شاهانە بەدەستهێناوە كە پێنج نازناویان چامپیۆنز لیگە.