
كەریم بنزیما، هێرشبەری فەرەنسیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بە تووندی وەڵامی لێدوانەكانی دیدێ دیشامی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسای دایەوە، سەبارەت بەوەی پێش ئەوەی ئەو یاریزانە لە مۆندیالی قەتەر 2022 دووربخرێتەوە چی روویداوە.
دیشام لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ رۆژنامەی لێ پاریسیانی فەرەنسی قسەی لەو باریەوە كرد و گوتی "كەریم لە 14ـی ئەم مانگە پەیوەندی بە ئێمەوە كرد دوای ماوەیەكی نیمچە ناچالاكی لەگەڵ یانەكەی. ئەو بەرنامەیەكی تاكەكەسی پەیڕەوكرد، گەڕانەوەی بۆ مەشقەكانی بەكۆمەڵیش دواخرا، ئامانجم ئەوەبوو كە ئامادەی بكەم بۆ ئەوەی بەرامبەر ئوسترالیا یاری بكات".
راهێنەری فەرەنسا زیاتر گوتی "كاتێك كەریم تووشی پێكان بوو، پزیشكەكەمان یاوەری كرد بۆ كلینیكەكە بۆ پشكنینی MRI، كەریمیش پزیشكەكانی لە مەدرید لە دۆخەكە ئاگاداركردەوە، كاتێكیش دوای نیوەی شەو گەڕایەوە بۆ هۆتێلەكە، راپۆرتەكەی پێشكەش كردم، دەستنیشانكردنی پزیشكەكەمان لەگەڵ پزیشكانی مەدریددا وەكیەك بوو، لە باشترین دۆخدا نەدەكرا پێش 10ـی كانوونی دووەم بگەڕێتەوە نێو مەشق و راهێنانەكان".
دیشام هەروەها روونیكردەوە كە داوای لە بنزیما كردووە پەلە نەكات لە هیچ بڕیارێك و گوتی "بۆ ماوەی 20 خولەك لەگەڵیدا ماینەوە، داواملێكرد لەگەڵ بەڕێوەبەری هەڵبژاردەی نیشتمانی هەماهەنگی بكات، بەڵام كاتێك لەخەوهەستام زانیم كە رۆیشتووە".
راهێنەری كەڵەشێرەكانی فەرەنسا، هەروەها گوتی "ئەوە بڕیاری خۆی بوو، ئەویش بەپێچەوانەوە ئەوەت پێناڵێت، بەڵام من تێگەیشتم و رێزم لە بڕیارەكەی گرت".
ئەوەندەی نەبرد بنزیما بە گاڵتەجاڕییەوە وەڵامی لێدوانەكانی دیشامی دایەوە، كاتێك لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام قسەكانی دیشامی بڵاوكردووەتەوە لەسەری نووسیووە "ئەمە چ بوێرییەكە؟!"، ئیمۆجییەكی گاڵتەجاڕیشی داناوە.
پاشان بنزیما ڤیدیۆیەكی بەنێوبانگی لە ئەكاونتی خۆیدا بڵاوكردەوە كە كەسێك چەندینجار دووبارەی دەكاتەوە و دەڵێت "درۆزن، تۆ درۆزنی"، هێرشبەرەكەی ریال مەدرید لەسەریشی نووسیوە "دیدێی بەڕێز، ئێوارەتان باش".