كیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، مشتومڕێكی گەورەی لە ماوەی رابردوودا لە نێو یانەكەیدا دروستكردووە، ئەوەش بووەتە هۆكاری دڵشكان و تووڕەبوونی بەرپرسانی یانە پاریسییەكە.

 كیلیان لە چەند رۆژی رابردوودا، لە رێگەی پەیامێكی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، رەتیكردەوە لە ڤیدیۆیەكی پڕوپاگەندەی یانەكەیدا دەربكەوێت لەبارەی فرۆشتنی بلیتی وەرزیی یارییەكانی یانەكەی لە وەرزی داهاتوودا.

 میدیای فەرەنسا گوتوویانە، ئێمباپێ لە رێگەی بڵاوكراوەیەكەوە پەیامێكی روونی بۆ بەرپرسانی یانەكە ناردووە و رەتیكردووەتەوە ئەو وەك سەركردەی پڕۆژەی داهاتووی پاریس سانجێرمان بناسێنرێت، پاش ئەوەی كە گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەكەدا تاوەكو هاوینی 2024 نوێكردەوە.

میدیاكان دەڵێن، ئەو هەنگاوەی ئێمباپێ، بەرپرسانی سانجێرمانی تووڕەكردووە، پێیانوایە كە پەرچەكرداری ئەو یاریزانە بەرامبەر ناساندنی ئەو وەك سەركردەی یانەكە لە ساڵانی داهاتوودا، نەگونجاوە و دەكرا ئەو لەبری ئەوەی لە سۆشیال میدیاوە رەتكردنەوەكەی خۆی رابگەیەنێت، بە بێدەنگی بەبەرپرسانی یانەكە بڵێت ئەو بەو رێكلامە رازی نییە.

میدیاكان دەڵێن، بەشێكی رەتكردنەوەكەی ئێمباپێ پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ئەو یاریزانە، جارێكی دیكە سوورە لەسەر وەرگرتنی مافی تەواوی خۆی لە 'مافی بڵاوكردنەوەی وێنەكان و ئەوە بۆ ئەو بابەتێكی زۆر هەستیارە، چونكە ئێستا لە دانوستاندنی نوێدایە بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی لەبارەی مافی وێنەكان.