
شۆڕش ئەمین...
چل ڕۆژ بەسەر کۆچی دوایی دکتۆر دیاردا تێدەپەڕێت...
چل ڕۆژی بێدەنگ، کە تێیدا غیابی مرۆڤێک دەژمێرین کە ژیانی خۆی کردبووە پردێک بۆ پەڕینەوەی نەخۆشە بێدەرامەتەکان و مەرهەمێک بۆ برینی بریندار و هەژارەکان.
دکتۆر دیار تەنها ناوی پزیشکێک یان کادێرێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو سیمبولی ئەو مرۆڤە پاکە بوو کە لەم سەردەمەدا دەگمەنە. ئەو لەو جۆرە تێکۆشەرانە بوو کە لێنین وەسفی کردووە :
(پێویستە مرۆڤ هێندە پاک بێت، کە لە کاتی خزمەتکردنی گەلەکەیدا، هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتی شک نەبات).
لە جیهانی هاوچەرخی ئێستاماندا، کە نەخۆشیی خۆدەرخستن و پۆپۆلیزم باڵی بەسەر سیاسەتدا کێشاوە، جیاوازییەکی ڕیشەیی هەیە لە نێوان کادێری ڕاستەقینە و کادێری مارکێتین و کادێری سۆشیال میدیا، ئەوانەی کە بچووکترین چالاکی و چاکەی ڕۆژانەیان بەسەر کۆمەڵگەدا دەفرۆشنەوە. زووم و هاوێنەی کامێراکان دەکەنە کەرەستەی ڕیکلام و موزایەدەی سیاسی و شەخسی، تا پێگەی کاتیی خۆیانی پێ گەورە بکەن.
بەڵام دکتۆر دیار ڕێگایەکی تری هەڵبژارد بوو، ڕێگای دڵسۆزیی بە بێدەنگی. ئەو باوەڕی بەو وتەیەی کارڵ مارکس هەبوو کە دەڵێت: مۆمیاییکردنی ناوەکان بۆ ئەوانە پێویستە کە لە ناوەڕۆکدا خاڵین، بەڵام مرۆڤی ڕاستەقینە لەگەڵ کارەکانیدا دەژی نەک لە گەڵ دروشمەکانیدا.
خزمەتەکانی ئەو وەک بارانی بەهار بە بێدەنگی دەباری و زەوییان سەوز دەکرد. بۆیە کاتێک کۆچی دوایی کرد، دڵسۆزی و پاکی و قەبارەی هاوکارییەکانی بۆ خەڵکی دەرکەوتن و پەخش بوون.
د.دیار نموونەی مرۆڤی لەخۆبوردوو بوو. پێی نابوو بەسەر حەزە زاتی و شەخسییەکانی خۆیدا و تەنها لە پێناو مرۆڤدا تێدەکۆشا. ئەو لە لووتکەی زانست و پلەی سەربازی و پێگەی کۆمەڵایەتیدا بوو، بەڵام هێندە سادە و متواضع بوو، هەمووان وەک کەسێکی ئاسایی نێو خۆیان دەیانبینی.
ئەم ڕەفتارەی دکتۆر دیار، مرۆڤ بەبیر وتە بەناوبانگەکەی گیڤارا دەهێنێتەوە کە دەڵێت:
(دەبێت شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە بە قووڵی لە گەلەکەیەوە نزیک بێت، هێندە سادە بێت کە نەتوانرێت لە خەڵکی ئاسایی جیا بکرێتەوە).
دکتۆر دیار هەرگیز منەتی بەسەر کەسدا نەدەکرد و بڕوانامە و پێگەکەی نەکردبووە شانازی، چونکە بڕوای وابوو گەورەیی مرۆڤ لە سادەییەکەیدایە.
دکتۆر دیار پێش ئەوەی بچێتە ژێر گڵ، چوبووە نێو دڵ و دەروونی هەموو ئەوانەی کە دەیانناسی. ئەو لە نێو دڵی نەخۆشە هەژارەکاندا و لە نێو ماڵە کەم دەرامەتەکاندا و لە نێو ویژدانی هاوڕێ و هاوسەنگەرانیدا شوێن پێی خۆی کردبوەوە.
ئەو سەلماندی کە مێژووی ڕاستەقینە لە فەیسبووک و شاشەکاندا نانووسرێتەوە، بەڵکو لە ویژدانی هەژار و گیرفان بەتاڵەکاندا هەڵدەگیرێت. وەک چۆن ڕۆزا لوکسەمبۆرگ دەڵێت:
(ئەوانەی بۆ مێژوو دەژین، لە بێدەنگیدا گەورەترین زریان دروست دەکەن).
لە چلەی ماتەمینییەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕۆحی پاکی دادەنەوێنم. دکتۆر دیار جەستەی کۆچی کردووە، بەڵام ڕێبازە مرۆییەکەی، سادەییەکەی، و ناوی پاکی وەک قوتابخانەیەک بۆ کادێری ڕاستەقینەی ناو گەل بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
ڕۆحت شاد و یادت هەمیشە بەخێر، ئەی نموونەی بەرزی مرۆڤ.

