
حەیدەر مەنتک
«سەرکردایەتیی کارگێڕیی هاوچەرخ لەسەر بنەمای لێهاتوویی زانستی، داهێنانی ستراتیژی و هاوسەنگیی دەروونی بونیاد دەنرێت. توانای ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەکان و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، پێوەرێکی سەرەکییە بۆ جیاکردنەوەی سەرکردەی سەرکەوتوو لە کەسی ناشایستە.
پشتبەستن بە زانستی بەڕێوەبردن، ڕێگری لە بڕیاری هەڕەمەکی و پەرچەکرداری نەرێنی دەکات و سەقامگیریی دامەزراوەیی دەستەبەر دەکات.»
لەکاتی شیکردنەوەی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و کارگێڕیدا، دەبینین ئەو فەرمانگە و ڕێکخراوە توکمە و سەرکەوتووانەی کە ساڵانە لەلایەن لایەنە باڵاکانەوە سوپاس و پێزانیان ئاڕاستە دەکرێت، بەرهەمی پابەندبوونی تەواوی بەڕێوەبەر، فەرمانبەران، بەشەکانی ژمێریاری و وردبینییە بە بنەماکانی (کارگێڕیی کار).
بە دڵنیاییەوە، ئەزموون و ڕۆژگاری کارکردنیان بووەتە پاشخانێکی (باگراوندێکی) بەهێز کە وای کردووە زۆر بە زەحمەت هەڵە بەسەریاندا تێپەڕێت، یان لەکاتی سەرپەلەدانی کێشەکاندا دەستەوستان نەوەستن.
یەکێک لە بنەما هەرە سەرەکییەکانی بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو ئەوەیە کە چوار پایە بنەڕەتییەکەی کارگێڕی، واتە: (پلانداڕشتن، ڕێکخستن، ئاڕاستەکردن، و چاودێریکردن) بکاتە هاوکێشە و ئامانجی سەرەکیی بەڕێوەبردنەکەی. ئەم چوار توخمەش بۆ کاروباری حزبی، کۆمەڵەکان و سەنتەرەکانیش هەمان مەبەست دەپێکێن و جێبەجێ دەبن.
ئەوەی مەبەستمە لێرەدا بیخەمە ڕوو، دۆخی زۆربەی ئەو کەسانەیە کە لە ناو حزب و حکومەتدا دەکرێنە کەسی یەکەم؛ جا بەڕێوەبەری بەشێک بێت لە فەرمانگەیەک، یان بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتێک، یان بەڕێوەبەری فەرمانگەیەکی سەر سنوور بێت تا دەگاتە سەرۆکی حکومەت. ئەم دۆخە بۆ کەسانی یەکەمی ئۆرگانەکانی حزبیش لە خوارەوە بۆ سەرەوە بە هەمان شێوەیە.
ئەم جۆرە بەرپرسانە لەکاتی تاوتوێکردن و دەمەتەقێ (دەردەقسە) لەسەر پڕۆژەیەک، بۆنەیەک یان دەستنیشانکردنی ئامانجێک؛ یان ئەوەتا بە پاسیڤی دەڵێن: "ئێوە چیتان پێ باشە من ڕازیم"، یانیش دەیانەوێت ڕایەکی هەڵە فەرز بکەن کە هیچ بنەما و شێوازێکی زانستی لەخۆ ناگرێت. کاتێکیش ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبنەوە، شڵەژان و هەڵچوونێک دروست دەکەن کە ئامانجە گشتییەکە ون دەکات، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە (هەگبەکەیان بەتاڵە).
لێرەوە تێدەگەین کە بەڕێوەبەر و لێپرسراوی سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە بۆ هەر کارێک پلانی پێشوەختەی هەبێت، دواتر ڕێکی بخات، پاشان ئاڕاستەی بکات، و بۆ پێکانی ئامانجەکەش دەبێت (چاودێریکردن) وەک ڕۆڵێکی هەرە گرنگ و کارا ببێنێت.
لە کۆتاییدا دەڵێم: ئەو کەسانەی کە هەگبەی زانستی و کارگێڕییان بەتاڵە و لە کۆبوونەوەکاندا پەنا دەبەنە بەر هەڵچوون، هاوارکردن و هەڕەشەکردن، بازاڕی کارکردنیان لە شێواویدایە و هیچ بڕوایەکیان بە بنەماکانی زانستی بەڕێوەبردن نییە.
