
گوشاد حەمەسەعید
عومەر عەلی شێخ (باوکی فاروق)
ڕەنگە ساڵی ١٩٨٩ بووبێت کە یەکەمین جار هاوڕێ عومەرم بینی، دوای ئەنفالە بەدناوەکە و پەرت بوونی هێزی پێشمەرگە، و خۆحەشاردان، چەند مەفرەزەیەکی حزب لە ناوچەی خۆشناوەتی ماوەیەکی باشیان بە برسێتی و خواردنی پاشماوەی ڕزيوى باخەکان بردەسەر و مەردانە خۆیان ڕاگرتبوو.
ئێمە ئاگادار کراینەوە کە دەبێت بەهەر ڕێگایەک بۆمان دەگونجێ خۆمان بگەیەنینە هەولێر. من ئەو کاتە لە شەقڵاوە خۆم شاردەوە، وێڕای هەموو ترس و لەرزێک کۆمەڵێک هاوڕێی باشم لە دەوربوون، ئەوانەی لە ترسناکترین باردا منیان لەبیر نەدەکرد. جگە لەمە کۆمەڵێک خێزان هەمیشە وەک پەناگایەک کە جێگای متمانە بوون، وەک باوەشێکی پۆڵایین ئێمەیان پەنادەدا.
دوای ئەوە ئاگادارکراینەوە من منداڵەکانم ڕەوانەی هەولێرکرد، ئیتر خەمی ئەوانم نەما و بارم سووک بوو. خۆشم بە ڕێگایەکی ئەمین گەیشتمەوە هەولێر. بەر لەوەی بێمەوە هاوڕێیان گووتیان لە هەولێر خۆمان پەیوەندیتان پێوە دەکەین. هەرچەندە ماوەیەکی ویست تا پەیوەندییان پێوەکردم. بەبێ ئەو پەیوەندییە وەک کوێر یان سەرلێشێواو وابووم.
ئێوارەیەکیان لەدەرەوە دەگەڕامەوە ماڵێ، سەیرمکرد دوو زەلام بە دەموچاوی پڕ لە خەندەوە ڕێک بەرەو ڕووی من دێن. هەستمکرد ئەوان چەکدار بن، هەنگاوەکانم خێرا کرد و خۆم گەیاندەوە ناو دەرگا. لەناکاوا یەکێکیان لەدوامەوە وتی "هێواش بابە، ئەوە چیە بۆ وا بەپەلەی ؟" کە بەوردی سەیری دەمووچاویم کرد، بینیم هاوڕێ سەعدون بوو، هاوڕێ شێرزاد شێریشی لەگەڵدابوو.
هاتنە ژوورەوە و کەمێک لام مانەوە و هەواڵی سەلامەتی هاوڕێیانیان پێڕاگەیاندم کە بۆ من زۆر خۆش بوو، ئینجا تاحەزدەکەی بەیانات و بڵاوکراوەی حزبیان بۆ بەجێهێشتم. ئەوانیش ئاگاداریان کردمەوە کەدەبێ زۆر خۆم بپارێزم و ئارام بم. تا هاوڕێیان پەیوەندیم پێوە دەکەنەوە.
دوای ئەم ئێوارە بەماوەیەک، لە بیرم نەماوە چەندەی پێچوو، عەسرێک دکتۆر عێزەدین. مستەفا ڕەسول یادی بەخێر کە هەرگیز لەبیری ناکەم، مامۆستای بەڕێزم ئیسماعیل خۆشناو لەگەڵ کەسێکی دیکە کە یەکەمین جار بوو بیبینم و ئۆتۆمبیلەکەش ئەو لێی دەخوڕی، هاتمە دەرەوە گووتیان دەچین بۆ دەعوەتێک تۆش لەلایەن ئێمەوە بانگ کراوی. بەر لەوەی ئۆتۆمبیلەکە بجوڵێ کابرایەک کە نەم دەناسی دابەزی و بە دکتۆر عێزەدینى گووت تۆ ئۆتۆمبیلەکە لێبخوڕێت خۆیشی هاتە دواوە و لەتەنیشت من دانیشت.
دکتۆر لەگەڵ مامۆستا ئیسماعیل خەریکی قسە بوون، کەسەکەی تەنیشتی بە ئەسپایی سەری هێنا بن گوێم و ئەو ناوە نهێنییەی درکاند تا بیناسمەوە و بزانم کەسێکی ڕێکخستنە، پاشان وتی ئاگاداربە دکتۆر نازانێ بۆ لەگەڵی هاتوم و دواتر پەیوەندیمان دەبێ.ئەو کەسە هاوڕێ هۆگر بوو. دوای چەند دیدارێک زانیم کە خۆی بەر پرسی حزبیمە.
ماوەیەک بەسەر ئەو دیدارانە تێپەڕی تا جارێکیان ئاگاداری کردمەوە کە کۆبوونەوەیەکمان دەبێت. لەکاتی خۆیدا بەدوامدا هات چووین بۆ ئەو شوێنەی کە نەمدەزانی کوێیە. هێندەی نەبرد هەموو نەندامانی کۆبوونەوە گەیشتن. کۆبوونەوەکە لەماڵێک بوو نزیکی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لە نهۆمی دووەم دانیشتین.
هاوڕێ عومەر عەلی شێخ خۆی سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی کرد، ئێمە کە چواردە کەس بووین لەنێوانی هەر کەسێک و کەسێکی دیکە کلاشنکۆفێک و چەند ڕومانەیەک بۆ هەر کەسێک داندرابوو.
هاوڕێ عومەر لە دەستپێکی قسەکانی گووتى: هاوڕێیان هیوادارین کە کەسێکی ناپاکمان لەنێواندا نەبێ، خۆ ئەگەر بارێکی نەخوازراو هاتە پێشەوە ئەوە بایی خۆمان چەک و تفاقمان داناوە ، پڕیادەنێ و بۆیان بهاوێن. من لەو چرکە ساتەدا هەستم بە ئازایەتییەک کرد ، لە دڵی خۆمدا گوتم؛ پیرە مێردێک لەو تەمەنە ورەی ئەوەندە بەرزبێ دەبێ من پشتم قایم بێت، ئەو ڕۆژە کۆبوونەوەکە زۆر باشبوو، لە ڕەوشێکی ئەوهادا گیانێک بەبەر حزبدا کرایەوە.
لەبیرمە زۆر بە گەرمی هەواڵی باوکمی پرسی، بەڵام تێگەیشتم کە هاوڕێ هۆگر پێی گوتوە من کێم. ئینجا گوتی بۆی باس مەکە کە منت بینیوە و تەنیا ویستم هەواڵی بپرسم. ئێستا جگە لە هاوڕێیەتی وا بوو بە مامیشم.
من لەلای خۆمەوە هەستم دەکرد کە زۆر متمانە پێکراوم، بۆیە وایلێهات کۆبوونەوەی هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندیش لە ماڵەکەی مندا سازدەکرا، هاوڕێ عومەریش زۆر جار خۆی دەهاتە لام و هەموو ڕێنماییەکانیشیم بە هەند وەردەگرت.
بەر لە ڕاپەڕین چەکمان لەناو باخەکەی ماڵمان شاردەوە، ئەو کارەشم لە دوای دووی شەو کرد، پێشتر گڵی وشکم هێنابوو، بەو گڵە سەرەکەیم داپۆشی تا شوێنە هەڵکەندراوەکە بزربێت. تۆمەز شڤان کە کوڕی بچووکم بوو لەو دیوی پەنجەرەکەوە تەواوی کارەکەی منی بینووە و هەر کە من تەواوبووم خۆی خستەوە ناو جێگاکەی تا من هەستی پێ نەکەم. .
بۆ سبەینێ هاوڕێ عومەر دێتە ماڵی ئێمە من هەر دە دەقەیەک دواکەوتم، سەیرم کرد هاوڕێ عومەر لەناو چیمەنەکە دیَت و دەچێت . هەر کە چوومە ژوورەوە، هاوڕێ عومەر شاڵاوی بۆم هێنام کە چۆن من لەبەر چاوی ئەو منداڵە چەکم شاردۆتەوە....هێمنم کردەوە ،ئینجا هاوڕێ گووتی: ئەمەش هیچ کە کەمتەرخەم بوویتە، بەڵام لەشڤانم پرسیوە کوا باوکت کەچی دەڵێ وابزانم چووە موحافیز بکوژێ. بەڵام چاکبوو دواى چەند ڕۆژيَك ڕاپەڕین بەرپابوو.
داخی گرانم ساڵانێک دوای ئەوەی من وڵاتم بەجێهێشت چەند جارێکم بینی بەڵام دواجاری ئەو سەردانانە هەستم کرد بەباشی نامناسێتەوە. ئەبو فاروق پیاوی ڕێکخستنە پۆڵایینەکەی حزب بوو، زۆر گرنگە لە ئێستادا بایەخی پێبدرێت و چونکە ئەو مێژوو و ئەزموونەی کە ئەو هەیەتی موڵکی حزبە.
کۆچەکەت بەخێربێ بایی ئەوەندەت جێهێشت وەک تێکۆشەرێکی پۆڵایین ناوت بهێندرێ.