
وەلید محەمەد
لە کۆتایی مانگی ڕابردوو، لە ڕێکەوتی 28ی شوباتی 2026، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ڕژێمی ئێران و چەندین شوێنی جیاواز لە زۆربەی شارەکانی ئێران بوردۆمان کران. لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکەدا، ڕێبەری ئێران و چەندین سەرکردە لەو هێرشانەدا کوژران.
دوای رۆخانی ڕژێمی دکتاتوری شا ڕەزا پەهلەوی، لە ساڵی 1979، ڕژێمێکی تری دکتاتوری تۆندڕەو، بە هاوکاری ئەمریکاو هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەسەڵاتی بەدەست هێنا. هەر لە سەرەتادا ڕژێمی ئێران دروشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا" بەرزکردەوە و کەوتە دژایەتیکردنی ئەمریکا و چەندین تاوانی دژی هاوڵاتیەکانی ئەنجامدا.
بۆ ئێمەی گەلی کوردستان، ئەوەی مژدە بەخش و گرنگە ڕزگاربوونی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاوابوونی خۆری داگیرکەرانە لەو بەشەی کوردستان. ئەمەش زووتر ڕوودەدات لە ئەنجامی تەبایی و یەکدەنگیی گشت هێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان. بۆیە زۆر گرنگە لە پێناو ڕزگاریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناکۆکییەکان وەلا بنرێن و یەکهەڵوێستی و تەبایی جێگەیان بگرێتەوە.
مەبەست لە پاڵپشتی ئەمریکاو ڕۆژئاوا بۆ ڕژێمی ئێران، بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە:
یەکەم: ئابووری
لە سەرەتای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، ناکوکییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ناوچەکە زیادبوون. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ئەمریکا چەکێکی زۆر بەو وڵاتانەی کە ناکوکیان لەگەڵ ئێران هەیە بفرۆشێت، سەربازگە لەو وڵاتانە درۆست بکات و هێزی چەکدار خۆی لەوێ جێگیر بکات بۆ ئەوەی بەپێی گوتەیان لە مەترسییەکانی ئێران بیانپارێزێت.
دووەم: قولبوونەوەی ناکوکیی مەزهەبی
دوای ئەوەی ڕژێمی ئێران دەسەڵاتی گرتە دەست، ناکۆکیی مەزهەبی لە ناوچەکە زیاتر پەرەی سەند. ئێران هەوڵی دا لە چەندین وڵاتی ناوچەکە لایەنگر بۆ خۆی دروست بکات و لە هەندێک وڵاتیش چەک بە گرووپەکانی نزیک لە خۆی بدات، وەک لە لوبنان و یەمەن.
سێیەم: پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل
بەهۆی قولبوونەوەی ناکۆکییەکان لە نێوان ئێران و هەندێک لە وڵاتی عەرەبی و سەرقالبوونی ئەو وڵاتانە بە کێشەکانیان، ئیسرائیل توانی لە رووی سەربازییەوە زیاتر خۆی بەهێز بکات و پێگەی خۆی لە ڕووی سەربازی و دبلوماسی لە ناوچەکەد بەرزتر بکات.
بۆچی ئەم جەنگە بەرپا بوو؟
لە دوای گەشەسەندنی ئابووری چین بەڕێژەیەکی بەرچاو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵ دەدات بە هەر نرخ و ڕێگایەک بێت ڕێ لە گەشەی ئابووری چین بگرێت و نەهێڵێت بگاتە پلەی یەکەمی ئابووری جیهان.
هەر بۆیە، لە دوای دەستگیرکردنی سەرۆکی فەنزەویلا لویس مادورو، ئەمریکا هەوڵ دەدات ووزەی ئێرانیش کۆنترۆل بکات. چونکە ئێران، هاوشێوەی فەنزەویلا، وڵاتێکی خاوەن نەوتی زۆرە و وڵاتی چینیش ڕێژەیەکی زۆر لە نەوتی ئێران دەکڕێت کە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕدەبێت. بەکۆنترولکردنی نەوتی ئێران و داخستنی گەرووی هورمز، وڵاتی چین زەرمەند دەبێت و ڕەنگە ئەمریکا بەم کارە بۆ چەند ساڵێک ڕێ لە گەشەندنی چین بگرێت و دوای بخات. لەلایەکی ترەوە، ئەمریکا دەیەوێت ئاسایشی زیاتر بۆ هاوپەیمانەکەی ئیسرائیل، دابین بکات و پێگەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزتر بکات.
هەندێک کاریگەرییەکانی ئەم جەنگە:
یەکەم: ئابووری
داخستنی گەرووی هورمز کاریگەرییەکی زۆری خستووتە سەر نرخی سوتەمەنی و کاڵاکانی تر. هەر بۆیە ئەگەر ئەم گەرووە بەداخراوی بمێنێتەوە، قەیرانی سوتەمەنی لە هەندێک وڵات پەیدا دەبێت و ئابووری هەندێک وڵات دادەبەزێت، هەروەها ئاسایشی خۆراکیش دەکەوێتە مەترسیەوە.
دووەم: ژینگەو تەندروستی
بێگۆمان جەنگ چەند کاریگەرییەکی زۆر خراب لە سەر ژینگەو تەندروستی هەیە، چونکە تەقاندنی ئەم هەموو چەکانە ئاو و هەوا پیس دەکەن. سرۆشت زیانی پێدەگات، گیانەوەران و باڵندەکان دەمرن و ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت.
کێ سوودمەنی یەکەمە لە داخستنی گەرووی هورمز؟
دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕێکەوتی 28ی شوبات هێرشیان کردە سەر ئیران و هێرشەکان تا ئێستاش بەردەوامن، ئێرانیش لە کاردانەوەکانیدا گەرووی هورمزی داخستووە کە ٢٠٪ نەوتی جیهان لە وێ تێپەردەبێت و ڕێرەوێکی گرنگی بازرگانییە بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان. لە دوای داخستنی ئەم گەرووە قەیرانی سوتەمەنی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان دروست بووە.
نرخی نەوت و سوتەمەنی لە بازارەکانی جیهاندا بەرزبووتەوە و هەروەها کاریگەری لە سەر نرخی زۆر کاڵای تر داناوە. لە ئێستادا ئەمریکا بە هاوکاری هاوپەیمانەکانی هەوڵ دەدات ئەم ڕێرەوە ئاوییە گرنگە بکاتەوە و ڕێ بە تێپەربوونی کەشتیەکان بدرێت تێپەڕبن. سەرەرای هەوڵەکان بەڵام تا ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەیتوانیوە ئەم ڕێرەوە ئاوییە بازرگانییە بکاتەوە و کەشتیەکان دەست بە گواستنەوەی نەوت و گاز بکەنەوە و جۆڵەی بازرگانی دەست پێبکاتەوە.
لەنێوان وڵاتانی جیهاندا، تا ئێستا ڕوسیا سودمەندی یەکەمە لەم جەنگەدا چونکە وڵاتان پێویستیان بە گازو نەوتە و لە دوای داخستنی گەرووی هورمز بۆ کرینی نەوت و گاز تائێستا چەند وڵاتان ڕوویان لە ڕوسیا کردووە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێگەی داوە بە وڵاتان تا مانگێکی تر نەوت و گاز لە ڕوسیا بکڕن. ئەمەش وای کردووە کە ڕوسیا قازانجێکی زۆر بکات، چونکە نرخی سۆتەمەنی بەڕێژەیەکی ئێجگار بەرزبووتەوە، بۆیە درێژبوونی ئەم جەنگە لە قازانجی ڕوسیایەو پارەیەکی زۆری دەستدەکەوێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕوسیا باشترو کاریگەرتر ڕوبەرووی هێزەکانی ناتو لە ئوکڕاینا ببێتەوە. هەر چەندە جەنگەکە کۆتایی نەهاتووە و کاریگەری لە سەر زۆر وڵات دادەنێت. هەر بۆیە درێژبوونی ئەم جەنگە لە بەرژەوەندی ڕوسیا دەبێت. هەر ئەم هۆکارەی سەروەش وای کردووە کە تاڕادەیەک ڕوسیا پشتگیری لە ئیران بکات و هەوڵی درێژبوونی جەنگەکە بدات.