
شارەزایەکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات کەشێکی ناسەقامگیری کورتخایەن باکوور و باکووری خۆرهەڵاتی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و لە ناوەڕاستی هەفتەشدا پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزن.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند:ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٤ـی حوزەیران، بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەریی مامناوەندی شێدار بۆ سەر تورکیا و باکووری کوردستان، شەپۆلێکی تاوەبارانی بەخوڕ و هەورەبرووسکە ناوچەکە دەگرێتەوە."
ئەو ناوچانەی بارانبارین دەیانگرێتەوە:
لە کاتەکانی پێشنیوەڕۆ تا عەسری ڕۆژی یەکشەممە، ئەگەری نمەباران یاخود تاوەبارانی بەخوڕی کورتخایەن و چالاکبوونی هەورەبرووسکە لەم ناوچانە هەیە:
پارێزگای دهۆک (بەشێک لە ناوچەکانی(
ئیدارەی زاخۆ
باکووری پارێزگای موسڵ
ئیدارەی سۆران و ئیدارەی ڕاپەڕین (بەشێک لە ناوچەکانیان(
دۆخی کەشوهەوا لە ناوەڕاستی هەفتەدا:
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەوە کاریگەریی ئەم بارستە هەوا ساردە زیاتر دەبێت:
پلەکانی گەرما: لە ڕۆژانی دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممەدا، پلەکانی گەرما دابەزینی زیاتر بەخۆیانەوە دەبینن.
کەشی ڕۆژ: لە کاتەکانی ڕۆژدا کەشێکی فێنکی مامناوەند لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت.
کەشی شەوان: لە شەواندا تا کاتی بەرەبەیان، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان، تا ڕادەیەک هەست بە ساردی دەکرێت.
