
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە ڕێگەی پلاتفۆرمی «ئێکس» و چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، گەیشتن بە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەر کاتێک نزیکترە.
ناوبراو جەختی کردەوە کە گرژییەکانی پەیوەست بە یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ناوخۆی ئێران چارەسەر دەکرێن و ئاماژەی بەوەدا کە ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە بە دیجیتاڵی و لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا واژۆ دەکرێت.
هاوکات، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و گەورە دانوستانکاری ئەو وڵاتە، هۆشداریدا و ووتی، پێویستە پابەندیەکان جێبەجێ بکرێن، هیچ بیانویەک قبوڵکراو نییە.
ئەمە لەکاتێکدایە جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، تاران پێش جێبەجێکردنی پابەندیەکان دەستی بە پارە بلۆککراوەکانی ناگات.
لە لایەکی ترەوە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی لەسەر دەقی کۆتایی ڕاگەیاند و ووتی، دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە گەیشتووینەتە دەقێکی کۆتایی، پاکستان کار بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو دەکات.
شەریف جەختی کردەوە کە ئاشتی لە هەر کاتێک نزیکترە و ووتی، ئێمە بە تەواوی ئاگاداری هەڵمەتی چەواشەکاریی ئەو لایەنانەین کە هەوڵی تێکدانی ڕێککەوتنی ئاشتی دەدەن.
