
لە ژێر ناونیشانی بومەلەرزەی ئێران هۆشداری لە "بۆشاییەکی ترسناک": لێکەوتەکانی خۆپێشاندانەکانی تاران دامەزراوە سیاسییەکانی بەغدا دەهەژێنێت
پێگەی (بغداد الیوم) ڕاپۆرتێکی سەبارەت بەخۆپیشاندانەکانی ئێران و کاریگەریەکانی بۆ سەر دۆخی عێراق بڵاو کردووەتەوە تێیدا باس لە کۆمەڵێک ئەگەر و پێشهاتە دەکات
لە ساتەوەختی ئێستادا، سێ ڕێڕەوی ئاڵۆز لەسەر نەخشەی ئێران یەکتری دەبڕن:
شەقامێک کە لەژێر باری قەیرانی ئابووریدا دەکوڵێت، واشنتۆن کە هەڕەشەی دەستوەردان دەکات ئەگەر خۆپێشاندەران بکرێنە ئامانج و تاران کە هۆشداری دەدات هەر هەنگاوێکی هەڵەی ئەمریکا دەبێتە هۆی پشێوییەکی بەرفراوان لە ناوچەکەدا و پێش هەمووان بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەپێکێت.
لە نێوان ئەم هێڵە تێکئاڵاوانەدا، عێراق خۆی لەبەردەم دیمەنێکدا دەبینێتەوە کە ڕەنگە بگۆڕێت بۆ "بومەلەرزەیەکی سیاسی-ئەمنی" ئەگەر قەیرانی ناوخۆی ئێران لە خۆپێشاندان زیاتر پەرەبسەنێت.
واشنتۆن ئاستی وتارەکانی بەرز دەکاتەوە و تاران هەڕەشەی باجی ناوچەیی دەکات
گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران زیادیان کردووە، دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ دەستوەردان لە حاڵەتی کوژرانی مەدەنییەکان یان خۆپێشاندەران. کۆشکی سپی ئەمەی وەک بەرگری لە "مافەکانی مرۆڤ" نیشان دا، بەڵام لە هەمان کاتدا پەیامێکی گوشاری بەهێز بوو کە هەر سەرکوتکردنێکی بەرفراوان بێ باج تێناپەڕێت.
لە بەرامبەردا، وەڵامەکانی ئێران توند بوون؛ بەرپرسانی سیاسی و ئەمنی هۆشدارییان دا کە هەڕەشەی دەستوەردان "بەزاندنی هێڵی سوورە" و هەر هەنگاوێکی ئەمریکا لە ناو سنوورەکانی ئێراندا نامێنێتەوە، بەڵکو ڕەنگدەداتەوە سەر بەرژەوەندی و بنکە و هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
خۆپێشاندانەکانی ناوخۆ: قەیرانی ئابووری و شەرعییەت پێکەوە
لە پشت ئەم پێکدادانە زارەکییە، قەیرانێکی قووڵی ناوخۆیی ئێران هەیە؛ دراوێکی داڕماو، هەڵاوسانی بەرز، و کەمبوونەوەی توانای کڕینی هاووڵاتیان. خۆپێشاندانەکان تەنها کۆبوونەوەی پچڕپچڕ نین، بەڵکو شەپۆلێکن کە چەندین شار دەگرنەوە و بەهۆی گرانیی بژێوی و نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چاکسازی خۆراک دەخۆن.
ئەوەی ئەمجارە جێگەی سەرنجە، تێکەڵبوونی داواکارییە بژێوییەکانە لەگەڵ دروشمەکان دژی خودی بنەمای سیستەمەکە؛ ئەمەش گوشارەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی دەسەڵات زیاد دەکات.
وەبەرهێنانی ئەمریکی لە ساتەوەختی خۆپێشاندان نەک کودەتا دژی ڕژێم
فیراس ئیلیاس، توێژەری سیاسی پێی وایە لێدوانەکانی ترەمپ زیاتر لە "سیاسەتی وەبەرهێنان لە ساتەوەختەکەدا" نزیکە نەک "بڕیاری جەنگ". واشنتۆن وەک ئامرازێکی گوشار سەیری خۆپێشاندانەکان دەکات بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان لە پێگەیەکی بەهێزترەوە؛ بۆ ئەوەی هاوکێشەی "سازشی ئەتۆمی و ناوچەیی لە بەرامبەر سوککردنی گەمارۆ ئابوورییەکان" بسەپێنێت.
وەڵامی فەرمیی ئێران: ئاسایشی نەتەوەیی هێڵی سوورە
عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران جەختی کردەوە کە ئاسایشی نەتەوەیی ئێران "هێڵی سوورە" و هەر دەستێک بیەوێت بە بیانووی پاراستنی خۆپێشاندەران لێی نزیک بێتەوە "دەبڕدرێت". عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، هۆشداری دایە ئەمریکا لە گۆڕینی خۆپێشاندانەکان بۆ سەکۆیەک بۆ دەستوەردانی ڕاستەوخۆ. پەیامە شاراوەکە لێرەدا ئەوەیە کە هەر پەرەسەندنێکی ئەمریکی بێ باج نابێت بۆ سەرباز و بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا.
عێراق لەسەر هێڵی بومەلەرزە چاوەڕوانکراوەکە
لە بەغدا پرسیارەکان هەستیارترن: چی ڕوودەدات ئەگەر قەیرانی ئێران بەرەو داڕمان یان گۆڕانکارییەکی قووڵ بڕوات؟ جاسم غەرابی، پسپۆڕی ستراتیژی لە لێدوانێکدا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت:خۆپێشاندانەکان تەحەدایەکی بێوێنەن بۆ ڕژێمی ئێران و ڕەنگە دەرگا بە ڕووی گۆڕانکاری گەورەدا بکەنەوە کە عێراق پشکی شێری لە لێکەوتەکانی بەردەکەوێت."
غەرابی ئاماژەی بەوەش کرد کە "کەوتنی ڕژێمی ئێران سیناریۆیەکی مسۆگەر نییە، بەڵام چیتر ئەگەرێکی دووریش نییە وەک پێشتر. عێراق بەهۆی تێکەڵاویی سیاسی، ئەمنی و ئابووری، زۆرترین کاریگەری بەردەکەوێت. لاوازبوونی دەسەڵاتی تاران لە عێراق بۆشاییەکی سیاسی و ئەمنی دروست دەکات کە لایەنی دیکە هەوڵی پڕکردنەوەی دەدەن."
جەختیشی کردەوە کە "دۆسیەی ئەمنی هەستیارترین دەبێت، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە ڕەفتاری گرووپە چەکدارەکان و ئاسایشی سنوورەکانەوە هەیە. هەروەها پەیوەندییە ئابوورییەکان، بەتایبەت لە بواری وزە و بازرگانیدا، زیانیان پێدەگات ئەگەر عێراق پلان و جێگرەوەی پێشوەختەی نەبێت."
کۆتایی: سیناریۆ کراوەکان و ئەرکە بەپەلەکانی بەغدا