
دەنگۆی كۆتایی هێنان بە گۆشەگیر كردنی ئۆجەلان لە توركیا بۆتە باسوخواسی میدیاكانی توركیا.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ئاشکرای کرد کە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبون بۆ مانەوەی ئۆجەلان لە دورگەی ئیمرالی لە باشوری دەریای مەڕمەڕە (ڕۆژئاوای تورکیا) دروستکراوە، واتە لەو شوێنەی کە زیندانەکەی لێیە و نزیکەی 27 ساڵە تێیدایە، تاوەکو لە قۆناغی داهاتودا بەکاری بهێنێت.
هاوسەرۆکی (دەم پارتی) ئةوةشى باسکردن: لە ئەنجامدانی هەموارکردنێکی یاسایی بۆ پێدانی "مافی هیوا"، کە گەرەنتی ئازادکردنی ئۆجەلان و تێکەڵکردنەوەی بە کۆمەڵگە دەکات دوای ئەو ماوەیەی لە زینداندا بەسەری بردوە، مشتومڕێکی بەرفراوانی لە تورکیا دروستکردوە. ئەمەش لە دوای ئەو بانگەوازەی کە لە 27ی شوباتی 2025دا ئاراستەی پارتی کرێکارانی کوردستانی کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی و دانانی چەکەکانی و ڕوکردنە کارکردن لە چوارچێوەیەکی سیاسی دیموکراتی یاساییدا.
پێدانی "مافی هیوا" بە ئۆجەلان و گۆڕینی بارودۆخی لە زیندانی "ئیمرالی" مەرجێکی پارتی کرێکارانی کوردستانە بۆ بەردەوامبون لە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی خۆی و دانانی چەکەکانی. هەروەها "دەم پارتی" پێداگری لەسەر گۆڕینی دۆخی ئۆجەلان دەکات، تاوەکو بتوانێت سەرکردایەتی پرۆسەی ئاشتی بکات و چاوی بە ڕۆژنامەنوسان، سیاسییەکان و نوێنەرانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بکەوێت.
شاندی پارتەکە، کە بە "شاندی ئیمرالی" ناسراوە، زیاتر لە جارێک لە دوای دیدارەکانیان لەگەڵ ئۆجەلان لە زیندانەکەیدا، ئارەزوی ئەویان گواستوەتەوە بۆ بینینی ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دیدگای ئەو بۆ پرۆسەی ئاشتی.