پەرلەمانی ئێران،  ڕەخنەی توندی ئاراستەی ڕۆڵی پاکستان کرد لە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن و دەڵێ‌ پشگیری ئەمەریكا دەكات و بێلایەنی خۆی لە دەستداوە.

ئیبراهیم ڕەزایی وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە پاکستان دراوسێیەکی باشە، بەڵام "نێوەندگیرێکی گونجاو نییە" و متمانەی پێویستی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکە نییە.

وتەبێژی لیژنەکە جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسانی ئیسلام ئاباد هەمیشە بەرژەوەندییەکانی دۆناڵد ترەمپ لەبەرچاو دەگرن و ناوێرن بە پێچەوانەی ویستی ئەمریکییەکان قسە بکەن. ئەو پاکستان بەوە تۆمەتبار دەکات کە ڕاستییەکان بۆ جیهان ئاشکرا ناکات، بەتایبەت لەبارەی پاشەکشەی ئەمریکا لەو پێشنیازانەی کە سەرەتا قبووڵی کردبوون، بەڵام دواتر لێیان پەشیمان بووەوە.

ڕەزایی ئاماژەی بەوەش کرد، پاکستان ئامادە نییە باسی ئەوە بکات کە ئەمریکییەکان لە چەندین مەلەفی گرنگدا وەک دۆخی لوبنان و داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێران، پابەندییان هەبووە و جێبەجێیان نەکردووە. بە گوتەی ئەو، "نێوەندگیر دەبێت بێلایەن بێت"، نەک ئەوەی هەمیشە بە لایەکدا بشکێتەوە و تەنها گوزارشت لە دیدگای واشنتن بکات.

 

وتاری نووسەران