
محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان لە پلاتفۆڕمی "X" نوسیویەتی، "خۆشحاڵم کە هەواڵێکی خۆشتان پێ ڕابگەیەنم، ئەویش ڕەزامەندی حکومەتی ئێرانە بۆ ڕێگەدان بە تێپەڕبونی 20 کەشتی دیکە کە ئاڵای پاکستانیان لەسەرە بە گەروی هورمزدا، بەجۆرێک ڕۆژانە دو کەشتی بە گەروەکەدا تێدەپەڕن".
وەزیری دەرەوەی پاکستان وتیشی، "ئەم ڕاگەیاندنە ئەرێنییە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو ئاشتی، و هەوڵە بەکۆمەڵەکانمان لەم ئاراستەیەدا بەهێزتر دەکات. گفتوگۆ و دیپلۆماسی، و ئەم جۆرە ڕێکارانە بۆ بونیادنانی متمانە، تەنها ڕێگەن بۆ بەرەو پێشچونی پرسەكە".
جوڵەی کەشتیوانی لە ڕێگەی گەروەکەوە بە تەواوی نزیک بوەوە لە وەستان، دوای ئەوەی ئێران چەند کەشتییەکی بۆردومانکرد، ئەمەش بوە هۆی سەرکۆنەکردنی جیهانی بەهۆی بە بارمتەگرتنی ئەم گەروە نێودەوڵەتییە لەم جەنگەدا.