وەلید محەمەد سلێمان


9ی نیسانی ساڵی 2003، ئەو ڕۆژەیە کە ڕژێمی بەعسی دڕندە لە عێراق کەوت و خۆری سەددامی دیکتاتۆر ئاوابوو. بەڕوخانی ئەم ڕژێمە دڕندەیە، گەلانی عێراق هەناسەی ئازادیان هەڵمژی. لەو ڕۆژەدا، لەلایەن هاونیشتمانیان و هێزەکانی هاوپەیمانان، پەیکەری دیکتاتۆر لە گۆڕەپانی فیردەوسی ناوەڕاستی بەغدا هێنرایە خوارەوە و ڕوخێنرا.

دوای تێپەڕبونی 21 رۆژ لە دەستپێکی شەڕ، بەغدا، پایتەختی وڵات، کەوت. لە كاتژمێر 5:30ی  بەرەبەیانی 20ی ئازاری 2003، هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەكەم هێرشی ئاسمانیان دەستپێکرد بۆ  لەناوبردنی ڕژێم.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا بۆ شەڕی لەناوبردنی ڕژێمی بەعسی عێراق توانی هاوپەیمانی لەگەڵ 49 ووڵات دروست بكات. شەڕەكە لەژێر ناوی‌ "پڕۆسەی‌ ئازادی‌ عێراق" بەڕێوەچوو، و هەردوو ووڵاتی‌ بەریتانیا و ئوسترالیا هاوكارانی‌ سەرەكی‌ ئەمریكا بوون. زیاتر لە 90%ی هێزە سەربازییەكان لە هێزی ئەمریكی و بەریتانی پێكهاتبوون.
ژمارەی گشتی سەربازانی هاوپەیمانان زیاتر لە 300000  سەرباز بوون، لەو ژمارەیە 250000یان ئەمریكی و 45000 هەزار بەریتانی بوون، لەگەڵ ژمارەیەک سەربازی دیکەی وڵاتانی تری ئەندام لەو هاوپەیمانیە.

دوو ڕۆژ پێش دەستپێکردنی جەنگ، جورج بووشی سەرۆکی ئەو کاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەوتارێكدا داوای لە سەددامی دیکتاتۆر کرد، دەست لە دەسەڵات هەڵبگرێت و خۆی و كوڕەكانی عێراق جێبێهڵن، بەڵام ئەو ڕازی نەبوو.

ئەوەی جێی داخە، دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، ئەو هیوا گەورەیەی کە گەلانی عێراق چاوەڕێی دەکرد بۆ ئازادی و ئاسوودەیی، بە تەواوی نەهاتە دی. لە ناوەڕاست و باشووری ووڵات، تونوتیژی و تۆڵەکردنەوەی مەزهەبی دەستی پێکرد و هەزاران هاووڵاتی بێتاوان بوونە قوربانی، و تائێستاش کاریگەرییەکانی بەردەوامن.
 لە کاتێکدا، ڕژێمی بەعس هەوڵیدا گەلی کوردستان لەناو ببات و چەندین تاوانی گەورەی وەک کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، کۆمەڵکۆژیی و جینۆساید، ئەنفال، زیندە بەچاڵ کردن، ڕاگواستن و خاپوورکردن ... لە دژی گەلی کوردستانی ئەنجامدا. بەڵام گەلی کوردستان بەسەربەرزی مایەوە و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە ڕیسواو شەرمەزار بوون.

 ئەوەی جێی شانازییە، گەلی کوردستان هەمیشە لێبووردە و ئاشتیخوازە و نەک تەنها تۆڵەی نەکردەوە، بەڵکوو  کوردستان بووەتە شوێنی حەوانەوەی ئاوارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.  
9ی نیسان ڕۆژێکی مێژوویی  گرنگ و پرشنگدارە، کە بۆ هەمیشە لە یادەوەری گەلی کوردستان و گەلانی عێراق دەمێنێتەوە. 

 

وتاری نووسەران