لێکەوتە دەروونی و پەروەردەییەکانی خوێندنی ئۆنلاین لە سایەی ناسەقامگیریی هەرێمایەتیدا: کوردستان وەک نموونە.

 

 بارزان محمدە سوورە_سۆران.

هەرچەندە خوێندنی ئۆنلاین وەک چارەسەرێکی کاتی بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن سەیر دەکرێت، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە لە ناوچە ناسەقامگیرەکاندا، بەتایبەت لە کوردستان کە لەژێر کاریگەریی ململانێیە دەروونی و سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەدایە، کۆمەڵێک ئاڵۆزی و لێکەوتەی نەرێنی قووڵی لێ دەکەوێتەوە، لەم بابەتەم دا تیشک دەخەمە سەر هۆکارەکانی ناسەرکەوتوویی ئەم سیستەمە و پێویستی گەڕانەوە بۆ خوێندنی ڕووبەڕوو.
خوێندنی ئۆنلاین پێویستی بە ژێرخانێکی تەکنەلۆژیی بەهێز هەیە، بەڵام لە ناوچەیەکدا کە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە دووچاری قەیرانی کارەبا و لاوازیی هێڵەکانی ئینتەرنێت بووە، ئەم پرۆسەیە دەبێتە بارگرانی، بەسەر هاولاتیاندا کە پێشتریش هاوڵاتیانی هەرێم لەژێر چەندین قەیرانی درووستکراودابوونە، بڕانی بەردەوامی کارەبا و خاوی ئینتەرنێت دەبێتە هۆی پچڕانی کارلێکی نێوان مامۆستا و قوتابی، ئەمەش وا دەکات قوتابی نەتوانێت بە شێوەیەکی ڕێکخراو بەشدار بێت، جیاوازیی چینایەتی درووست دەکات  وەک لە توێژینەوەکاندا هاتووە، ئەم جۆرە خوێندنە جیاوازیی نێوان هەژار و دەوڵەمەند قووڵتر دەکات، ئەو خێزانانەی بەهۆی دۆخی نالەباری ئابووریی ناوچەکەوە و دۆخی خراپی حکومڕانی کوردی پێشتریش ناتوانن ئامێری زیرەک و هێڵی ئینتەرنێت بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن، لە مافی خوێندن بێبەش دەبن.

 کاریگەرییە دەروونییەکان و فشاری شەڕ

منداڵانی کوردستان لە ژینگەیەکدا دەژین کە دەنگۆکانی شەڕ، هێرشە درۆنییەکان و ناسەقامگیریی سیاسی کاریگەریی توندی لەسەر دەروونیان هەیە، دڵەڕاوکێ و فشار خوێندنی ئۆنلاین تەرکیزێکی زۆر و ئارامییەکی دەروونی دەوێت،  لە ناوچەیەکی پڕ لە دڵەڕاوکێدا، منداڵ ناتوانێت تەنها لە ڕێگەی شاشەیەکەوە فێری زانست بێت ئەو پێویستی بە ژینگەیەکی فیزیکی پارێزراو هەیە ئەویش (قوتابخانە)یە کە وەک پەناگەیەک بێت بۆ دوورکەوتنەوە لە فشاری دەرەوە، لاوازیی پاڵنەر بەهۆی نەبوونی چاودێری ڕاستەوخۆ، قوتابیان هەست بە ساردبوونەوە دەکەن و خولیای خوێندنیان نامێنێت، ئەمەش ئاستی زانستی بە شێوەیەکی مەترسیدار دادەبەزێنێت، قوتابخانە تەنها شوێنی وەرگرتنی زانیاری نییە، بەڵکو ناوەندێکە بۆ پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی، گۆشەگیری خوێندنی ئۆنلاین منداڵ لە هاوڕێکانی دادەبڕێت، ئەم دابڕانە لە ناوچەیەکی وەک کوردستان کە پێویستی بە یەکگرتوویی و پەروەردەی نیشتمانی هەیە، دەبێتە هۆی دروستبوونی نەوەیەکی گۆشەگیر کە کارامەیی کارکردنی بەکۆمەڵ و گفتوگۆی نییە، ونبوونی زمانی جەستەی مامۆستا ناتوانێت لە ڕێگەی کامێراوە هەست بە باری دەروونی و تێگەیشتنی ڕاستەقینەی قوتابی بکات، ئەمەش پرۆسەی پەروەردە لە ناوەڕۆکە مرۆییەکەی خاڵی دەکاتەوە، مانەوەی زۆر لەبەردەم شاشەکان دەبێتە هۆی تێکچوونی بینایی، کێشەی بڕبڕەی پشت و کەمخەوی، کە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر گەشەی منداڵ هەیە، پاراستنی زانیارییەکان بەکارهێنانی پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکان منداڵان دەخاتە بەر مەترسی هاککردن یان دزەپێکردنی زانیارییە کەسییەکان، کە لە ناوچەیەکی ئاڵۆزی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەمە دەکرێت مەترسی ئەمنیشی لێ بکەوێتەوە.
بەهۆی ئەو تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی کە کوردستان هەیەتی، خوێندنی ئۆنلاین ناتوانێت ببێتە جێگرەوەیەکی سەرکەوتوو بۆ خوێندنی ناو پۆل، بۆ پاراستنی نەوەی داهاتوو لە داڕمانی زانستی و دەروونی، پێویستە:
١. گەڕانەوەی تەواوەتی بۆ پۆلەکان: قوتابخانە وەک ناوەندێکی پارێزراو بۆ گەشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی منداڵ بمێنێتەوە.
٢. لابردنی خوێندنی ئۆنلاین یان کەمکردنەوەی بۆ تەنها بارودۆخی زۆر نائاسایی، چونکە زیانە دەروونی و پەروەردەییەکانی زۆر زیاترن لە سوودە تەکنیکییەکانی.
٣. گرنگیدان بە دەروونناسی دامەزراندنی تیمەکانی ڕاوێژکاری دەروونی لە ناو قوتابخانەکان بۆ هاوکاریکردنی منداڵان لە تێپەڕاندنی ترسی شەڕ و ئاڵۆزییەکان.
٤. دادپەروەری پەروەردەیی حکومەت دەبێت هەوڵ بدات ژینگەیەکی یەکسان بۆ هەموو منداڵان دابین بکات، نەک سیستەمێک پەیڕەو بکات کە تەنها چینی دەوڵەمەند لێی سوودمەند بن.
 لە کۆتاییدا، پەروەردە بەردی بناغەی هەر نەتەوەیەکە، بۆیە ناکرێت لە سایەی تەکنەلۆژیایەکی بێگیان و ژینگەیەکی پڕ لە شەڕدا، داهاتووی منداڵەکانمان بکەینە قوربانی تاقیکردنەوەیەکی ناکامی وەک خوێندنی ئۆنلاین.

وتاری نووسەران