
زاهیر ئیبراهیم
هاوڕێ سەمیرە و کاندیدەکانی حزبی شیوعی، وەک ئومێدی گێڕانەوەی حەقیقەتی نوێنەرایەتی کردنی خەڵک لە خەباتی مەدەنی و دیموکراسیدا
بەو پێیەی حیزبی شیوعی لە دوای ڕاپەڕینەوە بەشداری کارای هەبووە، لە بەهێزکردن و قوڵکردنەوەی بنەماکانی دیموکراسی، هەروەها بەبایەخەوە پاڵپشتی لە هەر هەڵبژاردنێک کردووە کە تێیدا چین و توێژەکانی کۆمەڵ، لە ڕێگەی دەنگدانی ئازادانە بتوانن نوێنەری دڵخوازی خۆیان دەستنیشان بکەن لە پێناو داکۆکی لە مافەکانیان و بەهێزکردنی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و خەباتی چینایەتی. لەم کات و ساتەدا کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، لە قۆناغی بانگەشەدایە و هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان بڕیارە ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت. لێرەدا گرینگە لە چوارچێوەی ئەرکی هەڵبژاردن و سەرخستنی کاندیدەکانمان، پرسیار لەوەبکەین چی بکرێت بۆ ئەوەی ڕۆڵ و کاری نوێنەرایەتی، نوێنەری شیوعی لە ناوەند و دەسەڵاتە یاسایی و حکومەتە خۆجێییەکاندا بەهێزتر و کاراتر بکرێت و هەڵوێست و ڕەفتاریان ڕەنگدانەوەی حەقیقەتی فیکر و بەرنامەی سیاسی حیزب بێت. ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی شیوعییەکان بتوانن نوێنەری داکۆکیکاری ڕاستەقینەی مافەکانی خەڵک بکەن. پرسیاری گرینگتریش ئەوەیە ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بیر لە داڕێشتن و گەڵاڵەکردنی پڕەنسیپ و نەریتی کاری نوێنەری شیوعی لە دامەزراوە و ناوەندەکان بکرێتەوە؟.
هەڵبەت لە مێژووی کۆمۆنیزمدا ڕابەران و چالاکانی چەپ و کۆمۆنیستەکان، لە سەندیکا و یەکێتییە کرێکارییەکان و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی. ڕۆڵی گرینگ و شۆڕشگێرانەیان بینیوە لە ڕێگەی قوڵکرنەوەی خەباتی چینایەتی و بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی ستەمکار. ماڕکس و ئەنگڵس، باسیان لە گرینگی و ڕۆڵی ئەم سەندیکا و ڕێکخراوانە کردووە. لە پێناو هێنانەدی ماف و ئامانجەکانی چینی کرێکار . بەدیدی ماڕکس و ئەنگڵس، کۆمۆنیستەکان دەتوانن ئەم ناوەندانە وەک دەرفەتێک بۆ سەرکردایەتیکردن و خۆڕێکخستنی چینایەتیی و بەهێزکردنی خەباتی چینایەتی چینی کرێکار و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە بارەی ماف و کێشەکانیان، و فراوانکردنی زەمینە و هەڵومەرجی شۆڕش و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیی ببینن.
لە مێژووی سەرهەڵدانی سەندیکاکانیشدا، ڕابەڕانی کرێکاری لە یەکێتییە سەندیکاییەکاندا بەشداری کاریگەریان تێدا کرد. داوایان دەکرد چینی کرێکار بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە بەڕێوەبردنی سیاسی کۆمەڵگەدا و لە دیاریکردنی شێوە و ناوڕۆکی دەسەڵاتی سیاسیدا ڕۆڵیان هەبێت. ئەنگڵس لە پێشەکی "نامیلەکەی پڕەنسیپەکانی کۆمۆنیزم" کە وەڵامی بیست و پێنج پرسیاری لە بارەی نەریت و پڕەنسیپی خەباتی پارتی کۆمۆنیست داوەتەوە.هەڵبەت ئەم نامیلکەیە دواتر بووە پێشینەیەک بۆ نووسنی مانیفێست. لەم نامیلکەیەدا ئەنگڵس، دەربارەی ڕۆڵی مێژووی ڕێکخراوی سیاسی و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی کرێکاران. دەڵێت " ڕێکخراوە سیاسی و جەماوەرییەکانی چینی کرێکار، ڕۆڵی سەرەکیان هەبوو لەبردنە سەری ئاستی هۆشیاری سیاسی و فیکری کرێکاران و ڕابەرانی کرێکاری و زەمینەی خۆشکرد بۆ زیاتر ڕووهێنان بەرەو بیر و بۆچوونە ئازادیخوازییەکانی کۆمۆنیزمی زانستی و دوورکەوتنەوەی زیاتر لە تیۆرییە ناکرێکارییەکان و ئاشنابوونی قوڵتر بە هەڵومەرجی ڕزگاریان لە چەنگ نیزامی چەوسێنەرانی سەرمایەداری".
لەم سۆنگەیەوە شیوعییەکانی کوردستان دەتوانن لە بەرەییەکان و سەندیکا و دەسەڵاتە خۆجێییەکانی وەک: ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئەنجوومەنە شارەوانییەکان، کە بوونێکی کۆمەلایەتیی هەیە. لەم هەڵومەرجەدا دەتوانن ڕۆڵی کاریگەرتریان هەبێت و پتر گوزارشت لە دەنگی ئەو چینە بکەن کە ئەمڕۆ لە ئەنجامی شکستی حکومڕانی و گەندەڵی و قەیرانی سیاسەتی ئابوری حکومەتی هەرێم، لەلایەکی تر بێباکی حکومەتی عێراق،و دەرهاوێشتەکانی ئاراستەی ئابوری سەرمایەداری نوێ و تەنگەژە و قۆرغکاری، بوونەتە چینی زۆرینەی کۆمەڵ. بۆیە دەبێت دەنگی نوێنەری شیوعی لەم ناوەند و دامەزراوانە بە هەموو مانایەک دەربڕی خواست و هەڵومەرجی کۆمەڵایەتی و ئابوری ئەو چینە بێت، و بەڕاشکاوی لەبەرەی خەڵکی ناڕازیدا بێت.
چەند سەرەنجێک دەربارەی نەریتی کاری نوێنەری چەپ و شیوعییەکان لە ناوەندەکانی دەسەڵاتدا
- نوێنەری شیوعی و چەپ لە ڕێکخراوەکان و ناوەندەکانی دەسەڵاتدا، پێویستە بەڕوونی لەبەرەی چینی کرێکاربن و لە دژی هەر یاسا و پڕۆژەیەک بووەستنەوە کە دەچێتە خانەی بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی کەمینەی دەسەڵاتدار.
- هەڵوێست و دەنگی چەپ و شیوعیەکان لەم ناوەندانەدا پێویستە ڕەنگدانەوەی واقیعی پێداویستی کۆمەڵایەتی و ئابوری خەڵک بێت.
- پێویستە چەپ و شیوعییەکان ڕاشکاوانە هەڵوێست و بۆچوونەکانیان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی خەڵکی هەژار و پەراوێزخراو بخەنەڕوو.
- پێویستە نوێنەری شیوعی بە کردار و گوتار نوێنەری خەڵک بێت و بەڕاشکاوی داکۆکی لە مافەکانیان بکات، نەک ناڕاستەوخۆ بکەوێتە هەڵوێستی پارێزگاری لە سیستەم و دەسەڵات لە پەنای کاری نوێنەرایەتیدا !.
- کارەکتەری چەپ و شیوعی خاوەن کۆمەڵێک پڕەنسیپ و هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەیە و دەبێت بە پڕاکتیک نەریت و شوناسی شیوعی بوون لە میانەی کاری نوێنەرایەتی لە دەسەڵاتە خۆجێییەکان و پەڕلەماندا بەرجەستە بکات.
- نەریتی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی شیوعییەکان لە ناوەندەکانی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردندا، بریتیە لە ڕاشکاوی بوون لە خستنەڕووی سیاسەتی حیزب و خۆنەویستی و سەنتڕڵبوونی خەم و ئاریشەکانی چین و توێژەکان لە بەرنامە و پڕۆژەکانیاندا.
- نوێنەری شیوعی لەم ناوەندانەدا لە ژێر هیچ فشارێکدا نابێت پشت لە داواڕەواکانی خەڵک بکات لە پێناو بەرژەوەندی کەسی.
- پێشمەرجی بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان نوێنەری شیوعی و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، خۆی لە هەڵوێست و کاریگەری لە خەباتی ڕاستەوخۆی شەقامدا، هەروەها داکۆکیکردن لەمافەکانیان دەبینێتەوە.
- پەرەپێدانی گیانی کاری هەرەوەزی، یەکێکە لە نەریتە ڕەسەنەکانی شیوعی بوون، پێویستە نوێنەرەکانی شیوعی لە هەر پێگەیەکدا بن بەرپرسیارانە ئەم نەریتە دەوڵەمەند بکەن و بەرەوپێشی ببەن.
- پێویستە نوێنەرە شیوعییەکان لە سلوک و ڕەفتاریاندا چەپانە ڕەفتار بکەن. ماڕکس و ئەنگڵس لە یەکەم هەنگاوی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی یەکێتی کۆمۆنیستەکان، پێداگیریان کرد لەسەر شوناس و ناسنامەی ئەندامان و چالاک و نوێنەرەکانیان لە شورا و سەندیکاکان کە دەبێت کۆمۆنیزم قبول بکات و لە ژیان و کاری سیاسی خۆیدا کۆمۆنیستانە ڕەفتار بکات.
ئەرک و زەڕووڕەتی بوونی شیوعییەکان :
گرینگە دەنگدەر لە کەرکوک و پارێزگاکانی تر متمانە بە کاندیدەکانی حیزبی شیوعی بکات،چونکە تەنیا شیوعییەکان ئەتوانن واقیعی ئاریشە کۆمەڵایەتیی و سیاسیەکان و کێشەکانی خەڵک وەک خۆی بخوێننەوە و چارەسەری واقیعی لە ڕووانگەی بەرژەوەندی چینی هەژاران و ڕەنجدەران پێشکەش بکەن و ماف و بەرژەوەندی خەڵک بخەنە پێشی بەرژەوەندی کەسی و بەرگری لە داواڕەوەکانیان بکەن، بەتایبەت لەم ئەرکانەدا، پێویستە نوێنەری شیوعی لە هەر پێگەیەکی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن بێت کارەکانی وەڵامدەرەوەی چاوەڕووانیەکان بێت، بەدیاری کراوی لەم کێشە و پرسە گشتییانەدا.
- دۆخی مووچە و خراپی خزمەتگوزاری گشتی .
- ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بە هەدەردانی سامانی گشتی.
- خاوەنداریەتیکردن لە بنەماکانی دیموکراسی.
- ڕووبەڕووبوونەوەی شاڵاوی کۆنەپەرستی . -نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزی و داکۆکی لە مافی ژنان.
- بەرگریکردن لە ئازادی سیاسی و میدیایی.
- کارکردن بۆ بەدیهێنانی یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیی.
هەڵبەت ئەم ئەرکە پێویستی بە خەباتی فرە ڕەهەند و میکانزم و تەکنیکی گونجاو بەم سەردەمە هەیە. دەکرێ نوێنەرە شیوعییەکان ئەم دامەزراوانە و دەسەڵاتە خۆجێییەکان، وەک سەکۆیەک بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵک بەکاربهێنن. بەدڵنیایی ئەم پرسانەش جگە لە شیوعییەکان کە لە سۆنگەی باوڕبوونی فیکر دەبێ سەرسەختانە داکۆکی لێ بکەن. هێز و لایەنەکانی تر تەنیا لە چوارچێوەی دروشم و گوتاری باوی ساختە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. بۆیە بوونی دەنگی چەپ و شیوعی لەم ناوەندانەدا زەڕووڕەتی قۆناغەکەیە.
واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی، زەمینەیەکی گونجاوە :
لەم هەڵبژاردنە چارەنوسسازەدا کە دەبوو خەمی نەهامەتی و کێشەکانی خەڵک، هەر لە بێکاری ، زیادبوونی هەژاریی ، گەندەڵی ، قۆڕغکاری ، سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافیا و تەعریب، زەوتکردنی زەوی و موڵکی گوندنیشنە کوردەکان، ئایندەی سیاسی ناوچە کوردستانیەکان ببێتە پڕۆژەی سەرەکی حیزب و لایەنەکان، بەڵام بەداخەوە دەبینین لەبڕی ئەمە، زەقکردنەوەی ویست و بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و مل ملانێ لە پێناو پۆست و دەسەڵاتدا خەڵک و دۆخی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دووچاری نائومێدی و ئاڵۆزی زیاتر کردووە . لێرەدا ئامانجی بەشداری حیزبی شیوعی لەم هەڵبژاردنەدا لە کەرکوک و ناوچەکانی تر لە پێناو باشترکردنی ڕەوشی خزمەتگوزاری و سەقامگیری سیاسی و پارێزگاریکردنە لە شوناسی کوردستانی بوونی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان. بۆیە زەمنیەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەبەردەمی نوێنەری شیوعییەکاندا کراوە و لەبارە، بۆئەوەی لە ڕێگای بەشداریان لە ناوەندەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادان بتوانن هەڵوێست وەرگرن و ئەو پڕۆژانە پێشکەش بکەن کە بەلای خەڵکەوە بایەخی هەیە. بەجۆرێک بەرنامە و هەڵوێستەکانیان بەرمەبنای دۆخی گوزەرانی چینی ڕەنجدەر و زەحمەتکێش بێت.
لەم هەڵبژاردنەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا کە دوای 18 ساڵ، لە کەرکوک هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت. حزبی شیوعی بە بەرنامە و کاندیدی خۆی بەشداری تێداکردووە. هاورێ سەمیرە و کاندیدە شیوعییەکان، خاوەن پاشخانێکی فیکری و ئەزموون و شارەزای یاسایی و تێکۆشانی بەرزن لە پێناو ئاشتی و ئازادی و داکۆکیکردن لە مافە زەوتکراوەکانی کورد لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان. هاوڕێ سەمیرە و کاندیدەکانی حیزبی شیوعی بەهۆی ڕاستگۆیی لەگەڵ بنەما فکریی و سیاسیەکانیان،و خۆنەویستیان لە تێکۆشاندا.بە پاڵپشتی دەنگدەران دەتواننن ببن بە هیوای گێڕانەوەی حەقیقەتی نوێنەرایەتی خەڵک و جێبەجێ کردنی داواڕەواکانی خەڵک لە حکومەتی خۆجێیی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان.