بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردندا وەک مافێکی دیموکراسی و بەشداری چەپەکان وەک ئەرکێکی سیاسی:
هەڵبژاردنی ئەمجارەی پارێزگاکان گرینگی خۆی هەیە، بەتایبەت لە ناوچە کێشە لەسەرەکان. دوای ڕووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر کۆی پڕۆسەی بەڕێوەبردن و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری شڵەژانی بەخۆیوە بینیوە و تاوەکوو ئێستا لێکەوتەکانی لەسەر ئەم ناوچانە ماوە. ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تا ڕادەیەک دەتوانێ جارێکی تر سەقامگیری بۆ ئەم ناوچەیە بگێڕێتەوە و دەستەڵاتێکی خۆجێیی شەرعی و دەستوری دابمەزرێنێت.
هەڵبژاردن، مافێکی دەستوری و دیموکراسی هەموو کەسێکە و دەتوانێ بەشدار بێت، بەڵام بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان جگە لە ماف، بەشداری کردن ئەرکە. ئەمەش بەهۆی هەستاریی دۆخ و گرینگی شوێنەکان و هەڵبژاردنی دەستەڵاتێکی خۆجێی کە توانای خزمەتکردنی هەبێت.
پێویستە لەبەر ڕۆشنایی ئەم چەند خاڵە هاووڵاتییان و بە تایبەتتر چەپەکان بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن:
۱/ مافی دیموکراسی: لە هەموو کۆمەڵگە دیموکراسییەکاندا تاک مافی بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا هەیە. دەنگدان لە هەڵبژاردندا مافێکی بنەڕەتی دیموکراسییە کە ڕێگە بە خەڵک دەدات لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان و داڕشتنی سیاسەتەکانی حکومەتدا نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەبێت. هەڵبژاردن میکانیزمێک بۆ هاووڵاتییانی پارێزگاکان دەڕەخسێنێت بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانیان کە بەناوی ئەوانەوە بڕیار دەدەن. ئەمەش لایەنێکی بنەڕەتی دیموکراسییە، ڕێگە بە هاوڵاتییان دەدات سەنگ و قسەیان هەبێت لە حوکمڕانی خۆیاندا.
٢/ بەشداریی سیاسی: بۆ گشت هاووڵاتییان هەڵبژاردن ڕێگایەکە بۆ بەشداریکردنی چاڵاکانە لە پرۆسەی سیاسیدا. بۆ چەپەکان دەرفەتێکە بۆ پێشخستنی بەهای پێشکەوتنخوازانە و داکۆکیکردن لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و کارکردن بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەتدا کە لەگەڵ ئایدۆلۆژیا و هزری چەپ هاوتەریب بێت. لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە، دەتوانرێ حکومەتێکی سەقامگیر و شەرعی دابمەزرێت. ئەم سەقامگیرییە بۆ گەشەسەندنی ئابووری و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی زۆر گرنگە.
۳/ لێپرسینەوە: لە ڕێگەی دەنگدان و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا دەتوانرێت لێپرسینەوە و سزای ئەوانە بدرێت کە پێشووتر نەیانتوانیوە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی زەحمەتکێش و هەژاری کۆمەڵگە بن. دواتر دەتوانن بەرپرسانی هەڵبژێردراویش لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت. چەپەکان دەتوانن بەشداریی خۆیان بەکاربهێنن بۆ کاریگەری دانان لەسەر خەڵک بەوەی پێویستە کاندیدەکان و کەسایەتییە چەپەکان هەڵبژێرن و ئەوانیش وەک نوێنەر و کارەکتەری چەپ ڕۆڵ و نەخشی خۆیان لەسەر بڕیار و کارەکانی ئەنجومەنی پارێزگا هەبێت لەبەرژەوەندی گشتی و خەڵکی هەژار و بەشمەینەت. هەروەها ببێتە چاودێرێکی ورد بەسەر کارەکانی ئەنجومەنی پارێزگا.
٤/ حوکمڕانی ناوخۆیی: هەڵبژاردن لەسەر ئاستی پارێزگاکان زۆر پێویستە بۆ کارکردنی حکومەتی خۆجێیی. لەم ڕێگەیەوە ئەو سەرکردایەتییە دیاری دەکرێت کە چارەسەری کێشەکان دەکەن و بڕیاری تایبەت بە پێداویستییەکانی پارێزگاکە دەدەن. ڕۆڵیان هەیە لە تەرخانکردنی سەرچاوەکان لەناو پارێزگایەکدا، لەوانە دابەشکردنی بودجە بۆ پڕۆژە و خزمەتگوزارییە جیاوازەکان، کە دەتوانێت کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبێت لەسەر کوالیتی ژیانی دانیشتووان. هەروەها بودجەی پڕۆژەکانی سەرخان و ژێرخان، چاودێریی تەندروستی، پەروەردە، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و زۆر شتی تریش.
٥/ کاریگەر و ستراتیژیەت: ئەرکی سیاسی چەپەکان درێژدەبێتەوە بۆ پاڵنانی گۆڕانکاری لە سیاسەتدا. بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، چەپەکان دەتوانن کار بکەن بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکانیان تا یاسا دەربکەن و سیاسەتێک پەیڕەو بکەن، کە باس لە نایەکسانیی داهات، جیاوازیی چینایەتی، دەستڕاگەیشتن بە چاودێریی تەندروستی، مافەکانی کرێکاران و نیگەرانییەکانی خەڵکی بەشمەینەت، و کارکردن بۆ پاراستنی ژینگە بکەن.
٦/ خزمەتکردن بە دیموکراسی و سەرخستنی پرۆسەکە:
چارەسەرکردنی ناکۆکی لەو ناوچانەی کە گرژیی مێژوویی یان قەومییان هەیە، هەڵبژاردن دەتوانێت وەک ئامرازێکی ئاشتیانە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و دیاریکردنی دابەشکردنی دەستەڵات بێت. هەڵبژاردنەکان دڵنیایی دەدەن لەوەی کە گروپە سیاسی و نەتەوەیی و دیمۆگرافییە جیاوازەکان لەناو پارێزگاکەدا نوێنەرایەتی دەکرێن. ئەمەش بە تایبەتی لە ناوچە کێشە لەسەر و فرە پێکهاتە و کەلتوورییەکان گرنگە.
بەشداریکردنی هاوڵاتییان و بەتایبەتتر چەپەکان لە هەڵبژاردنەکاندا کار لە گەشەکردنی دیموکراسی دەکات و کۆمەڵگە بەرەوپێش دەبات. هەروەها بزووتنەوە سیاسییە پێشکەوتنخوازەکان و چەپەکان بە کۆکردنەوە و ڕێکخستن لە دەوری هەڵبژاردنەکان دەتوانن تۆڕ و هاوپەیمانی بنیات بنێن کە کاریگەرییەکی فراوانتریان لەسەر گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی هەبێت. جگە لەوە، دەنگدان و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنیشدا دەتوانێت دەربڕینی هاودەنگی بێت لەگەڵ تاک و ڕێکخراوە هاوبیرەکان. دەنگی دەستەجەمعی چەپ بەهێز دەکات و گرنگی بەشداری و مانەوەیان لە پرۆسە سیاسییەکاندا بەهێزتر دەکات.
۷/ بەرپرسیاریەتیی مەدەنی: لە دیموکراسیدا بەشداری کردن لە هەڵبژاردندا وەک بەرپرسیاریەتێکی مەدەنی سەیر دەکرێت. هەموو هاوڵاتییان بە گشت چین و توێژەکانەوە پێویستە ڕۆڵیان هەبێت لە داڕشتنی داهاتووی کۆمەڵگەکەیان لە ڕێگەی بەشداری کردن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی دیموکراسیانەدا. هەڵبژاردن بەشداریکردنێکی مەدەنییە لە پرۆسەی سیاسیدا. دەرفەتێک بۆ تاکەکان دەڕەخسێ کە قسە و بەشداریکردنیان هەبێت بۆ ئاراستە کردنی کۆمەڵگەکەیان.
لە کاتێکدا بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا مافێکی دیموکراسییە، بۆ چەپەکان ئەرکێکی سیاسیشە، بەو پێیەی یەکێکە لەو ئامرازە بەرجەستانەی کە پێشکەش دەکات بۆ بەدواداچوونی ئامانجەکانیان و بەرەو پێشبردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و کاریگەری لەسەر ئاراستەی سیاسەتی پارێزگاکان و حکومەتە خۆجێیییەکان بۆ ئەوەی لەگەڵ بەها و بنەما ئایدۆلۆژییەکانیان بگونجێت و داکۆکی لە مافی هەموو چین و توێژێک بکەن.

وتاری نووسەران