
ئینكاری یان نكۆڵیكردن لە هەر دیاردە و ڕوودا و پێشهاتێك بەر لەوەی سیستەمێك بێت لە مەعریفە و بیركردنەوە لە مەغزای خۆیدا بابەتێكی سیاسییە، پەیوەستە بە “شار” و دامودەزگاكانییەوە و پەیوەندی بە جۆری ئەو پێكهاتە سیاسی و ئابوری و كلتوریانەوە هەیە كە لە ڕێگەی سیستەمی حوكمڕانی و پەرلەمان و قوتابخانەكانەوە دەیگوازینەوە و بەرهەمی دەهێنینەوە. تیۆرییە پیلانگێڕیەكانیش كە پێیانەوە گرێدراوە “بەرهەمی نەزانی، بیركردنەوەی سیحراوی، یان خورافات نین”، بەڵكو زیاتر ئاماژە بەو پرسانە دەكەن كە“لەڕادەبەدەر سیاسین”. ئینكاریگەرەكان بەشێكن لە پڕۆژەیەكی سیاسی كە ئامانجیان تەنها نكۆڵیكردن لە "واقیع" یان نكۆڵیكردن لە "ڕاستییەكان" یان "ڕاستییە زانستییەكان" نییە، بەڵكو بەرەنگاربوونەوەی گروپە بابەتییەكانیشە كە كاردەكەن بۆ چەسپاندنی زانست و دیدوتێڕوانینی واقیع بینانە، بەردەوامی ئەمەش تەنها لە تێكدانی ڕێككەوتنە كۆمەڵایەتییەكاندا ناوەستێت، بەڵكو بە هاوتەریب سەرتاپای كۆمەڵگا دەتەنێت و دەبێتە نەخۆشیەكی موزمین لە جەستەی گشتیدا
هەموو مەیلێكی ئینكاریگەرایی تیۆری پیلانگێڕی لەگەڵدایە، وەك چۆن ناتوانیت لایەنگری تیۆری ڕەوایەتی ململانێ نێوودەوڵەتیەكان بیت بەبێ ئەوەی كار بۆ ئاشكراكردنی پیلانگێڕی سیاسەتی نێوودەوڵەتی بكەیت، بەهەمان شێوە شەڕو كاولكاریەكانیش بەبێ تێگەیشن لە نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدارو داڕێژەرانی مەیلی شەڕ و پیلانگێڕییەكانی سەرمایەداریی بابەتێكی پوچە و هیچ دەرئەنجامێك بەدەستەوە نادات ، واتا هەموو مەیلێكی ئینكاریگەرایی پێویستی بە پێكهاتەی پیلانگێڕی خۆی هەیە و هەموو پێكهاتەیەكی پیلانگێڕیش بە نۆرە یەك یان دوو بلۆكی ڕاستی لەخۆدەگرێت. ڕاستە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری چەك و تەقەمەنی بە دیوێكدا هۆكارە بۆ پارێزگاری لە دەوڵەت و پێكهاتەی سەقامگیری، بەڵام دەبینی بەدیوەكەی تردا ئەمانە سەرچاوەی پەرپێدانی تیئۆری پیلانگێڕین و گەورەترین مەترسین لە سەر فتیلەی هەڵگیرساندنی تەواوی شەڕووشورەكانی دنیای ئەمڕۆ و بەهۆی شەڕیشەوە زۆرترین قازانجیان دەستدەكەوێ لە فرۆشی بەرهەمە جەنگیەكاندا
لە سەردەمێكدا كە جیاكردنەوەی ڕاستی و ناڕاست قورسە، ئاواش تێگەیشتن لە پرۆسەی نكۆڵیكردن و بانگەشەی سیاسی چەواشەكار قورسە و گەر كەمێك بابەتیانە و بە وردی لێی نەڕوانین ڕەنگە تووشی جۆرێك لە بێهیوای و شكاندنی ئیرادە بینەوە و ببێتە فاكتەرێكی مەترسیدار لە پرۆسەی سیاسی و دەوڵەتداریدا ، چونكە هەڵگرانی ئەم توخمە پێكهاتەیە زۆرجار لە پێناو خۆیان و بەرژەوەندیە زەبەلاحەكانیاندا ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ ئینكاری واقیع دەكەن و ڕاستییەكان دەشێوێنن و لە ڕێگەی دەزگا ڕاگەیاندنەكانیانەوە و كۆمەڵگا بە ئاراستەیەكی نا ڕاست چەواشە دەكەن و هەوڵدەدەن جەوهەری ئیرادەی چاك بسڕنەوە بە تێگەیشتنێكی خراپ وەك ئەوەی ئەحزابی سیاسی حوكمڕانی كوردستان لە بانگەشەیان بۆ بەتایبەتكردنی كەرتە خزمەتگوزاریەكانی ئاوكارەبا و تەندروستی و پەروەردە ، كەرتی گشتیان ناشرین كردو هەنگاو بە هەنگاو كەوتنە وێران كردنی ئەو سێكتەرانە و بە ئەنقەست هەمویان شكست پێهێنا و بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە كەرتە تایبەتەكان باشترە لە كەرتە دەوڵەتیەكان ، بەمەش جیاوازییەكان لە ڕاستیەوە گۆڕا بۆ دۆخی ئینكاری و وای لە كۆمەلگا كرد كە پێویستە وەك دەسكەوت داكۆكی لە كەرتی تایبەت بكات ، بەرجەستەكردنی ئەم هەستی خۆبەڕاستزانین و گەوجاندن و چەقبەستویە گەیشتە ئەو ئاستەی خەڵك بەبێ تێگەیشتن لە دیوە ڕەشەكەی ئەم سیاسەتی پیلانگێڕیە كەوتە هەلەكە سەمای پاڵپشتیكردن لە پرۆسەی ئینكاریكردنی كەرتی گشتی و زاڵبوون بەسەر ئەقڵ و توانای بیركردنەوە ی گشتیدا
بۆیە كاتێك سیاسەت دەبێ بە ئینكاری هیچ شتێ وەك خۆی نامێنێت، ئەگەر سەیری پرۆسەی سیاسی بكەین لە كوردستان دەبینی گەشەكردنی ئەم تیئۆرە گەیشتۆتە ئاستی تێكدانی دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگا و دۆخێكی ناتەندروستی وای خولقاندوە كە تەواوی كۆمەڵگای تێكداوە ، ئەمە لە كاتێكدایە كە هەموان لەو حەقیقەتەش گەیشتوون كە ئەم جۆرە ئینكاری كردنە لەسیاسەت و هونەری حكومڕانیدا چۆن چەند خێزانێكی سیاسی و كۆمەڵێك گروپی مافیای و تاڵانچی و بازرگانی بەرهەمهێناوە و بێگەڕانەوە بۆ شەرعیەتی حوكمڕانی دەستیان گرتوە بەسەر ئەرز و ئاسمانی كوردستاندا، سەرەڕای ئەوەش چ ڕەفتاری نائەخلاقی و نابەرپرسیارییەتی هەیە لەدژی خواست و ئیرادە و بەرژەوەندی باڵای خەڵك و وڵاتدا پەیڕەوی دەكەن و كوردستانیان كردۆتە دۆزەخێكی تاریك بەسەر سەری خەڵكەوە و خەریكە بەرەو داڕمان و مەرگی حەتمی مل دەنێن