کەلتوور تەنیا کۆمەڵێک دابونەریت، زمان، یان پۆشاک نییە کە لە پەڕاوی مێژوودا تۆمار کرابێت، بەڵکو ئەو هەناسە سەرەکییەیە، کە کۆمەڵگەی پێ زیندووە و ئەو چوارچێوە گیانی و هزرییەیە کە شوناسی مرۆڤ بەرهەم دەهێنێت. كاتێك سەیری مێژووی مرۆڤایەتی دەکەین، دەبینین جیاوازیی نێوان کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و ئەوی دیکەی سەرگەرداندا، لە بڕیار و تێگەیشتنیاندایە بۆ چەمکی کەلتوور. کەلتوور ئەو نەخشە دەروونی و کۆمەڵایەتییەیە، کە مرۆڤەکان فێری چۆنیەتی ژیان، شێوەی بیرکردنەوە، و جۆریی مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتر دەکات، و لە ڕاستیدا، هیچ بوونێکی مرۆیی بەبێ پاشخانێکی کەلتووری ناتوانێت بەهایەکی ڕاستەقینە بە ژیانی خۆی ببەخشێت. گرنگیی ئەم چەمکە لەوەدایە کە وەک پردێک کاردەکات لەنێوان ڕابردوو و داهاتوودا، نەوەکانی دوێنێ بە نەوەکانی سبەینێوە دەبەستێتەوە و ڕێگە نادات مرۆڤ لە گێژاوی تەکنەلۆجیا و مۆدێرنیتەی بێبەزەییدا شوناسی خۆی بەتەواوی لەدەست بدات.
مرۆڤ لە کاتی لەدایکبوونییەوە دەخرێتە ناو ژینگەیەکی کەلتووریی دیاریکراوەو‌ە، زمانەکەی، ئایینەکەی، شێوازی نانخواردنی، و تەنانەت شێوازی دەربڕینی خەم و خۆشییەکانی لەو ژینگەیەوە سەرچاوە دەگرن، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە کەلتوور پێکهێنەری سەرەکیی کەسایەتییە. کاتێک مرۆڤ خاوەنی کەلتوورێکی دەوڵەمەند و ڕەسەن بێت، جۆرێک لە متمانە بەخۆبوون و سەقامگیریی دەروونی لادروست دەبێت، چونکە دەزانێت لە کوێوە هاتووە و سەر بە چ ڕەگ و ڕیشەیەکە. ئەم ناسنامە بەهێزە دەبێتە قەڵغانێک لەبەرامبەر شەپۆلەکانی نامۆبوون و ڕووشانی کلتووری کە لە جیهانی هاوچەرخدا بەهۆی جیهانگیرییەوە ڕووبەڕووی گەلان دەبێتەوە. گەلێک کە کلتووری خۆی فەرامۆش بکات، وەک دارێکی بێ ڕەگ وایە، بە کەمترین بای گۆڕانکاری  لەناو دەچێت، بەڵام پاراستنی ئەم سامانە مەعنەوییە وای لێدەکات لەبەردەم هەموو ئاڵۆزییەکاندا خۆڕاگر بێت.
لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە، کەلتوور وەک لکێنەرێک وایە کە تاکەکانی کۆمەڵگا پێکەوە دەبەستێتەوە و یەکگرتوویی و هاوسۆزی لەنێوانیاندا دروست دەکات. کاتێک خەڵک بەشداری لە جەژنەکان، ڕێوڕەسمەکان، و تانوپۆ ڕەسەنەکانی کلتووری خۆیاندا دەکەن، هەست بە شانازی و سەرپشکبوون بە گروپێک دەکەن، ئەمەش ڕێژەی تاوان و نامۆبوونی کۆمەڵایەتی کەمدەکاتەوە و گیانی هاوکاری بەهێز دەکات. ئەدەبیات، شێوەکاری، مۆسیقا، و چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان کە بەشێکن لە کلتوور، تەنیا بۆ کات بەسەربردن نین، بەڵکو ئەوانە ئامرازی گواستنەوەی بەها باڵاکانی وەک ڕێزگرتن لە گەورەکان، پاراستنی ژینگە، ڕاستگۆیی، و نیشتمانپەروەرین. لە ڕێگەی ئەم هۆکارە کلتووریانەوە، کۆمەڵگا دەتوانێت بەبێ پێویستی بە هێزی یاسایی توندو تیژ،  ڕەفتاری تاکەکانی ڕێکبخات، چونکە چاودێری ناوەکی و ویژدانی کلتووری لە هێزی هەر یاسایەکی نوسراو کاریگەرترە.
زیاتر لەوەش، کەلتوور بزوێنەرێکی سەرەکیی گەشەپێدانی ئابووری و مرۆییە لە جیهانی ئەمڕۆدا. گەشتوگوزاری کلتووری بووەتە یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی داهات بۆ زۆرێک لە وڵاتان، خەڵکی لە سەرتاسەری جیهانەوە گەشت دەکەن بۆ ئەوەی شوێنەوارە مێژووییەکان ببینن، گوێ لە مۆسیقای ڕەسەن بگرن، و خواردنە کلتوورییەکان تاقی بکەنەوە. ئەمەش نەک تەنیا داهاتی دارایی زیاد دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار و زیندووکردنەوەی پیشە دەستییە کۆنەکان کە خەریکبوو لەبیر دەچوونەوە. کاتێک وڵاتێک گرنگی بە لایەنی کلتووری خۆی دەدات، لە ڕاستیدا وەبەرهێنان لە داهاتووی ئابووری خۆشیدا دەکات و ناوی خۆی لە نەخشەی گەشتیاری و ڕۆشنبیری جیهانیدا دەچەسێنێت، بەمەش سەربەخۆیی ئابووری و رامیاری خۆی زیاتر دەپارێزێت.
پێویستە ئەوەش بزانین کە کلتوور شتێکی ڕەق و بێجووڵە نییە کە لە ڕابردوودا بەستبێتی، بەڵکو زیندەوەرێکی گەشەسەندووە کە لەگەڵ کاتدا نوێ دەبێتەوە و گۆڕانی بەسەردا دێت. کلتووری تەندروست ئەو کلتوورەیە کە دەتوانێت لایەنە باش و بەسوودەکانی سەردەمی نوێ و کلتوورەکانی تر وەربگرێت و لە هەمان کاتدا پارێزگاری لە ڕەسەنایەتی و بنەما سەرەکییەکانی خۆی بکات. ئەم تێکەڵاوبوونە ئەرێنییە دەبێتە هۆی دەوڵەمەندبوونی بیری مرۆڤایەتی و دوورکەوتنەوە لە دەمارگیری و ڕەگەزپەرستی. کاتێک ئێمە کلتووری خۆمان دەناسین و ڕێزی لێدەگرین، ئامادەیی زیاترمان تێدا دەبێت بۆ تێگەیشتن و ڕێزگرتن لە کلتووری گەلانی تریش، ئەمەش بنەمای ئاشتی و پێکەوەژیانی نێودەوڵەتی پێکدەهێنێت و جیهان لە شەڕ و ململانێی بێهوودە دەپارێزێت.
بۆیە، گرنگیدان بە کلتوور ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆییە کە دەکەوێتە سەر شانی هەموو تاکێک، خێزانێک، و دامەزراوەیەکی پەروەردەیی. فەرامۆشکردنی کلتوور واتای سڕینەوەی مێژوو و ونکردنی قیبلەنمای پاشەڕۆژە، لە کاتێکدا زیندوو ڕاگرتنی، گەرەنتی مانەوەی گەل و نەتەوەکانە بە سەرفرازی و سەربەرزی. کلتوور ئەو ڕووناکییەیە کە تاریکییەکانی نەفامان و نامۆبوون دەڕەوێنێتەوە و ڕێگای ڕاستەقینەی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی مۆر دەکات، پێویستە لەسەرمان، هەمیشە وەک بەهادارترین سامانی خۆمان بیپارێزین و گەشەی پێبدەین.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا