لە مێژووی خەبات و تێكۆشانی نەتەوەكاندا، لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی، گەلێك شۆرش و ڕاپەڕینی مەزنی جەماوەریی بەرپاكراون، بە ئامانجی ڕزگاربوون لە ژێر دەستەیی و خەونی سەربەخۆیی و دەرچوون لە دیلی و چەوسانەوەی نەتەوایەتی. ئەم شۆڕش و ڕاپەڕینانە، هەمیشە ڕەهەندێكی نەتەوەییان هەبووە. بێگومان لە نێو ئەو بزاوتە سیاسی و مێژوویی و نەتەوەییانەدا، سەركردە و پێشڕەوانێك هەڵكەوتوون، كە وەك قارەمانێكی مێژوویی و ئایكۆنێكی نەتەوەیی و بەرگرییانەی گەورە لە نێو ئەو شۆڕشانەدا دەناسرێنەوە، بەڵام شۆڕشەكە لە بنەڕەتدا هی ئەوان نییە، بەڵكو پرسێكی گەورەتر لە بوونی ئەوان لە ئارادایە، ئەویش نەتەوە و ئازادی و سەربەخۆیی خاك و نیشتمانە. شۆڕشی ئۆكتۆبەر، كە بە مەزنترین شۆڕشی سەدەی ڕابردوو دادەنرێت، لە سەر دەستی لینین بەرپاكراو دەسەڵاتی تزاری قەیسەری تێك شكان، بەڵام ئەم شۆڕشە بە شۆڕشی لینین نەناسراوە، بەڵكو هەر بە شۆڕشی ئۆكتۆبەر ناوی دێت. گیڤارا، سمبولی شۆڕشی كوبایە، بگرە شۆڕشەكە و ناوی گیڤاڕا بە ئێستاشەوە هاوتای یەكتری دەهێنرێن، بەڵام گیڤاڕا نەبووە میراتگری شۆڕشی كوبا. شۆڕشی مەزنی ئەیلول، درێژترین شۆڕشی كوردە، مستەفا بارزانی نەمر، پێشەواو ڕابەری شۆڕشەكە بوو، بەڵام هەر بە ئەیلول ناوی دێت، نەك شۆڕشەكەی بارزانی ! بەهەمان شێ بەو شۆڕەی دوای نسكۆ هەڵگیرسایەوەوە هەموو حزبەكانی كوردستان تیایدا بەشداربوون، ناگوترێت شۆڕشی تاڵەبانی یان سەركردەیەكی دیكە،بەڵكو تا ڕادەیەكی زۆر هەر بە هەڵگیرسانەوەوی شۆڕشی دوای نسكۆ ناوی دەهێنن، كە مەبەستمان لە دەرەوەی تێڕوانینی حزبییە، چونكە شۆڕش و ڕاپەرینەكان كە بە ئامانجی گۆڕانكاریی و خەبات لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوە بەرپاكراون، بە تەنها لە ئایكۆنێكدا بەرجەستە نابێت. لەو سۆنگەیەوە، ناونانی بەرخودانی خۆرئاوا، لە دژی دەسەڵاتە داعشییەكەی شەرع لە سوریای بە ناو نوێدا، كە چەند مانگێك لە مەوبەر بینیمان بە شۆڕشی كەزی، لە ڕاستیدا ناوناێكی هەڵەیە و ئەمە نابێ ببێتە، ئایكۆنێكی سیاسی و نەتەوەیی بۆ بەرخودانی نەتەوەیەك و نواندنی بەرگرییەكی زۆر. بێگومان مەبەستی ئێمە لەو هەڵەدا ئەوە نییە، كەزی كە وەك سیمایەكی پێكهێنەرانەی ڕەگەزی مێ، كە جوانی و تایبەتمەندییەكی ژنانەی سەرنج ڕاكێش و جوان بە ژنان بە گشتی و ژنە شەڕڤانەكانیش دەدات، نا دیدە بگرین و بچووك بكەینەوە، كە كەس ناتوانێت نكۆڵی لە ڕۆڵی جوامێرانەی شەڕڤانە ژنەكان لەو شەڕەدا بكات، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین كە كەزی، تایبەتمەندییەكی ڕەگەزییە نەك نەتەوەیی، بەو مانایەی كەزی بەشێكە لە ژنبوون، وەك چۆن دەگوترێت برنجی كوردی، یان گوێزی كوردی، یان حەیران، بەهەمان شێوە ئێمە ناتوانین بڵێین كەزی كوردی، چونكە كەزی، جۆرێكە لە لایەنی جەستەیی و جوانكارییانەی ژن و هەر تەنها ژنی كورد نا، بەڵكو فارس و تورك و كۆریی و بگرە ژنانی وڵاتانی كاریبی و ئەمەریكای باشووریش، كەزی دەهۆننەوە، بەمەش كەزی ڕەهەندێكی ڕەگەزی هەیە نەك نەتەوەیی. هەڵبەتە، ئێمە دەزانین مەبەست لە شۆڕشی كەزی بەرخودانی خۆرئاوایە، بەڵام شۆڕشی كەزی لە ڕووی شوناس و دەستەواژەوە، ئەو بزاوتە نەتەوەییە بەرجەستە ناكات، وەك ئەوەی لە دەربڕینی بەرخودانی خۆرئاوا هەیە. كاتێ كەزی دەبێتە ئایكۆنێكی ئەو بەرخودانە، ئەوا مانای وا نییە هەموو بەرخودانەكە یەكسان بێت بە كەزی ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەشەوە، كەزی بەشێكە لەو بزاوتە بەرگریی و قارەمانیەتییەی شەڕڤانان بە گشتی لە خۆرئاوا نواندییان، نەك بەرخودانەكە بەشێك بێت لە كەزی، بەو مانایەی بەرخودانەكە كەزی دەناسێنێت، نەك كەزییەكە ئەو مۆڕكە نەتەوەییە بگەیەنێت، كە وەك وتمان كەزی بەشێكە لە شوناسی ژنبوون ، وەك شوناسێكی ڕەگەزی. بۆیە دەستەواژەی شۆڕشی كەزی، لە ڕووی شوناسی سیاسی و بەرگریی و نەتەوەییەوە، گوزارشت لە شوناسی شۆڕشی نەتەوە بە بڕوای من ناكات و جۆرێكە لە بچووككردنەوەی ناوی شۆڕش و ئەمەش لە سۆنگەی ئەوە نا، كە ژن دەكرێتە هێمایەك بۆ ناسینەوەی، كە مەبەستی ئێمە ئەوە نییە، بەڵكو لە بەر ئەوەی لە ڕووی دەربڕین و شوناسی سیاسییەوە، بەرخودانی خۆرئاوا، مانایەكی گشتگیرتری نەتەوەیی و كوردستانی و سیاسی هەیە، بۆیە دەبێت شۆڕشی خۆرئاوا، یان بەرخوانی خۆرئاوا بكرێتە ناونیشان بۆ ئەو قارەمانیەتییە، چونكە شەڕڤانە ژنەكان بەشێكن لە بەرخودانەكە، نەك كۆی بەرخودانەكە لە كەزی ژناندا بە تەنها خۆی ببینێتەوە.

 


*ئەم بابەتە لە ژمارە (72) ی گۆڤاری چیا، نیسانی 2026 بڵاوبۆتەوە. ئەم  گۆڤارە كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان دەریدەكات. 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا