د. زیرەک عەبدولڵا

ئەم وتارە تەرخانە بۆ قسەکردن لەبارەی دیاردەی بەبارمتەکردنی کۆمەڵگای کوردستانی لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە. تیایدا جەخت لە سیاسەتی بڕینی قووتی کوردستانیان لەلایەنی دەسەڵاتدرانی شیعەی عێراق، بەمەبەستی چۆکدادان بەدەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و لەباربردنی خەونەکانی کوردستانیان دەکرێت. هەروەک تیشک دەخاتە سەر خاڵە لاوازەکانی پارتەکانی دەسەڵات لە کوردستان لەم پرسەدا.

لە سادەترین مانایدا، بەبارمتەکردن بریتییە لە دەستبەسەرکردنی کەسێک، یان گرووپێک لە خەڵک، بەئـامانجی ناچارکردن بۆ بەئەنجامگەیاندنی رێککەوتنێک، کە بەرژەوەندیی لایەنی بارمتەکاری تێدا بەدیدێت.

بەبارمتەکردن رەفتارێکی نایاساییە، هۆشیاری مافیاگەریی لەپشتە، بەوەی دەست بۆ مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤێک، یان گرووپێک دەبات، لە هەندێک دەستکەوت، یان ئازادییەکانی بێبەشی دەکات، لەگەڵیشیدا ناچار بە هەندێک رەفتار و بڕیاری دەکات، کە لەباری ئاساییدا نایەوێت بیکات.

بەبارمتەکردن لە دوو جەمسەری ململانێکار و بووێک (کەس، یان کەسانێک)ی بەبارمتەکراو پێکدێت. زۆرجاران کەسانی بەبارمتەکراو هیچ کەمتەرخەمییەک و بێیاساییەکیان نەکردووە، هیچ پێوەندییەکی راستەوخۆیان بە ململانێکەوە نییە، بەڵکوو تەنها کەسانی نزیک لە یەکێک لە جەمسەرەکانی ململانێکەن.

دیاردەی بەبارمتەکردن لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی گێتیدا، لە کایەکانی رامیاری، شۆڤاریدا، ئیداریی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، بەئاست و جۆری جیاواز هەیە.

ئەگەر دیاردەی بەبارمتەکردن لە کۆمەڵگاکانی گێتیدا بەسەر تاک، یان گرووپێکی بچووک بەرجەستە بکرێت، ئەوا لە کوردستاندا لەپاڵ ئەوجۆرە بەبارمتەکردنە، بەبارمتەکردنێکی دیکە بوونی هەیە، ئەویش زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵگایە. بە لەبەرچاوگرتن و دەرهێنانی چەند توێژێکی دیارکراو، دەشێت بڵێین کە لە کوردستاندا بەبارمتەکردنی کۆمەڵگا لەئارادایە.

لە کوردستاندا جەمسەرەکانی بەبارمتەکردن چیتر دوو نین، بەڵکو زیاترن، بەڵام دەشێت بەسەر دوو تەوەری ناوەخۆ و دەرەوە پۆلین بکرێن. ناوەخۆ بریتییە لە قەلەمڕەوی (یەکێتی) و (پارتی) بەجیا، دەرەوە بریتییە لە حکومەتی عێراقی (کە هەمیشە بە داردەستی ئیران ناوزەدی دەکەم)، لەگەڵ وڵاتانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و..تاد. جەمسەرەکانی بەبارمتەکردنی کۆمەڵگای کوردستانی هەرچەند بن، لەوێدا یەکدەگرنەوە کە هەموویان سەر بەتوێژی سیاسەتکارانن، ئەو توێژەی خەیاڵپلاوانە خۆیان بەهۆشیارتر و زۆرزانتر لە خەڵک دەزانن، خۆیان بە سەروەر و خەڵکیش بە پاریا دەبینن.

 

دیاردەی بەبارمتەکردن لە زەمەنی دەسەڵاتداریی رژێمی بەعس و لە ململانێ لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕشدا لە زۆر رووداودا بەرجەستە دەکرێت. لەوبارەیەوە مێژوونووسان و شۆڕشگیران بە نموونە دەتوانن تیشک بخەنە سەر دەیان رووداو، بەڵام دوای رووخانی بەعس و سەرهەڵدانی دەسەڵاتی شیعەکان، قەبارەی ئەو دیاردەیە گەورەتر بوو، بەتایبەتی لە ٢٠١٤ لەگەڵ بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان بۆ مەبەستی چۆکدادان بە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، لە بەرانبەر هەندێک پرسی ستراتیژی و گرینگ.

راستە رژێمی بەعس قووتی خەڵکی نەدەبری، بەڵام مرۆڤی دەکردە بارمتە، تا نزیکەکانی دەستگیر بکات و لەناویان ببات، کەچی دەسەڵاتدارانی شیعەی ئێستا لە دژی دەسەڵاتداران و خەڵکی سەربەخۆخوازیی کوردستان، دەست بۆ چەکێکی زۆر نامرۆڤانە دەبەن، ئەویش بەبارمتەکردنی کۆمەڵگای کوردستانییە، لەپێناو خۆبەدەستەوەدان و قبووڵکردنی بندەستی و داننان بەگەورەیی و سەروەریی دەسەڵاتی شیعە بەسەر کوردستان. بەمانایەکی دیکە لەپێناو دانان بەسەنتەری ئەوان و پەراوێزی ئێمە، ئەمەش لە میانەی بڕینی قووت و بژێوی ژیانیان. ئەوەی لەنێوان ئەو دوو رەفتارەی بەعس و دەسەڵاتی شیعی هاوبەشە، بریتییە لە هزری دژە کوردستانی بوون.

دەسەڵاتی شیعە لە عێراقدا تێکەڵەیەکە لە درێژکراوەی ئەخلاقی رەگەزپەرستی بەعس و هزری دوژمنکاریی دەسەڵاتی ئیران دژ بەخەڵکی کوردستان. لەهەر شوێنێکدا کوردێک، یان بزووتنەوەیەکی کوردایەتی سەرهەڵبدات، شیعەی عێراق ئامادەی یارمەتیدانی دوژمنی کوردانە. بینیمان بەمەبەستی یارمەتیدانی ئێران چۆن هێزیان بۆ لەناوبردنی خۆپیشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەنارد.

حکومەتی عێراق بەراوێژکاریی ئێران خەریکی زەلیلکردنی کۆمەڵگای کوردستانییە، بەوەی کۆمەڵگای کوردستانیان کردووتە بارمتە، بۆ سەپاندنی مەرجەکانیان بەسەر پارتی و سەربەخۆخوازان، نەک یەکێتی، چونکە یەکێتی لە خەندەقی حکومەتی عێراقدایە. بەدڵنیاییەوە ئەگەر یەکێتی نەبێت، دەسەڵاتی شیعەی عێراق ئەوەندە بەهێز نین ئەو رەفتارە بکەن.

 

حکومەتی عێراقی لەو پرسەدا مافیائاسا لە دژی کوردستانیان رەفتار دەکات، بەڵام پۆلیتیلۆگەکان دەبێت لەخۆیان بپرسن: چۆن دەبێت حکومەت وەکو مافیا هەڵسوکەوت بکات؟ حکومەت دامەزراوەیە، بەیاسا رەفتار دەکات. فیلۆسۆفیی حکومەتداریی بریتییە لە خزمەتکردن، سەپاندنی جێگیری، پاراستنی کەرامەت و بەرژەوەندیی هاوڵاتیان، نەوەکو ئیهانەکردن و بەبارمتەکردنیان، چونکە دەسەڵاتدارنی بەدەنگی هاوڵاتیان لەو پێگەیەدان. بەو رەفتارانە، شیعەی عێراق سەلماندوویەتی، کە لە ئەگەر هەبوونی دەسەڵاتدا، زۆر لە رژێمی بەعس توندوتیژتر دوژمنکارانەترە لە بەرانبەر کوردستانیان.

بێگومان ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنساش دەستییان لەو رەوشەدا هەیە، ئەوەش دەبەستنەوە بەریفراندۆم. ئەوان دەخوازن خەڵکی کوردستان لەلایەنی ئابوورییەوە رەوشی خراپ بێت، کە ئەمە کاریگەری لە کۆی رەهەندەکانی ژیانی سۆسیۆکولتووری دەکات. ئامانجیش بریتییە لە دورخستنەوەی کوردستانیان لە بیری سەربەخۆخوازیی. ئێمە هۆکارێک بۆ دژبوونی ئەو وڵاتانە بۆ مافی هەڵبژاردنی چارەنووسی کوردستانیان شک نابەین. بۆچی لای ئەمریکییەک، بەریتانییەک و فەڕەنسییەک، عەرەب لە کوردستانیان گرنگترە؟

هەرچەندە دەڵێن کوردستانی بەهێزیان دەوێت، بەڵام ئەو قسەیە فریوەدەر. ئەوان بەو قسەیە ماسکێک دەپۆشن کە تەنها سیاسەتکاریی کورتبین دەتوانێت باوەڕی پێبکات. پرسەکەش بریتییە لە دژبوونیان لە گۆڕینی نەخشەی جیۆپۆلیتیکی ئەو ناوچەیە، چونکە ئیدارەی سیستەمی جیهانی دەکەن و جێگیریی ئەو سیستەمەیان لەلادا مەبەستە.

دیاردەی بەبارمتەکردنی کۆمەڵگای کوردستان، فاکتەری یارمەتیدەری ناوەخۆیشی هەیە، کە بریتین لە رەفتارەکانی یەکێتی و پارتی.

یەکێتی نیشتمانی لەلایەک خەڵکی سلێمانی و دەڤەری ژێر قەلەمڕەوی خۆی بەبارمتەکردووە، کە بەشێکن لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، لە دژی حکومەتی هەرێم بەکاریان دەهێنێت، ئەمەش لەمیانەی ئەو چەکدار، میدیاکار و دادوەرانەی کە بەپارەی دزراو دروستیکردوون. هێزی یەکێتی لەهێزی پارەی دزراو دایە. لەلایەکی دیکەش تەواوی خەڵکی کوردستانی بەبارمتەکردووە، بەوەی رێگا لە بەهێزبوونی کوردستان دەگرێت بۆ بڕیاری سەربەخۆخوازانە. یەکێتی بەشێکە لە شکاندن و لاوازکردنی کوردستان. زەبری گورچکبڕی ١٦ ئۆکتۆبەر بەرچاوترین نموونەی لاوازکردنی کوردستانە. ئەگەر خەڵک بیانەوێت سەربەخۆبن و لە ژێر دەسەڵاتی شیعەی عێراقدا قوورتاریان بێت، وەک ئەوەی لە ریفراندۆمدا تێبینیمان کرد، ئەوا هێشتا یەکێتی لێناگەڕێ ئەوە رووبدات. هەر بۆیە کومەڵگای کوردستان بارمتەی خیانەتەکانی یەکێتییە.

خاڵێکی دیکەی نەرێنی لەو بەبارمتەکردنەی کۆمەڵگای کوردستانی بریتییە لە پارتی و هەڵسوکەوتەکانی بەشێک لە بەرپرسەکانی. پارتی لەلایەک ناتوانێت خۆی و کوردستان بەهێز بکات، ناتوانێت بەتەواوی خەڵک لەخۆی کۆبکاتەوە، باوەڕیان پێبێنێت کە دوونیابینی و سیاسەتی ئەو راستتر و نیشتیمانپەروەرانەترە لەوانی دیکە، چونکە ئەوانی دیکە لەبواری راگەیاندندا زۆر لە پارتی بەهێزترن. ئەوان ماوە ماوە لەوڵاتی ئیران خوولیان بۆ دەکرێتەوە، بۆ مەبەستی بێبەهاکردنی کوردستان و سیمبوولەکان و پرسە رەواکەی، بۆ شووشتنەوەی مێشکی گەنجان و برەودان بە تیرۆری هزری لە دژی سەربەخۆخوازان.

لەلایەکی دیکەدا دەردە گەورەکە بریتییە لە گەندەڵی و چاوچنۆکی هەندێک لە بەرپرسانی پارتی بۆ بازرگانیکردن و پارەکۆکردنەوە. لەپاڵ خیانەت، ڤیرۆسی شێرپەنجەی جەستەی کوردستان بریتییە لە گەندەڵی و بێدادی، لەمەشدا هەندێک لە بەرپرسانی پارتی بەشی شێریان بەردەکەوێت. گەندەڵی هۆکارێکی گرنگی لەناوبردنی هەستی کۆیی و پێکبەستنی هاوڵاتیانە بەیەکتر و بەکوردستان. لەوکاتەی یەکێتی بەخیانەت (بێگومان گەندەڵی و دزیش) بەندیواری خەڵکی کوردستان لاواز دەکات، ئەوا هەندێک لە بەرپرسانی پارتی بە گەندەڵی لەو پرسەدا بەشدارن.

ئەگەر پارتی دەخوازێت بەهێز بێت، دەبێت دەستی ئەو گەندەڵانە ببڕێت کە پارتی و پۆستە ئیدارییەکان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەکاردەهێنن. ئەو گەندەڵانە خەڵک هەم لەپارتی و هەمیش لە نیشتیمانپەروەری دووردەخەنەوە.

پارتی نە ئەوەندە لاوازە هەموو داخوازییەکانی دەسەڵاتدارنی شیعەی عێراق قبووڵ بکات، نە ئەوەندەش بەهێزە بەیەکجاری لێیان جیابێتەوە و سەربەخۆیی رابگەیەنێت، ئەوەش خەڵکی لە مۆڵەق راگرتووە.

پرسیاری رژد لەو پرسەدا، پێوەستە بە رۆڵی رۆشنبیرانی کوردستان. ئایا ئەو توێژە گرینگە چ رۆڵێک دەگێرێت لە دروستکردن، یان لەناوبردنی دیاردەی بەبارمتەکردنی کۆمەڵگای کوردستانی؟ هەر شتێک لە کۆمەڵگادا رووبدات، جا هەر کۆمەڵگایەک بێت، ئەوا رۆشنبیرەکانی لێی بەرپرسن، بەو پێیەی ئەوان هزر بەرهەمدەهێنن، کە بزوێنەری ستایلی ژیانی کۆمەڵگا و دیاردە سۆسیۆکولتوورییەکانیەتی. رۆشنبیرانی کوردستان لە ئاست ئەو پرسەدا زۆر کەمتەرخەمن. ئەوان بەشدارن لە دروستکردنی جاش و ناپاک بە نیشتیمان، لە دروستکردنی گەندەڵ و دز و بەهەدەرچوونی سامانی کوردستان، ئەوان بەرپرسن لە سەرهەڵدان و بەردەوامبوونی دیاردەکانی نادادپەروەیی و بێیاسایی و..تاد. رۆشنبیران بەرپرسن لە زەلیلبوون و ئیهانەکردنی تاکی کورد لەلایەن سیاسەتکارانی ناوەخۆ و دوژمنانی دەرەوە. رۆشنبیری راستەقینە نابێت رێگا بدات کۆمەڵگا لەلایەن توێژێکی سیاسییەوە بەبارمتە بکرێت. دەبێت لەپاڵ دامەزراوە مەعریفییەکان، بەشداری چالاک بکات لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی سۆسیۆپۆلیتیکی هاوڵاتیان، تاوەکو هیچ سیاسەتکارێک ئازایەتی ئەوەی نەبێت کۆمەڵگا بەبارمتە بکات. لەئەگەری بەهێزبوونی ئاستی هۆشیاری ئەندامانی کۆمەڵگا بەبارمتەکردن، گەندەڵی، خیانەت و..تاد، دیاردەیەکی قبووڵکراو نابێت لە کۆمەڵگادا، بەڵام کێشەی رۆشنبیری ئێمە، کێشەی کەسییە (رێژەییە، بەڵام زۆرینەیە)، نەک نیشتیمان. وەرگرتنی بڕێک پارە، مووچەیەکی ژێربەژێر، پارچەیەک زەوی و ئۆتۆمبێلێک بەسە، تا بێدەنگی هەڵبژێرێت لە ئاست کۆی ئەو دیاردە نەرێنییانەی لە کۆمەڵگادا هەیە. رۆشنبیرانێک هەن حەوجەی سڵاوێکی کوڕێکی بەرپرسێکی دزی وڵاتن. هەیانە تائێستا واسیتە دەکات تا دیدارێک لەگەڵ ناپاکێک، گەندەڵێک، دزێک، پیاوکوژێک بکات و وێنەیەکی لەگەڵ بگرێت. کە رۆشنبیر خۆی ئەوەندە بچووک بکاتەوە، سیاسەتکاریش خۆی لێدەگۆڕێت، ئیدی پێی وایە کە بەکردەیی ئەو کەسێکی گرینگە لە کۆمەڵگادا.

بەرەنجام: کۆمەڵگای کوردستانی بەهۆی ئەو رەوشە ئابووری و سۆسیۆپۆلیتیکییەی تێیکەوتووە، بەبارمتەکراوە. قووتی ئەندامانی زەوتکراوە و یاری بەهەست و ژیانی دەکرێت. زەرەرمەندەکان بریتیین لە کۆمەڵگای کوردستانی، کەمتەرخەمەکانیش تەنیا سیاسەتکارانن، ناوەخۆ و دەرەوە پێکەوە.

وتاری نووسەران