
لەڕوانگەی مافی مرۆڤەوە
عوسمان زیندانی
بەندی یەكەم : هەموو مرۆڤەكان بەئازادی لە دایكبوون و لەباری ئابڕوو، و كەرامەت و مافەكانیانەوە لەگەڵ یەك بەرانبەرن . هەموویان خاوەن عەقڵ و ویژدانن و دەبێت بەگیانێكی برایانە لەگەڵ یەكدا بجوڵێنەوە ٠
ئەگەر بە وردی و بەشێوەیەكی بەرجەستەكراو لەواقعی هەرێمی كوردستاندا بڕوانین ، وەك تەواوی دنیا مرۆڤەكان بەئازادی لەدایك دەبن، بەڵام بەئازادی ناژین و لەباری ئابڕوو، و كەرامەت و مافەكانیانەوە وەك یەك نین، بێگومان لە كوردستاندا بەشێكی زۆری ئەوانەی لەدەسەڵاتن یان نزیكن لە ناوەندەكانی دەسەڵاتەوە مافەكانیان هەرگیز وەكو مافی مووچەخۆرێك و كرێكارێك و خانەنشینێك و گەنجێكی بێكار نیە و ، ئەوان خاوەنی سامانن و هیچ گرفتی خوێندن و پێداویستی تەندروستی و ڕەفاهیەتی ژیانیان نیە ، بەڵام مووچەخۆران بەچوار مانگ جارێك مافەكانیان وەردەگرن و خانەنشینان بەهەمان شێوەن و لەهەمان كاتدا مووچەكانیان زۆر كەمە و بەشی ژیانێكی مەمرە و مەژی ناكات، بەڵام مووچەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكوومەت و سەرۆكایەتی هەرێم و وەزیر و بەرپرسە سەربازی و حزبیەكانیان چەندین جار لەوان زۆرترە ، ئەوە كرێكاران جگە لەوەی كەمترین كات كاریان دەست دەكەوێت و لە ناو ڕەوشێكی سەخت و دژواردا بەكرێیەكی زۆر كەم كار دەكەن كە بەشی پێداویستیەكانی ڕۆژانەش ناكات ، لە هەلومەرجێكی وادا ئەمە كام كەرامەت و ئابڕوو پاراستنێكە لەكاتێكدا مرۆڤ بێكار بێ و ژیانێكی شایستەی نەبێت و خانەنشینێكی بەتەمەن مووچەكەی بەشی ژیانی نەكات، ئیتر ئەم ناهاوسەنگی و جیاوازیيە زۆرەی نێوانمان بەڕوونی تابلۆی ژیانی كۆمەڵكەیەكی پڕ لە جیاوازی بەڕەنگێكی زەقی نایەكسانی كێشاوە ٠
ڕاستە هەموو مرۆڤەكان خاوەن عەقڵ و ویژدانن بەڵام بەڕاست بەگیانی برایانە دەجوڵێنەوە و ڕەفتار لەگەڵ یەك دەكەن، بەدڵنیایيەوە و هەموومان باش دەزانین كە بەندی یەكەمی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ بەسەر هەلومەرجی ژیان و پەیوەندی نێوان تاكی كۆمەڵگە و تاك و گرووپەكانی دەسەڵات و خاوەن كۆمپانیاكان كە هاوبەشی دەسەڵاتن جێبەجێ نابێت، ئایە هێزە ئەمنیەكان برایانە دەجوڵێنەوە لەگەڵ مرۆڤی ناڕازی و بەرپرسە باڵا دەستەكان برایانە مامەڵە دەكەن لەگەڵ هاونیشتمانیان لەكاتی دامەزراندن و ڕێكخستنی ژیانی كارگێڕی وحوكمڕانیدا یان هەموو شتێكیان بۆ خۆیان و دەوروبەرەكەیان قۆڕخكردووە ، كوا بەویژانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە گرنگانەدا كراوە یان خاوەنكاران بەویژدانەوە لەگەڵ كرێكار وكارمەندەكاندا ڕەفتاریان كردووە، ڕۆژانە دەبینین كرێكار بێ هیچ هەڵەیەكی یاسایی لەسەر كار دەردەكرێت یان كرێی كەمیان پێ دەدرێت و لەژینگەیەكی مەترسیداری كاركردندا دەژین و هیچ بیمەیەكی بێكاری و خانەنشینی نیيە بۆ كرێكاری ڕۆژانە و بۆ دەرچووانی دانەمەزراوی زانكۆ و پەیمانگاكان ٠
ئەوە چ ویژدانێكە حكوومەتێك ئەو پەرلەمانەی بڕیاری لەسەر داوە هەڵوەشاوەتەوە و خۆیشی ماوەكەی بەسەر چووە، بەڵام بڕیار لەسەر دواخستنی مووچە دەدات و مامۆستایان و فەرمانبەرانیش بەوە تۆمەتبار دەكات كە گوایە ئەوان هۆكاری دواخستنی پرۆسەی پەروەردە و فێركردنن ، لەكاتێكدا ژیانی وەزیری خوێندنی باڵا و وەزیری پەروەردە و دامو دەزگاكانیان بەباشی بەڕێوە دەچێت و نثریەی تەواو لەبەردەستیاندایە بۆ خۆیان و بۆ كاركردن و داهاتی باش خەرج دەكرێت بۆ بواری سەربازی و ئەمنی هێزە تایبەتەكانی خۆیان و بنەماڵە و دەسەڵات وحزبەكەیان ٠
ئەوەی لەم كۆمەڵگەیەدا دەگوزەرێ (دروست كردنی جیاوازیەكی زۆری ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیە لەنێوان تاكەكانی جڤات كە گروپێكی دەستڕۆیشتووی حوكمڕان بەناوی دیموكراسی و ئازادیيەوە كار دەكەن و حوكمڕانی درێژە پێدەدەن بێ ئەوەی ڕەچاوی بەندەكانی مافی مرۆڤ بكەن) ئەم مافانە تەنها وەك پڕوپاگەندەیەك بەكاری دێنن و هیچی تر و لە زەمینەی ڕاستەقینەی ژیانی ڕۆژانەدا بەرجەستە نەكراوە كردوویانەتە ڕووپۆشێك بۆ شاردنەوەی ڕووی سیستەم و بەرنامە و سیاسەتی ستەمكارانەیان ٠
بەپێی ئەم بەندەی(جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ) حكوومەتی هەرێم پێشێلكارێكی یەكەمە لە جێبەجێكردنی بەندی یەكەمی جاڕنامەكەدا ٠