بە ڕوونی 

كاوە مەحموود

نامەی هاوڕێ كاوە مەحموود سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان بۆ كۆبوونەوەی (دەستپێشخەری پارتی كۆمۆنیستی شۆڕشگێری فەرنسا بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە تێكۆشان دژ بە سەرمایەداری و شەڕی ئیمپریالیزم)

چەپی كوردستان و، هێڵە سەرەكییەكان بۆ خوێندنەوەی ڕەوشی گشتی لە كوردستان و ناوچەكە و جیهاندا

ڕەوشی گشتی جیهان و ناوچەكە و كوردستان هەردەم پێویستی بە خوێندنەوەی نوێ هەیە، كە ڕەچاوی پەرەسەندنە سیاسی و ئابووری و ریزبەندە چینایەتییەكان و واقیعی گۆڕاو بكات. هێز و لایەن و كەسایەتی چەپ لە كوردستاندا، كە بوونی بەرچاویان لە گۆڕەپانی سیاسیدا هەیە و، بەردەوام بەدواداچوونیان بۆ پەرەسەندنەكانی ڕەوشی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و گۆڕانكارییەكانیان كردووە، ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیان بە گفتوگۆ و كۆبوونەوەی هاوبەش و ئاڵوگۆڕگردنی ڕاوبۆچوون و سوود وەرگرتن لە توانا و ئەزموونی بەكۆمەڵی یەكتریان هەیە و، ئەمەش بەو مەبەستەی خوێندنەوەی نوێ دوور لە دوگما، بە ئاراستەی كارابوونی ڕۆڵیان لە پرۆسەی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتیدا هەبێَت.

ئەم بیركردنەوەیە بنەمای تێكۆشان و كاری هاوبەشە لەگەڵ سەرجەم هێزە چەپ و سۆشیالیست و كۆمۆنیستەكانی جیهان و ناوچەكە لە جیهانێكدا، كە قەیرانەكانی سەرمایەداری زیاتر و ئاڵۆزتر دەبێت و، شەڕی ئیمپریالیستەكان فراوانتر دەبێت و، سیاسەتی قۆرخكردنی بازار و تێكدانی ژینگە و فروانبوونی بێكاری و هەژاری و دیاردەی پەراوێزخستن كێشە و گرفتی بۆ سەرجەم كرێكاران و گەلانی جیهان درووست كردووە و، ئەركی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم سیاسەتانە بابەت و ئەركی هاوبەشە و پێویستی بە بنەمای نوێ و هزری نوێ و شێوازی سەردەمیانەی هەیە. 

خوێندنەوەی نوێ و هاوبەش لەم بوارەدا پێویستی بە جەختكردن لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

1ـ دەستنیشانكردنی قۆناغی مێژوویی هەنوووكەیی لە كوردستانی باشوردا، وەك بنەمایەك لە دەستنیشانكردنی وردەكارییەكانی بابەتەكانی تێكۆشان و، جەختكردن لەسەر ناكۆكی و ململانێی سەرەكی و دەستنیشانكردنی ناكۆكییە لاوەكییەكان.

2ـ ڕەچاوكردنی ئەركەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان لە چوارچێوەی ئەم قۆناغەدا و، بە ڕەچاوكردنی ڕەوشی پەرەسەندنی ئەم بزووتنەوەیە و تایبەتمەندییەكانی لە پارچەكانی دیكەی كوردستاندا.

3ـ دەستنیشانكردنی ناكۆكییە سەرەكییەكان لە جیهانی هاوچەرخدا و، ئەو گۆڕانكارییانەی پەیوەندییان بە شوناسی سەرمایەداری هاوچەرخ لە سەدەی بیستویەكەمدا هەیە، بە جۆرێك خوێندنەوەی نوێ بۆ شوناسی ناكۆكی و ململانییە نێودەوڵەتییەكان گەڵاڵە بكرێت.

4ـ كاری هاوبەش بۆ وەڵامدانەوەی سەرجەم كاری چەواشەكاری هزری دژ بە چەپ و چەمكەكانی هزری سۆشیالستی و كۆمۆنیستی.

5ـ هەڵسەنگاندنی ئەزموونەكانی تێكۆشانی هەمەچەشنەی چەپ بە شێوەیكی ڕەخنەگرانە و، دووركەوتنەوە لە ئاراستەی بیانوو هێنانەوە بۆ كەموكوڕییەكانی بواری هزری و كردەیی تێكۆشان، بە پشتبەستن بە بنەمای یەكێتی هزر و كاری شۆڕشگێری.

6ـ كاركردن بۆ داڕشتن و گەڵالەكردنی پێناسیەكی نوێخوازانە و مۆدێرن بۆ كار و تێكۆشانی چەپ، كە پشت بە هەناسەدرێژی و بەردەوامی لە خەبات و جەختكردن لەسەر داواكارییە هەنووكەییەكانی جەماوەر ببەستێت و، بایەخی زیاتر بە بزافە كۆمەلایەتییەكان و كارتێكردنە سەر شەقام بدات و دەنگدەری پێشكەوتنخواز و باوەرهێنەر بە گوتاری سیاسی و بەرنامە و ئەلتەرناتیفی چەپ لە هەڵبژاردنەكاندا مسۆگەر بكات.

7ـ ڕوونی هزری لە بواری پێناسەكردنێكی چەپ لە سەدەی بیستویەكەمدا، كە بێگومان جیاوازی لە شوناس و ئەركەكەی هەیە بە بەراوردكردن لەگەڵ سەدەی بیستدا و، ئەمەش وا دەخوازێ، كە داواكاری پێشكەوتنخوازانە و نەریتەكانی هزری چەپ لە تێكۆشاندا بە ڕوونی و ڕاشكاوی لە گوتاری سیاسی و هەڵوێست وەرگرتندا دەركەوێت و، ڕەچاوی سەرجەم ئاڵۆزییەكانی بواری خەباتی گەلی كوردستان بۆ مافەكانی و تێكۆشانی دیموكراسیخوازانی گەلانی ناوچەكە بكرێت و، هەڵوێستی ریسواكردنی رژێمە دیكتاتۆرییەكان بە تەواوی بخرێتە ڕوو، و بە میتۆدێكی چینایەتی شوناسی رژێمە سەرمایەدارییەكانی هاوچەرخ لە ناوچەكە و لە جیهاندا پێناسە بكرێت.

8ـ دەستنیشانكردنی هێزی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و هێزی دژ شۆڕش و، ئاراستەكردنی گوتاری سیاسی چەپ بۆ هێزی نوێی پرۆسەی گۆڕاناكاری كۆمەڵایەتی، كە لە لاوان و ژنان و ڕەنجدەرانی بیروبازوو بەرجەستە دەبێت.

9ـ دەربازبوونی چەپ و كۆمۆنیستەكان لە بازنەی ئەزموونی یەكێتی سۆڤیەت و كەمپی سۆشیالیستی لە بواری بنیاتنانی سۆشیالیستی و تەماشاكردنی وەك نموونەیەكی نەگۆڕ و، كاركردن بۆ سەرلەنوێ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ چەمكەكانی یەكسانی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و سۆشیالیستی و توانای ئەنجامدان و گەیشتن بە ژیانێكی باشتر و شیاوتر بۆ مرۆڤ  لە ڕێگای هەڵگرتنی گوتار و فەلسەفەی گۆڕانكاری و، ئەمەش پێویستی بە هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانە بۆ ئەزموونەكانی پێشتر هەیە.

10ـ پاراستنی گوتاری چەپ لە خولیا و ئاراستە و بوونی لیبرالیزم، كە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی و شێواندنی گوتاری چەپ و، كار بۆ درووستبوونی هۆشمەندی چەواشە و، دەستەمۆكردنی سیاسەتەكانی چەپگەرایی دەكات و، كاری چەپ و كۆمۆنیستەكان لە بژاردەی سۆشیالیستانە وەك ئاراستەیەكی مێژوویی، دووردەخاتەوە.

11ـ پێویستە گوتاری چەپ لە كوردستاندا ئەركە نیشتمانییەكان بەرەو تەواوكردنی ئەركەكانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان بە ئەركی چینایەتی لە كۆمەڵگای كوردستاندا گرێ بدات. ئەركی چینایەتی بریتین لە ڕووبەڕووبونەوە و دژایەتیكردنی ئاراستەی بەتایبەتكردنی ڕەها و ئاراستەی نیولیبرالیزم لە بواری سیاسەتی ئابووری پەیڕەوكراو و گرێدانی هەردوو بواری خەبات بە تێكۆشان لە پێناوی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و دابینكردنی سەرجەم ئازادییەكان و دابینكردنی یەكسانی جەندەری و، گرێدانی دیموكراسی سیاسی بە ناوەڕۆكی ئابووری و كۆمەڵایەتی بۆچوونمان بۆ دیموكراسی وەك هێزێكی چەپ و، جەختكردن لەسەر بڵاوكردنەوەی چەمكەكانی پەیوەند بە مۆدێرنە و عەقلانیەت. 

12ـ ئەفراندن لە بواری شێوازی نوێی كاركردنی چەپ بەو ئاراستەیەی، كە چەترێكی هاوبەش بۆ چەپ لە كوردستان و لە ناوچەكە و لە جیهاندا بنیات بنرێت و، سەرجەم هێزە چەپەكان لە دروستكردنی ناوەندەكانی هاوبەش و ماڵی یەكگرتووی چەپ بەشداربن.

13ـ پەرەپێدانی میكانیزمی نوێی تێكۆشانی هەمەجۆری چەپگەرایی و، بەپشتبەستن بە ئەفراندنی جەماوەر و ئەزموونی بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان.

14ـ پەیڕەوكردنی سیاسەتی كرانەوە بەمەبەستی سوودوەرگرتن لە توانا و ئەزموونی كەسایەتی چەپ و ڕۆشنبیرانی چەپی ناحزبی و، ڕاكێشانیان بۆ گۆڕەپانی تێكۆشانی هاوبەش لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی چەپگەرایی، كە ئەو كەسایەتییانە لە داڕشتن و گەڵاڵەكردنیدا بەشداربن.

 

وتاری نووسەران