هیوا عومەر
ڕەخساندنی دەرفەتی كاركردنی یەكسان، لە كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت بە پێی جارنامەی مافەكانی مرۆڤ و رێككەوتننامەی مافە ئابوری و كۆمەڵایەتییەكان و دواتریش دەستوری عێراق وەك مافێكی سەرەتایی و ڕوونی هاوڵاتیان دانی پێدانراوە. كەچی لە هەرێمەكەی ئێمە دەسەڵات كاتێك كارێك بۆ كەسێك دابین دەكات وەك ئەوە وایە چاكەیەكی گەورەی كردبێت و دەبێت تا ماوە خۆی بە قەرزار بزانێت، لەوەش خراپتر دەبێت بە ناچاری و بەزۆر ببێتە ئەندام و لاینگری دەسەڵات ئەگەرنا بێبەش دەكرێت لە زۆربەی دەرفەتەكانی كاركردن و دەبێت وەك پەراوێزخراوێك بەدوای كارێك بگەڕێت كە شیاوی توانا و لێهاتووییەكانی ئەو نییە.
لەم دۆخەدا، كۆبونەوەی كۆمەلێك خەڵك لە دەوری دەسەڵات نەك كۆبونەوەكی ئارەزوومەندانە نییە بەڵكوو جۆرێكە لە سواڵكردن بە ناچاری، سواڵكردنێك ڕەنگە بتوانێت بڕێك پارە یان پۆستێكی كاتی بباتەوە بەڵام دەبێت لە بەرامبەردا دۆڕانی خۆی قبوڵبێت و تاماوە خاوەندارییەتی و بوونی خۆی بسڕێتەوە و تەسلیمی لق و مەڵبەندەكانی حزبی بكاتن!
نیشاندانی ئەم جۆرە حەشاماتە وەك دۆست و دەنگدەری حزب نەك نیشانەی زیندوویەتی و جەماوەری حزب نییە بەڵكو نیشانەی فەشەلی سیاسی و فكرییە بەڵام لەسەر بودجەو دامدەزگا و پارەی گشتی، حزب وەك شیشڵدانێك فوی تێدەكرێت، لەم دۆخەدا تەقینی شیڵدانە فوتێكراوەكە كارێكی گران نابێت، تەنها دەرزییەكی بچوكی پێویستە.
لەو بارەیەوە رۆژانە چیرۆكی جیاواز دەبیستین، بەشێكی زۆری ناوەڕۆكی ئەو چیرۆكانە لێدانە لە شكۆ و كەڕامەتی مرۆڤ. لەوەش ترسناكتر ئاگاییەك دروست دەكرێت ئەو كەڕامەت شكاندنە وەك شكان تەماشا نەكرێت بەڵكوو وەك دەرفەتێك بۆ ژیانێكی باشتری ماددی یان پلە و پۆستێك ببینرێت.
هاورێ پێیان وتم: "ئەگەر ببیتە حزبی ئەوە لە خوێندنی باڵا وەردەگیرێت بە دڵنیایییەوە هەر دوای تەواوكردنی خوێندنی باڵا، پۆستێكی باشیشت لەوێ لە پەیمانگا و زانكۆ پێ دەدەین، چاویش دەپۆشیین لە دەوامكردن و كەتنەكانیشت! ئەها فلانە كەس تۆش دەیناسی چوە ناو حزبی دەسەڵات، دەزانی چیان بۆیكردووە، هەر مەپرسە".
لە فەرمانگەیەكی تر یەكێكی تر وتی: "هاورێ پێیان گوتم ئەگەر ببیتە حزبی دەتكەینە بەرێوەبەر و ئیمتیازاتی تریشت پێ دەدەین، ئەوە نییە تۆ بەهۆی بیرو باوەری فكرییت نەیانكردیت بە دادنووس!"
جوتیارێكی گوندیش لەو لاوە وتی: "هاورێ لە ناوچە پێیان وتم مۆڵەتت دەدەین (بیری)ش لێ بدەین بە نایاسایی"
ئەمە چیرۆكی رۆژانەی خەڵكە، بەبێ بیركردنەوە لە گۆڕینی ئەم سیستەمە هیچ چارەیەكی ترمان نییە، گۆرینی سیستەم فكر و پرنسیپێكی پێویستە كە لە قوڵایی فكری دادپەروەری و یەكسانییەوە سەرچاوەی گرتبێت نەك تەنها بە گۆڕێنی دەم و چاوەكان كە زۆرجار سەر بەهەمان سیستەمی كۆنن، بەڵام لێزانن لە میكاجكردن و جوانكاری.
مسلح شێخ ئیسلام دەڵێت: "من ئەو كەسەم هەموو رۆژی هەی ژین هەی ژین، ژیانی ئەمرۆم دەفرۆشم بۆ كرینی نانی سبەی ..."، بەڵام لەم ژینگەی كاركردنەدا نەك ژیانی ئەمرۆ هەندێك خەڵك وا لێكراوە ژیان و شكۆی ئەمرۆ و سبەینێشی بفرۆشێت.