
هۆشیاری عەبدولعەزیز
یەکێک لەو بابەت و تێرمە پڕبایەخ و گرنگانەی کە لە چوارچێوەی ئیدارەدانی کۆمەڵگادا بەدی دەکرێ بابەتی دامەزراندن و خانەنشینە ، ئەم بابەتە لەدنیای ئەمڕۆدا بەشێكە لە سیاسەت و ستراتیژی ئابووری، سیاسی و كارگێڕیی دەوڵەتان و بەخاڵی گرنگی یەکلاکەرەوەی دەوڵەتی باش دەناسرێ و لە زور ڕووشەوە دەبێتە هۆکاری سەرکەوتنی حوکمڕانی ، واتا پرۆسەی دامەزراندن و خانەنشینی لە وڵاتانی پێشكەوتوو گرنگیی تایبەتی هەیە و بنەمایەکە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و لە هەرجێەک کەم و کورتی لەو بوارانە هەبێ قەیرانی گەورە سەرهەڵدەدەن و کۆمەڵگا تووشی جۆرێک لە ڕکوود و وەستانی نا سروشتیی دەبێتەوەو وادەکات جۆرێک لە ئاژاوەی ئابوری و سیاسی ڕووبدەن ، بۆ ڕێگری لەم حاڵەتەش لە زۆر لە وڵاتانی خۆرئاوا و وڵاتانی پێشکەوتوو كۆمەڵێك چاكسازیی بنەڕەتی لەم سیستەمە هاتووەتەئاراوە و وایکردوە خزمەتی زیاتر بەم دووتوێژە بکرێ ، بۆیە گەر بە تێڕوانینێکی بابەتیانە و ورد لە دۆخ و هەڵومەرجی كوردستان و پرۆسەی ئیدارەدانی دەوڵەت و قۆڵکردنەوەی بازاڕ و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری بڕوانین و کەمێک بە دیقەتەوە لە پرۆسەی حوکمڕانی کوردی ورد بینەوە دەگەینە ئەو حەقیقەتەی كە ئەوەی لێرە ڕوو دەدا نەك هەر بۆ ئەو ئامانج و مەبەستانە نییە کە لە سەرەتا ئاماژەمان پێکرد، بگرە گرفتەكان زۆر لەوە زیاترن و پەیوەستن بەشکستی تێڕوانین و فەلسەفەی دەسەڵات و حوكمڕانی و سیستەمی ئیدارەدانەوە
زۆرجار لە کۆمەڵگا سیاسیە شکستخواردوەکاندا بازرگانە سیاسییەکان کە بەهەر نرخێک بێت ئیحتکاری سوڵتەی سیاسیان کردوە و خەریکی چنینەوەی دەستەکەوتەکانن ، کار لەسەر ئەو موزایەداتانە دەکەن و هەوڵدەدەن لەڕێگەی کۆمەڵێک بەرپرس و ڕۆشنبیری نمایشکارو فەیکەوە بەرێگاو ئامرازی جیاواز خەڵک چەواشە بکەن و سەرنجی کۆمەڵگا بەلای خۆیاندا ڕاکێشن ، ئەم بەرخۆرە سیاسیانە هەمیشە وەک هەلپەرستێکی لێزان وەک ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەیبینین لەبۆسەدان بۆ سودوەرگرتن لەهەر ئاڵۆگۆڕێکی سیاسی، یان تەنگەژەیەکی ئابوری یان کێشمەکێشێکی حزبی. و بێ شەرمانە دەکەونە شاباش کردنی دەسەڵات و ڕەوایەتیدان بەو یاسا و ڕێسایانەی کە کۆمەڵگای پێ لەقاڵب دراوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە حکومەت بەهۆی قەیران و تەنگەژە ئابوری و سیاسیەکانەوە توانای ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو دۆخەی نیە و دەبێ خەڵک پشوو درێژبێت لەم ئاستەدا
کەچی سەرەڕای ئەو هەمووبانگەیەش هێشتا لێرە دەسەڵاتی سیاسی وەک هەر دەسەڵاتێکی بێ موبالاتی ناشی نەیتوانیوە وەك پێویست سەركەوتوو بێت لە وەبەرهێنان و بەكارهێنانی بودجەی گشتی و داهاتەكانی كوردستان بۆ دروستكردنی ژێرخانێكی ئابووریی بەهێز و بەدیهێنانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی ، چونکە داهاتی ئەم وڵاتە جگە لەوەی كە بۆ ئەو ئامانجەکانی بازرگانی و بەهێزکردنی حزب و بنەماڵە بەکاردێت و هۆکارێکی باشە وەك ئامرازی راكێشانی وەلائی دەنگدەران و رازیكردنی ئەندامی حیزب و تەخشان و پەخشان کردنی سەروەت و سامانی نیشتمانی ، دەسکەوتێکی بەهێزیشە بۆ کڕینی سێکتەرە گرنگەکانی دەوڵەت و لە زۆر خاڵدا ئەحزابی حوکمڕانی هەرێم چی لەسەر ئاستی عێراق و چی لە سەرئاستی کوردستان ئەو کارەیان کردوە و توانیویانە لەو ڕێگایانەوە خۆیان بگرنەوە ، بەم خۆگرتنەوەش پرۆسەی دامەزراندن و خانەنشینكردنی فەرمانبەر شکستی پێ هێنراوەو جێ بایەخی کەس نیە و وایکردوە توێژێكی مشەخۆری لەسەر حیسابی بودجەی گشتی و مافی خەڵكانی شایستە دروست كردووە.
بەداخەوە ئەحزابی دەسەڵاتداری هەرێم زۆرباش دەزانن کە دەمەزراندن و خانەنشینی دوو خاڵی گرنگی ڕەوڕەوەی بەرەوپێشچونی کۆمەڵگا و زیندوو ڕاگرتنی متمانەی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا لە گەڵ ئەوەشدا خودی دەسەڵات خۆی دەزانێ دامەزراندن زەروورەتی کەمکردنەوەی پەنگخواردنەوەی قەیرانی حوکمڕانیە و خانەنشینیش موچە نیە وەک دەگوترێت بەڵکو پارەیەکە پێشتر خۆت لای حکومەت داتناوە و وەریدەگرێتەوە بەشداری و موساهەمەیەکە حکومەت بەشێک لە موچەکەت لا ئەدا لەو سەری تەمەن کاتێک لەخزمەت ئەوەستی ئەبێ بیداتەوە، بەکورتی حکومەتە حزبیەکەی هەرێم بە دیدێکی نشتیمانی ناڕوانێتە ئەم دوو خاڵە گرنگە و پێی وایە ئەگەر موچە و قوتی خەڵکی لەژێر دەستدا نەبێت ناتوانێ حوکمڕان بێت و هەمو فەلسەفەی حوکمرانیان لەوەدا کورتکردۆتەوە کە خۆیان موچە و خانەنشینی بدەن و ناشتوانن دادگەرانە و رێک و پێک لانیکەم وەک ئەو بەغدایەی کەوەک جەهەنەم وێنای دەکەن و پڕە لە توندوتیژی و جۆرەها دەمارگیری مەزهەبی و قەومی و ئایدۆلۆژی حوکمڕانی بکەن