هۆشیاری عەبدولعەزیز

بەپێی زۆر لە پێوەرە زانستیە نێودەوڵەتیەكان پەروەردە یەكێكە لە سێكتەرە هەرەگرنگەكانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی و سەرەتای ترین هۆكارە بۆ پێشكەوتن و سەرخستنی خواست و ئیرادەی تاك وبنەمایەكی بە هێزیشە بۆ بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگا، چونكە وەك ئۆگست كۆنت دەڵێ : پێش هەر شۆڕشێكی كۆمەڵایەتی، پێویستە دەست بە شۆڕشێكی فیكری و پەروەردەیی بكرێ ”.واتا بەبێ گۆڕانكاری لە فیكر و فەلسەفەی پەروەردە خواستی پێشكەوتن و بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگا  نایەتەدی و ناتوانرێ هیچ گۆڕانكاریەكی ڕیشەی بەرهەم بهێنرێ بەو ئاراستەیەی كە ئێمە دەمانەوێ‌ ، لە گەڵ ئەوەشدا دەبێ ئەو ڕاستیەمان بیرنەچێ كە سێكتەری پەروەردە و گەشەكردنی كەرستەكانی ناو ئەو سیستەمە هەروا لەخۆیەوە نەهاتوە و بەئاسانیش نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە ئەو وێنا گشتیە گرنگ و پڕبایەخە نێوودەوڵەتیە وەربگرێ لەو شكل و فۆڕمەی كە لە ئێستادا دەبینرێ لەناو تێگەشتنی ئەخلاق و فەلسەفەی گشتیدا 

لە تەواوی كۆمەڵگا پێشكەوتوەكانیشدا سێكتەری پەروەردە دابەش دەبێتە سەر دوو ئاراستەی گشتیدا و وادەكات بەدیوێكدا لایەنی زانستی و ئەكادیمی تاك بەهێزبێت و ئارستەیەكیش جوڵاندنی هەستی تاك و پێگەیاندنی نەوەیەكی ئەقڵانی و پڕمەعریفەیە لەناو شەقام و ناوەندە كۆمەڵایەتی و سیاسیەكانی كۆمەڵگادا بەشێوەیەكی بابەتیانە و بەدور لە رق و دەمارگیری قسە لەسەر هەموو ئەو شكست و كێشە گەورانە بكات كەپانتایەكانی ژیانی كۆمەڵگا داگیردەكات، واتا بەرهەمهێنانی هوشیاری كۆمەڵایەتی و تێگەشتن لە دیاردە و ڕوداوە ئەرێنی و نەرێنیەكان و دوركەوتنەوە لە هەر جۆرە چەقبەستن و دۆگەمابوونێكی مەترسیدار، بەمانایەكی تریش پەروەردەی باش كۆمەڵگایەكی مۆدێرن و ڕوو لە گەشە بەرهەمدێنێ و ژینگەیەكی تەندروست دەخولقێنێ

كەچی پێچەوانە بەم تێڕوانینە و بە دور لە هەر پێوەرێكی زانستی سێكتەری پەروەردە لە كوردستان لە خراپترین ئاستیدایە و كەوتۆتە دۆخێكی تەواوبێسەروبەرو شڵژاوەوە و لەگەورەترین قەیران و وێرانبووندایە ، ئەم قەیرانە كاریگەری گەورە و ئاشكرای كردۆتە لەسەر لاوازی ئاستی هۆشیاری تاك و پەشێوی كۆمەڵایەتی و نەبوونی چالاكی عەقڵانی و لەناو سەرجەم كایەكانی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی وئابوری شدا ڕەنگی داوەتەوە و بوەتە هۆكاری بەرهەمهێنانی زۆرترین دیاردە و ڕووداوی نەخوازراو مەترسیدار،  تەواوی ئەو ڕوداوانەش كە لەناو فەزای سیاسی و كۆمەڵایەتی ئێمەدا ڕوودەدات، نەبوەتە مایەی هەڵوێستە لە سەركردن و بەهیچ جۆرێك دەسەڵاتی ڕانەچڵەكاندوە و نەبوەتە مەوزووع و لە هیچ ئاستێكدا قسەی لە سەرناكرێ ، بەمەرجێ لە دەرەوەی ئەم بازنەیەش كۆمەڵگا بووەتە نەخۆشخانە و زپڵخانەیەكی گەورە و بەهەزاران جۆر داودەرمانی خراپ و خۆراكی پیس و ژەهراوی و بیروبۆچونی مەترسیدا دەرخواردی خەڵك دەدرێت ، ئەمە لەكاتێكدایە كە بە پێوەر و پێناسەی زۆر لە رێكخراوە تایبەتمەندەكانی ئەم بوارە وێران بوونی سێكتەری پەروەردە و پرسی فێربوون یەكێكە لە مەترسیە هەرەگەورەكانی بەردەم گەشەی كۆمەڵگا و هیچ بوار و كەرتێكیش هێندەی پەروەردە بۆ پێشكەوتنی وڵات چاوی لەسەر نییە و كاری لەسەر ناكرێت ، كەچی سەرەڕای ئەو ڕاستیەش ئەحزابی حوكمڕان وەك چۆن سەرتاپای كۆمەڵگایان هەڵژەنیوەتە قەیران و شكست بە دوای شكستدا تۆمار دەكەن ئاوا سێكتەری پەروەردەشیان بەو دەردە بردو بوونە مایەی گەورەترین مەترسی بۆ سەر ژینگەی سیاسی و فەلسەفەی پەروەردە و ڕێگر لە بەردەم هەرجۆرە پێشكەوتنێك كە كۆمەڵگا پێویستی پێبوو 

لەگەڵ ئەو هەموو قەیران و شكستانەشدا ئەوەی جێگەی نیگەرانی و مەترسیە ، بێباكی و ئاوڕنەدانەوەی دەسەڵاتە لەم سێكتەرە گرنگە و چارەنووسی خوێندنی دەیان هەزار قووتابی كەبەهۆی  وەرزێك لە بایكۆت و دەوام نەكردنی بەشێكی زۆری خوێندنگە و پەروەردەكان و ململانێی ناشەریفانەی ئەحزابی حوكمڕانی كوردستانەوە خەریكە دەفەوتێ، كەچی وێڕای ئەوەش هێشتا ئەم مەترسیە لە ناو وێنە گشتییەكەی حكومڕانی ئێمەدا چەكەرەی نەكردوە و وەك بابەتێكی سیاسی و دووئیدارەی و قۆرخكردنی فۆرمەكانی دژایەتی و ململانێ مامەڵەی لە گەڵ دەكرێت و بەدەر نەكراوە لەو تێكهەڵكێشە خراپە سیاسیەی كە هەموو جوڵەیەك بە دژی یەكتر دەزانن و پێیانوایە بایكۆتیش لەو چوارچێوەیە دەرناچێ، ئەمەش كوشندە ترین هەڵەی تێگەیشتنی سوڵتەی سیاسی و ئەحزابی حوكمڕانە و دەبێ بزانن كە وێرانبوونی سیستەمی پەروەردە واتا وێرانبوونی تەواوی جومگەكانی كۆمەڵگاو پرۆسەی دەوڵەتداریە و دواجار ناتوانن بەشێوەیەكی سەلامەت لەو قۆزاخەیە ڕزگاریان بێت كە سەرانی ڕژێمە دیكتاتۆر و ستەمكارەكانی ناوچەكە گوڕاوەكەیان چەشت

وتاری نووسەران