خدر ئیبراهیم خدر

وەک چۆن چاودێریکردن و بەدواداچوونی دۆخی گشتی خوێندنگە و قوتابخانەکان و، هەڵسەنگاندنی چلۆنایەتی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و میکانیزمەکانی فێرکردنی خوێندکار و، ئاستی بەرزی و نزمی دەرچوون و کەوتن و، چەندین لایەنی تری پەیوەست بەو پرۆسەیە، بەیەکێک لە کار و ئەرکە هەرە لەپێشەکانی یەکەی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی دادەنرێت، کە لەرێگەی نەخشەڕێگەیەکی درووستەوە لەلایەن کاراکتەرەکانییەوە ڕایی دەکرێت . بەهەمان شێوەش کۆکردنەوە وهەڵسەنگاندنی پرسیارە گشتیەکانی هەردوو خوولی یەکەم و دووەمی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم و دووەم بەیەکیك لە دەستاوردە پۆزەتیڤ و پڕ بایەخەکان دادەنرێت، بەوپێیەی پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی هەیە بەسەرجەم بارودۆخە دەروونی و سایکۆلۆژی و زانستی و مەعریفییەکانی خوێندکارەوە . ئەمەش لەوەدا ڕەنگدەداتەوە کە تاکوێ مامۆستای پسپۆڕ لە پرسیارەکانیدا میکانیزمە درووستەکانی دانانی پرسیاری ڕەچاوکردووە و، هاوسەنگی لەبەرچاوگرتووە لە بەشداریپێکردنی سەرجەم بەش و بابەتەکانی پڕۆگرامدا و، لەڕووی زمانی نووسین و ڕینووس و خاڵبەندیشەوە  بەتەواوی پەیڕەوی لەڕێسا و بنەما درووستەکان کردووە . لەهەمانکاتدا لە دانانی پرسیارداتاکوێ دۆخی سایکۆلۆژی خوێندکاری لەبەرچاوگرتووە و، ناواخنی پرسیارەکانی بەجۆرێک داڕشتووە کە بۆ سەرجەم ئاستە جیاوازەکانی خوێندکاران بشێت لەڕووی توانای زانستی و مەعریفی و ئەقڵییەوە . هەموو ئەوەش دەبێتە پێودانگێکی بنچێنەیی بۆ دەرخستنی توانای مامۆستا لە هونەری دانانی پرسیاردا . لەهەمانکاتدا دەبێتە پێوەرێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەزموونکردنی سەرکەوتووانەی خوێندکاران لەو پڕۆگرامەی بۆ ماوەی چەند مانگێک لە ماڵدا خوێدوویەتەوە و لە پۆلدا گوێی بۆ گرتووە .   

لەگەڵ گرنگی و بایەخی ئەم ڕێوشوێنە زانستی و ئەکادیمییەدا، بەڵام وەک تێبینی دەکرێت، لەلایەن کاراکتەرەکانی یەکەی سەرپەرشتیاری پەروەردەییەوە بەو جۆرە پەیڕەو ناکرێت کە مەبەستی ڕاستەقینەی لەدوواوەیە، بەڵکو تاڕادەیەکی زۆر لەگەڵ ئەو ئاراستەیەدا پێکدژدێتەوە کە ئامانجی لێی بەداداچوون و هەلسەنگاندنێکی درووستە بۆ پرسیارەکان و، دەستنیشانکردنی خەوش و هەڵەکان لەڕووی زمانەوانی و ڕێنووس و ئاست و بنەماکانی هاوسەنگی بابەتەکان و، تۆمارکردنی سەرجەم زانیارییە گشتییەکان لەسەر ڕووپەڕی پرسیارەکان لە نموونەی دەستنیشانکردنی خوولی تاقیکردنەوە و، ناوی بابەت و و ڕۆژ و ڕێکەوتی تاقیکردنەوە و، ناوی مامۆستای وانە و ئەندامانی لیژنەی پسپۆڕ کە پێویستە سەرجەمیان لەپرسیاردا بنووسرێن . دوواتریش پێدانی سەرنج و تێبینی پێویستە لەم ڕووەوە بۆ مامۆستایان .

*

ئەوەی تا ئێستا پەیرەوکراوە بریتیییە لە کۆکردنەوەی پرسیارەکان و، پاشان سپاردنی بە ژمارەیەک مامۆستای دەرەوەی یەکەی سەرپەرشتی بۆ هەڵسەنگاندنیان، لەکاتێکدا دەبووایە خودی سەرپەرشتیاران ئەم ئەرکەیان لەئەستۆگرتبا و، بەشێوەیەکی ڕاسەوخۆ ڕاییانکردبا . چونکە هەم لەم لەڕووی ئەزموونی زانستییەوە لەپێشترن و، هەم لەرووی کار و ئەرکیشەوە دەستبەتاڵترن . بێگومان هەبوونی ئەزموونی ڕابردووی وان دەبێتە دەستاوردێکی پۆزەتیڤ بۆ ئەوەی باشتر و وردتر هەڵە و کەموکوڕییەکان دەستنیشابکرێن . لەهەمانکاتدا دەبێتە وەسیلەیەکی گونجاو بۆ ئەوەی لێیەوە باشتر سەرنج و تێبینییەکان سەبارەت بە پرسیارەکان بگەیەنرێتە مامۆستانی پسپۆڕ و، ئەوانیش بەهەندی بگرن و، سوودی پێویستی لێوەربگرن . بەڵام وەک سەرنج دەدردرێت، کاراکتەرەکانی یەکەی ەرپەرشتیاری پەروەردەیی، خۆیان لەو ئەرکە دەبوێرن و، پاش هەڵسەنگاندنی پرسیارەکان لەلایەن کۆمەڵێک مامۆستای خوێندنگەکان، ئینجا وەک بەڵگەیەک سەلماندنی ئەوەی پرسیارەکان  بەژێر دەستی ئەواندا تێپەڕیون، تەنها ناو و ئیمزای خۆیانی لەسەر دادەنێن .

لێرەدا بەشێک لەو خاڵانە دەستنیشان دەکەم کە تاڕادەیەکی زۆر ناکارایی و لایەنی نەرێنی ئەم چەشنە هەڵسەنگانە دەردەخات لەلایەن مامۆستایانی دەرەوەی یەکەی سەرپەرشتیاری پەروەردەییەوە بۆ پرسیارەکانی هەردوو خوولی یەکەم و دووەمی تاقیکردەوەکای کۆتایی وەرزی یەکەم و دووەمی خوێندن ئەنجام دەدرێت، کە من لەلای خۆمەوە ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنە، بە ( هەڵسەنگاندنی پرسیارەکان لەڕێگەی دەستی دوو ) ەوە ناودەبەم .:

- هەندێکجار پێدانی ئەم پرسیارانە بە مامۆستایان لەسەر بنەمای ناسیاوەتی و نزیکایەتی ڕایی دەکرێت، تاکو لەو ڕێگەیەوە مامۆستای هەڵسەنگێنەر پاداشت بکرێت و، لە کۆتاییدا سوپاسێک وەربگرێت .

- کەم ئەزموونی بەشێک لەو مامۆستانەی دەستنیشاندەکرێن  بۆ هەڵسەنگاندنی پرسیارەکان، چ لەڕووی تەمەنی فیزیکی و چ لەڕووی تەمەنی مامۆستایەتییەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانن بەتەواوی سەر لە فۆرم و شێوازە جیاجیاکانی پرسیار و دابەشکردنی نمرە و زۆر لایەنی دی پەیوەست بە پرسیاردانان دەربکەن .

- تێپەڕاندن و لەکۆڵ خۆکردنەوەی پرسیارەکان لەلایە بەشێک لە مامۆستایان، کاتێک ژمارەیەکی زۆری پرسیاریان پێدەدرێت کە دەبێت لەماوەیەکی سنوورداردا هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەن و بیانگەڕێنەوە بەردەستی سەرپەرشتیاران . ئەمەش بەنۆرەی خۆی هەڵە و سەرچیغ چوونی لێدەکەوێتەوە .

- حەز و ئارەزووی بەشێک لە مامۆستایانی هەڵسەنگێنەر  بۆ خۆنواندن و نمایشی کەسێتی، کە وادەکات هەڵەی بچووک بچووک و لاوەکی گەورەبکەن شایستەی ئەوەنەبێت بەوهێنندە دەنگی لێبهێنڕیت و گەورە بکرێت کە زۆرینەی جارەکان بەهۆی چاپەوە درووستدەبن و، کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر توانای تیگەیشتنی خوێندکار لەپرسیارەکان درووستناکەن .

-- لەبەرەنجامی کەمی وابەستەیی زۆرینەی مامۆستایان بە خوێندنەوە و بەداواداچوونی سەرچاوە مەعریفیەکانی دەرەوەی پرۆسەی خوێندنەوە، بەشێک لە مامۆستایانی هەڵسەنگێنەر، دەکەونە هەڵەی ناقۆڵاوە، چونکە کەمی و لاوازی زەخیرەی مەعریفییان وادەکات نەتوانن سەر لەهەندێک وشە و دەستەواژە و  دەربڕین و پەند و ئیدیۆم دەربکەن کە لە چوارچێوەی پرسیارەکاندا هاتووە و، بەنەشارەزاییەوە وەک خەوش و کەموکوڕی پێوانەی بۆ دەکەن .

- بێگومان خاڵی تریش هەن ئاماژەیان بۆ بکرێت، بەڵام بۆ ئەوەی وتارەکە لەوەی هەیە درێژتر نەبێت، بەم چەند خاڵەی سەرەوە ئیکتیفا دەکەین .

*

بەداخەوە، لەماوەی ئەزموونکردنی ئەم شێوازە لە هەڵسەنگاندنی پرسیاردا لەم ساڵانەی دوواییدا، هەڵەی وا ڕوویداوە لەلایەن مامۆستایانی هەڵسەنگێنەرەوە کە وەک دەڵین سەر بەقووڕی ‌هێناوەتە پێکەنین . وەک ئەوەی بیانوویان بەوە هێناوەتەوە کە فۆنتی پرسیار لە ١٦ کەمترە و، چاوی خوێندکار ئازار دەدات . وەک ئەوەی نابێت لە پرسیاری بۆشاییدا، خاڵێک دوو داواکراوی تایدا بێت . وەک ئەوەی پێویستە  پرسیار بەگوێرەی دووایین دیزاینی سەدەی بیست و یەک ڕەنگڕێژ بکرێت . وەک ئەوەی نابیت پرسیار بەو هێندی زۆر بێت نیازی بە دوو نوسخەی کۆپیکراو بێت . وەک ئەوەی پێویستە ژمارەکان بە بۆڵت بنووسرێن و جیابکرێنەوە لە نووسینەکانی تر بۆڵت نەبن . وەک ئەوەی ...

بێگومان ئەو چەشنە تێبینی و سەرنجە ناوەقیعی ولابەلایانەش لەجێگەی ئەوەی مامۆستانی پسپۆڕ دڵخۆشبکات و لەداهاتوودا بەهەندی بگرن، وایکردووە کردەی هەلسەنگاندنی پرسیارەکانیان لەلا ببێتە شتێکی بێسوود و نەخوازراو . لەم سۆنگەیەشەوە،  لەلایەک ڕەخنە لەو مامۆستایانە بگرن کە بە بێ ئەزموونییەوە چەندین خاڵ و تێبینییان لەپەڕاوێزی پرسیارەکاندا ڕیزکردووە . لەلایەکی تریشەوە سەرکۆنەی ئەو سەرپەرشتیارانە بکەن کە خۆیان لەو ئەرکە دابڕیوە و، لەجێگەی هاندان و پشتگیری لەپرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا، زیانی زانستی و مەعنەویان پێگەیاندوون .

*

ئەمەی سەرەوە وادەکات جارێکی تر جەخت لەسەر ئەوەبکەمەوە کە گرنگ و پێویستە کردەی هەلسەنگاندنی پرسیارەکان لە ئەستۆی سەرپەڕستیاران خۆیان بێت . مادام ئەوان هەریەکێکیان پسپۆڕی لە وانەیەکدا هەیە، کەواتە دەکرێت بە گوێرەی پسپۆریەکانیان، پرسیارەکان هەڵبسەنگێنن . ئەوکات هەم ئەو ڕێوشوێنە، تاڕادەیەکی باشتر بەڕێوەدەچێت، هەم سەرنج و تێبینییەکانیش وردتر و بێ هەلەتر سەبارەت بە پرسیارەکان کۆدەکرێنەوە و، دەخرێنە بەردەم مامۆستایان .

 

وتاری نووسەران