ڕێواس ئەحمەد بانیخێڵانی

یادکردنەوەی ٣١ی ئادار، بۆ شیوعییەکانی عێراق و کوردستان، هەرگیز یادێکی ئاسایی و تێپەڕ نییە؛ بەڵکوو وێستگەیەکە پڕ لە ورە و کانییەکە بۆ بەخشینی وزە بە ڕۆحە ماندوونەناسەکان. ئەندامان و دۆستانی حزب، لە سەختترین و دژوارترین ساتەکانی ژیاندا، بەوپەڕی شانازییەوە یادی ئەم ڕۆژەیان بەرز ڕاگرتووە. چ لە تاریکستانی ژیانی نهێنیدا، چ لە ئامێزی گەرم و میهرەبانی چیا و دەشتەکاندا، و چ لە دیواری ساردی زیندانەکاندا، بە شێوازی جۆراوجۆر مەشخەڵی ئەم یادەیان داگیرساندووە.

ئەم ئاهەنگگێڕانە، تەنیا بۆ یادکردنەوەی ساڵیادی دامەزراندنی حزبێک نەبووە کە بە درێژایی تەمەنی خۆی، پێشەنگ و ئاڵاهەڵگری خەباتی چینایەتی، نیشتمانی و نەتەوەیی بووە؛ بەڵکوو کڕنۆشبردنێک بووە بۆ ڕێزلێنان لەو هەموو ئەندام و دۆستە قارەمانانەی کە لە کونجی زیندانەکانی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکاندا، سینەیان کردە قەڵغانی ئەشکەنجە و ئازارەکان و، لەپێناو خاکدا گیانی پاکیان بە نیشتمان بەخشی. هاوکات، پەیمانێکە بۆ بەرزڕاگرتنی شکۆی ئەو خێزانە سەربەرزانەی کە هەرگیز تام و چێژی ئارامییان لە ژیاندا نەچەشت؛ ئەوانەی لەناو گێژاوی دەربەدەری و نەبوونیدا، جگەرگۆشەکانیان پەروەردە کرد و وەک چیایەک بەرگەی زریانە سەختەکانی ژیانیان گرت.
بەڵام بۆ زۆرێک لە ئێمە، ئەم یادە هاوکاتە لەگەڵ کولانەوەی برینێکی قووڵ و بەسوێ؛ ئەویش شەهیدبوونی پۆلێک پێشمەرگەی قارەمانی حزبە لە ٣١ی ئاداری ١٩٨٢دا. پۆلە پێشمەرگەیەک، کە هەر یەکێکیان هەڵگری کۆمەڵێک ئامانجی مەزن و هیوایەکی گوڵاڵەیی بوون. ئەوان بڕیاریان دابوو لە قەدپاڵ و دامێنی چیا سەربەرزەکاندا، ئاهەنگێک بۆ یادی حزبەکەیان ساز بکەن، پەیمان و بەڵێنی خەبات نوێ بکەنەوە و، سوجدەی ئەمەکداری بۆ شەهیدانی ڕێگای ئازادی ببەن.
بەڵام، ئاخ و هەزار مەخابن! دەستێکی ڕەشی خۆفرۆش، غەدری لەم پۆلە فریشتەیە کرد و نۆکەرە خۆفرۆشەکانی ڕژێمی سەدامیان لێ ئاگادار کردنەوە. لە ماوەیەکی کورتدا، جاشە خوێنڕێژەکانی تەحسین شاوەیس و سوپای دڕندەی ڕژێم، بە پاڵپشتیی هێلیکۆپتەر، وەک داڵاش هێرشیان کردە سەر ئەم پۆلە پێشمەرگە پاڵەوانە. 
ئەوانیش، بە ورەیەکی پۆڵایینەوە، تا دوایین دڵۆپی خوێنیان، تا دوایین هەناسەی سەرفرازی و تا دوایین فیشەکی چەکەکانیان، لە شەڕێکی نابەرامبەر و داستانئاسادا بەرگرییان کرد. یەک لەدوای یەک، وەک گەڵای پاییز کەوتنە سەر زەوی و ژیانی خۆیان بە حزب و نیشتمان سپارد.
لەناو ئەو پۆلە پێشمەرگە نەمرەدا، "سەرباز"ی برام شەهید بوو؛ شەهیدێک کە هێشتا خوێن لە دڵی دەتکا و، ئازاری لەدەستدانی دایکی (کە تەنیا شەش مانگ پێش ئەو کارەساتە دڵتەزێنە کۆچی دوایی کردبوو) لە ناخیدا بەسۆز بوو، کەچی هێشتا بە دەنگێکی زوڵاڵەوە سروودی کۆڵنەدانی دەگوتەوە.
هەزاران سڵاو... سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی بەکربایەف... سڵاو لە هەموو شەهیدانی حزب و ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا