
مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان، پیرۆزبایی لە کۆماری فیدراڵی ڕووسیا دەکات بەبۆنەی ١٢ی حوزەیران، ڕۆژی نیشتمانیی ڕووسیا
بۆ بەڕێزان / کونسوڵی گشتیی کۆماری فیدراڵی ڕووسیا لە هەولێر
بابەت: پیرۆزبایینامە
سڵاوێکی هاوڕێیانەی گەرم..
بەبۆنەی ١٢ی حوزەیران، ڕۆژی نیشتمانیی ڕووسیا، بە ناوی مەکتەبی سیاسی و سەرجەم هاوڕێیانمان لە حزبی شیوعی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابتان و حکومەت و گەلی ڕووسیا دەکەین. هیوای بەختەوەری و گەشەسەندنی بەردەوام بۆ وڵاتەکەتان دەخوازین.
ئەم یادە نیشتمانییە لە کاتێکدا دەکرێتەوە کە جیهان بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە گۆڕانکاریی سیاسی و ستراتیژیدا تێدەپەڕێت. ئێمە لە حزبی شیوعی کوردستان، بە بایەخێکی زۆرەوە دەڕوانینە پێگە و ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری کۆماری فیدراڵی ڕووسیا لەسەر ئاستی جیهان.
ڕووسیا وەک ئەندامێکی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەمیشە فاکتەرێکی سەرەکی بووە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی نێودەوڵەتی و ڕێگریکردن لە تاکڕەوی لە بڕیارە جیهانییەکاندا، کە ئەمەش خزمەت بە ئاشتی و سەقامگیریی گشتی دەکات.
هەروەها ئەو ڕۆڵەی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیگێڕێت، بەتایبەت لە هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و لێکتێگەیشتن لەنێوان گەلاندا.
ئەو گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بەردەوامانەی کە لەنێوانمان هەیە سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، نیشانەی قووڵی و ڕەسەنایەتی ئەو پەیوەندییە دۆستانەیەیە کە ساڵانێکی درێژە کۆمان دەکاتەوە.
دووبارە پیرۆزبایی خۆمان بۆ ئەم یادە دووپات دەکەینەوە و هیوادارین پەیوەندییەکانی نێوانمان هەمیشە بەرەو پێش بچێت، لە پێناو بەرژەوەندیی هاوبەش و پشتیوانیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلان بۆ ژیانێکی ئازاد و سەقامگیر.
لەگەڵ ڕێز و سڵاوی هاوڕێیانەماندا
مەکتەبی سیاسی
حزبی شیوعی کوردستان
١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
