
رێگای کوردستان
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لەسەر ڕووداوێک بڵاوکردەوە، کە تێیدا تەرمی ئافرەتێک بە سووتاوی لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا دۆزراوەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پۆلیسی هەولێر، ڕووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێکەوتی ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ لە کاتژمێر ٦:٠٠ی بەیانی بووە، کە تێیدا تەرمی ئافرەتێک بە ناوی ( د . ک . م ) بە سووتاوی لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا لە سنووری ناحیەی دارەشەکرانی سەر بە شاری هەولێر دۆزراوەتەوە.
پۆلیسی هەولێر دەربارەی ڕێکارەکان ڕایگەیاندووە:
دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس و تیمە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ڕووداوەکە کردوە و ڕاپۆرتی تیمی لێکۆڵینەوەی بەڵگەکانی تاوان هاوکات لەگەڵ ڕاپۆرتی پزیشکی دادی ئامادە دەکرێن.
