ئەمڕۆ ​ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی ڕایگەیاند، کە زیاتر لە ١٥٠٠ کەشتیی بیانی لە هەردوو لای گەرووی هورمز وەستاون و چاوەڕێی وەرگرتنی مۆڵەتن لە ئێرانەوە بۆ تێپەڕبوون.
​ئەمە لەکاتێکدایە کە بەریتانیا دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، فڕۆکەی جەنگی و کەشتییەکی جەنگی بەشداری لە ئەرکێکی فرەنەتەوەییدا دەکات بۆ پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز.
​لای خۆشیانەوە، هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا، چوارشەممەی ڕابردوو جەختیان کردەوە کە گروپێک لە هەڵگری فڕۆکەکان بەرەو دەریای سوور دەجووڵێن وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری هەر ئەرکێک لە داهاتوودا.
​بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، هێزەکانی فەڕەنسا ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئەم جووڵەیە لە چوارچێوەی پلانێکی فەرەنسی-بەریتانییە سەبارەت بە دابینکردنی ئاسایشی دەریاوانی لە گەرووی هورمزدا.
​لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، یەکشەممەی ڕابردوو هۆشداری دا لەوەی کە هەر جووڵەیەکی فەرەنسا و بەریتانیا لە گەرووی هورمز بە بیانووی بەهێزکردنی ئازادیی دەریاوانی، بە واتای سەربازیکردنی ڕێڕەوێکی ئاویی زیندوو دێت، ئەمەش تاران ناچار دەکات وەلامی هەبێت.