
ڕاپۆرت/ دلێر عەلی
دوای ئۆپراسیۆنە چاوەڕواننەکراوەکەی ئەمریکا بۆ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، وڵاتانی جیهان کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشی و لێدوانی دژ بەیەک. ئەم ڕووداوە نەک هەر ئەمریکای لاتینی، بەڵکو کێشە ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی گەیاندووەتە قۆناغێکی پڕ لەترس و هەستیارتر.
بەرەی ئەمریکا: "سەردەمی لێپرسینەوە دەستی پێکردووە"
وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا بە وریایییەوە پێشوازییان لەم هەنگاوە کردووە:
■ئیسرائیل: تەلئە بیب توندترین هەڵوێستی هەبووە. حکومەتی ئیسرائیل و ئۆپۆزسیۆنەکەی هاودەنگن لەوەی کە "کۆتایی مادۆرۆ دەرسێکی گرنگە بۆ تاران". بەرپرسانی ئەمنی ئیسرائیل دەڵێن ئەمە دەیسەلمێنێت کە "دەستی واشنتن دەگاتە هەموو شوێنێک".
■بەریتانیا و کەنەدا: پاڵپشتی خۆیان بۆ "سەروەری یاسا"،" گرتنی مادۆرۆ " دەربڕیوە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەبێت گەلی ڤەنزوێلا خۆیان بڕیار لە داهاتووی وڵاتەکەیان بدەن لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا.
بەرەی دژە: "شێوازی دەستوەردانی سەربازی"
ئەو وڵاتانەی وەک جەمسەری نەیاری ئەمریکا دەبینرێن، ئەم هەنگاوەیان وەک "تیرۆری دەوڵەتی" وەسف کرد:
■ڕووسیا: مۆسکۆ هۆشداری داوە کە ئەم هێرشە "پێشینەیەکی مەترسیدار" لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دروست دەکات. وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند کە واشنتن یاسا نێودەوڵەتییەکانی کردووەتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆی.
■چین: پەکین داوای دانبەخۆداگرتنی کردووە و ڕایگەیاندووە کە دژی هەر جۆرە دەستوەردانێکی سەربازیی یەکلایەنەیە و پێویستە کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن.
■ئێران: تاران بە توندی ئیدانەی ئۆپراسیۆنەکەی کردووە. میدیا فەرمییەکانی ئێران ئەمە وەک "نیشانەی دەسەڵاتخوازیی ئەمریکا" ناو دەبەن و جەخت دەکەنەوە کە هەڕەشەکانی ئیسرائیل ناتوانن ئیرادەی گەلی ئێران بپەکێنن.
کاردانەوەی ناوچەیی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"
وڵاتانی ناوچەکە بە چاوێکی پڕ لە گومانەوە دەڕواننە بارودۆخەکە:
■وڵاتانی کەنداو: زۆربەیان بێدەنگییان هەڵبژاردووە یان تەنها داوای پاراستنی سەقامگیرییان کردووە، بەڵام چاودێران دەڵێن ئەم وڵاتانە نیگەرانن لەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەرەو پێکدادانی ڕاستەوخۆ بڕوات کە کاریگەری لەسەر بازاڕی وزە هەبێت.
■تورکیا: داوای ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەلان و سەروەریی دەوڵەتانی کردووە و هۆشداری داوە لە دروستبوونی پشێوی لە ئەمریکای لاتین کە ڕەنگە کار بکاتە سەر ئاسایشی جیهانی.